عهلی باپیر
30/10/2020
578 جار خوێنراوەتەوە
بەرگریی لە پێغەمبەری خوا "صلی الله علیه وسلم" نیشانەی ئیمانەو ئەرکی هەمووانە
بەڕێزان!
بە پێویستم زانی لەم بارودۆخەدا کە باسو خواسی بێڕێزیی کردن بە پێغەمبەری کۆتایی (محمد) "صلی الله علیه وسلم" لەلایەکەوەو، بەرگریی لێکردنی لەلایەکی دیکەوە، گەرمە، ئەم بابەته لە یازدە خاڵی کورتو گوشراودا بنووسم، کە دواتریش "خوا پشتیوانبێ" لە دوو توێی کۆڕێکدا بە درێژیی دەخرێتە ڕوو، لە ڕۆژی لەدایک بوونیدا: ١٢ی ربیع الأول 1442 ک لە هۆڵی (ڕاستیی)دا، له ههولێر.
❖ یهكهم: ئازاردانی پێغەمبەرانی خوا "علیهم الصلاة والسلام" نەرێتی لە مێژینەی بێبڕوایانه:
وەک خوای بەرزو مەزن فەرموویەتی:
(وَلَقَدْ كُذِّبَتْ رُسُلٌ مِّن قَبْلِكَ فَصَبَرُوا عَلَىٰ مَا كُذِّبُوا وَأُوذُوا حَتَّىٰ أَتَاهُمْ نَصْرُنَا...) االأنعام -٣٤-، واتە: بەدڵنیایی پێش تۆش پێغەمبەرانێک "ی پایەبەرز" بە درۆ دانرانو ئازاردران، بەڵام ئەوان لەسەر بەدرۆ دانران و ئازاردران خۆیان ڕاگرت، هەتا یارمەتییمانیان بۆ هات.
ئازاردانی پێغەمبەرانیش لەلایەن دوژمنو ناحەزانیانەوە، هۆکارەکەی دیارە:
پێغەمبەران هاتوون خەڵکو کۆمەڵگایهكانیان لە تاریکیی: کوفرو شیرکو ستەمو فەساد دەربێنن، بەرەو ڕۆشنایی: ئیمانو تەنیا خوا پەرستییو دادگەرییو چاکەکارییو، ئەوانیش نەیانویستوه: ئەو واقیعەی تێیدانو پێوەی ڕاهاتوون، بگۆڕدرێ، خوای زاناو توانا لەبارەی ئامانجی دابەزێنرانی قوڕئانەوە فەرموویەتی: (الر ۚ كِتَابٌ أَنزَلْنَاهُ إِلَيْكَ لِتُخْرِجَ النَّاسَ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ بِإِذْنِ رَبِّهِمْ إِلَىٰ صِرَاطِ الْعَزِيزِ الْحَمِيدِ) ابراهیم -1-.
❖ دووهم: سەرنجێکی مێژوویی لە ئازاردرانی پێغەمبەری کۆتایی صلی الله علیه وسلم:
له شاری مهككه:
پێغەمبەری خوا (محمد) دوای دەستکردنی بە ڕاگەیاندنی پەیامی خوا دوای فەرمانی خوا: (يَا أَيُّهَا الْمُدَّثِّرُ . قُمْ فَأَنْذِرْ) المدثر -2،1-، دوژمنو ناحەزانی لە زلەزلانی خۆ سەپێنو خۆشگوزەرانی مەککەو، خەڵکە چەواشە کراوەکەیان، بە زۆر جۆر کەوتنە ئازاردانی پێغەمبەری خواو هاوەڵانی بەڕێزو دڵسۆزیو، هیچ ناو و ناتۆرەیەکی خراپ نەما، لێیهەڵنەدەن، وەک: شێت، جادووگەر، فاڵچیی، شایهر!
شایانی باسیشە هەکام لە سوورەتی (الکوثر) و (المسد) بە بۆنەی بەرگرییکردنی خوای میهرەبانەوە لە پێغەمبەرەکەی دابەزین، وەک لە سەرچاوەکانی تەفسیرو سیڕەدا هاتوە .
بۆ هۆى دابەزینى (الکوثر) بڕوانە: الإستیعاب فی بیان الأسباب، ج٣، ص٥٦٥، أخرجه النسائي في التفسیر: ٧٢٧، وابن حبان: ١٧٣١، والبزار ٢٢٩٣ وسنده صحیح، هەروەها بۆ هۆى دابەزینى (المسد) بڕوانە: هەمان سەرچاوە ج٣، ص ٥٧٥، ٥٧٦، أخرجه البخاري: ٤٩٧٣ ومسلم: ٢٠٨/ ٣٥٥، ٣٥٦.
لە شاری مەدینە:
هەروەها لەشاری مەدینەش ئازاردانی پێغەمبەری خوا "صلی الله علیه وسلم" لە لایەن مونافیقو دڵنەخۆشەکان لەلایەکەوەو، جوولەکەکان لە لایەکی دیکەوە، بەردەوام بوو، کە خوای کاربەجێ لەبارەی ئازاردانی پێغەمبەرەکەیەوە، هەڕەشەی توندی کردو فەرمووی: (إِنَّ الَّذِينَ يُؤْذُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ لَعَنَهُمُ اللَّهُ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَأَعَدَّ لَهُمْ عَذَابًا مُّهِينًا) أحزاب -57-.
هەڵبەتە دواتریش ئازاردانی پێغەمەری خاتەم لە لایەن ناحەزانیەوە لە جوولەکەو نەصڕانییو مونافیقو بتپەرستانەوە، هەر بەردهوام بووە، هەرچەندە بەردەوامیش لە نێو هەموو ئەوانەدا کەسانێکی بە ویژدانو هەقبێژ هەر هەبوون، کە بەرانبەر بە پێغەمبەری ئیسلامو ئیسلامو قوڕئان، دادگەرو هەڵوێست جوان بوون.
❖ سێیهم: بوغزێنرانی پێغەمبەر (محمد) لەبەر ئیسلامو قوڕئان بووە، نەک خۆی:
خوای پەنهانزان لەوبارەوە فەرموویەتی: (قَدْ نَعْلَمُ إِنَّهُ لَيَحْزُنُكَ الَّذِي يَقُولُونَ ۖ فَإِنَّهُمْ لَا يُكَذِّبُونَكَ وَلَٰكِنَّ الظَّالِمِينَ بِآيَاتِ اللَّهِ يَجْحَدُونَ) الأنعام -33-، واتە: بێگومان دەزانین ئەوەی دەیڵێن دڵتەنگت دەکات، بەدڵنیایی ئەوان تۆ بەدرۆ دانانێن، بەڵکو ستەمکاران نکووڵیی لە ئایەتەکانی خوا دەکەن.
❖ چوارهم: پێغەمبەرانی خوا "صلی الله علیهم وسلم" هەموویان لە ڕێزلێگيرانو بەرگرییلێکراندا یەکسانن:
مسوڵمانانی شوێنکەوتووی پێغەمبەری کۆتاییو، پەیڕەوانی کۆتا کتێبی خوا، بە یەک چاو تەماشای تێکڕای پێغەمبەرانو سەرجەم کتێبو پەیامەکانی خوا "وەک ئەسڵەکەیان" دەکەن و جیاوازییان ناخەنە نێوان، وەک خوای زاناو توانا فەرموویەتی: (آمَنَ الرَّسُولُ بِمَا أُنزِلَ إِلَيْهِ مِن رَّبِّهِ وَالْمُؤْمِنُونَ ۚ كُلٌّ آمَنَ بِاللَّهِ وَمَلَائِكَتِهِ وَكُتُبِهِ وَرُسُلِهِ لَا نُفَرِّقُ بَيْنَ أَحَدٍ مِّن رُّسُلِهِ...) البقرە -285-.
❖ پێنجهم: بێڕێزیی بەرانبەر بە سەروەرو کۆتایی پێغەمبەران (محمد) بەڵگەی بێڕێزیی یان نەزانیی خاوەنەکەیەتیو، بەسەریدا دەشکێتەوەو، هۆکاری شکۆداری زیاتری پێغەمبەرە:
بەدڵنیایی هەرکەس بێڕێزیی بەرانبەر بەپێغەمبەری کۆتایی (محمد) دەرببڕێ، یان زۆر بێڕێزو بەهایە، یان یەکجار نەزانو بێ ئاگایە، چونکە موحەممەد درەوشێنەرەوەی بەزەیی خوایە، بۆ تێکڕای مرۆڤایەتیی: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) الأنبیاء -107-.
سەرجەم ئەو بەها بەرزانەش کە جێی شانازیی مرۆڤایەتیین، وەک: ڕێزلێگرتنی مرۆڤو، دادگەرییو ئازادییو یەکسانیی، چاکەکاریی، لێبوردن...هتد.
دوای هاتنی موحەممەد "صلی الله علیه وسلم" مرۆڤایەتیی به بەرجەستە کراویی، لەسەر ئەرزی واقیع پێیان ئاشنا بوو.
❖ شهشهم: ئازادیی دەربڕینی بیروڕا، جیایە لە جنێودانو بێڕێزیی کردن بە خەڵکو هەرکەس تێکەڵیان بکات، لە ئاوی لێڵدا ڕاو دەکات:
هیچ گومانی تێدا نیە کە ئازادبوونی مرۆڤ، بە واتای ئازادبوونی نیە: چی پێخۆشبێ بیڵێو بیکات، بێ گوێدانە سنووری مافو ئازادییەکانی ئەوانی دیکە. ئەگهرنا دنیا دەبێتە ئاڵۆزییو پاشا گەردانییو، زانایان جوانیان گوتوە: ئازادیی تۆ لەو شوێنە کۆتایی دێ، کە ئازادیی ئەوانی دیکە دەست پێدەکات.
شایانی باسیشە: لە: (٢٨/١٠/٢٠١٨ز)دا (دادگای ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ) بڕیارێکی مێژوویی دەرکرد کە بێڕێزیی کردن بە موحەممەد "صلی الله علیه وسلم" لە بازنەی ئازادیی بیروڕا بەدەرە.
ئەویش بەهۆی ئەوەوە بوو کە ژنێکی نەمسایی لە ساڵی: (٢٠٠٩)زدا لە مییانەی دوو کۆڕدا، تانەی لە پێغەمبەری خوا (محمد) دابوو و گاڵتەی پێکردبوو، دادگای تاوانی ڤییەنناش لە ساڵی: (٢٠١١)زدا بە تاوانباری دەرکردو، غەڕامەی کردو، سەرەنجام دادگای تێهەڵچوونەوه (محکمة الإستئناف)ی نەمساش پشتگیریی بڕیارەکەی کردو، دواتر لە: (٢٨/١٠/٢٠٢٠)زدا (دادگای ئەورووپاش بۆ مافهکانی مرۆڤ) تەبەننیی بڕیارەکەی کرد.
خوای پەروەردگاریش بە بڕوادارانی فەرمووە: (وَلَا تَسُبُّوا الَّذِينَ يَدْعُونَ مِن دُونِ اللَّهِ...) الأنعام -107-، واته: جنێو بهوانه مهدهن كه جگه له خوا دهیانپهرستن...
❖ حهوتهم: هەرکەسێک ڕێز لە ئایینو عەقیدەو پیرۆزییەکانی خەڵک نەگرێ، پێشێلێکی زەقو ڕەقی مافو ئازادییەکانی کردوون:
بانگەشەکردنو لافلێدانی ڕێزگرتن لە مافو ئازادییەکانی خەڵک، وێڕای سووربوون لەسەر بێڕێزییکردن بە ئایینو عەقیدەو پیرۆزییەکانیان، دوو شتی پێکەوە دژو ناکۆکن، چونکە گەلێک کەس سەری لە پێناوی ئایینو عەقیدەکەیدا داناوەو، داشدەنێ، کەواتە: لافلێدانی ڕێز لەخۆی گرتنیو، بێڕێزییکردن بەوەی خۆی فیدای دەکات، پێچەوانەو دژی عەقڵو لۆژیکە!
❖ ههشتهم: ئەوەی ئێستا لە فەڕەنسا دەگوزەرێ، ئاڵقەیەکە لە زنجیرەیەکو، نەختێکە لە بارێکو، لوێچێکە لە تەغارێک:
وێڕای ئەوە کە بە درێژایی مێژوو ناحەزانی ئیسلامو پێغەمبەرەکەی (محمد) "صلی الله علیه وسلم" ئەوە عادەتیان بووە، لە مێژووی هاوچەرخیشماندا:
1- لە: (٣٠/١٠/٢٠٠٥)زدا لە دانیمارک چەند وێنەیەکی کاریکاتێرییان لە دژی پێغەمبەری خوا بڵاوکردنەوە.
2- لە ساڵی: (٢٠٠٩)زادا ئافرەتێکی نەمسایی لە بواری هاوسەرانی بەڕێزی پێغەمبەردا، لە دوو کۆڕدا قسەی ناشیرینی کردبوونو لەساڵی: (٢٠١١)زدا دادگای تاوانیی لە ڤیەننا، به (٤٨٠) یۆڕۆ غەڕامەی کرد.
3- لە: (١١/٩/٢٠١٣)زدا قەشە (جۆنز) لە ئەمریکا نەخشەی سووتاندنی سێ هەزار (٣٠٠٠) نوسخە موصحەفی دانابوو، بەڵام پۆلیس گرتیو نەیهێیشت.
4- لە ساڵی: (٢٠١٥)زدا گۆڤاری تشارلی ئیبدو هەندێک وێنەی کاریکاتێریی دژی پێغەمبەری خوا بڵاو کردنەوە.
لهبارهی فهڕهنساشهوه دهڵێم:
1- فهڕهنسا كوچكهیهك بوو له سێكوچكه (ثالوث)كهی ئیمزاكردنی پهیماننامهی شوومی (سایكس-بیكو) له ساڵی: (1916)زدا.
2- فهڕهنسا هۆكاری كوژرانی زیاتر له ملیۆنێك مسوڵمانی جهزائیریی بوو له نیوهی یهكهمی سهدهی بیستدا، لهسهر داواكردنی سهربهخۆیی!
3- فهڕهنسا له ساڵی: (1992)زدا دوای سهركهوتنی بهرهی دهربازكردن (جهة الإنقاذ) له ههڵبژاردنهكاندا، گوتی: دیموكڕاسیی له خهتهردایه له جهزائیر، چونكه دهستی ئیسلام له قۆڵیهوه هاتۆته دهر!
4- فهڕهنسا (روجیه گارۆدیی) غهڕامهكرد، لهسهر نهك نكووڵییكردن له هۆڵۆكۆستی جوولهكه، بهڵكو لهسهر ئهوهی گوتبووی شهش ملیۆن جوولهكه له هۆڵۆكۆستدا نهفهوتاون، بهڵكو دهوری (100،000) كهس بوون!
كهواته: فهڕهنسا قهیرانی زۆرنو، ماكڕۆنیش خستیه نێوقهیرانێكی دیكهوهو، ئیسلامیش بۆ چارهسهری قهیرانهكانی بهشهر هاتوهو، ئهوه مسوڵمانانی كڕچو كاڵو پهڕگیرن له قهیراندان، نهك ئیسلامو، زۆرێك له قهیرانهكانی مسوڵمانانیش له زلهێزانهوه بۆیان سازكراون!
❖ نۆیهم: با وریابین! هەبوونو نەبوونی ئیمانو ئەندازەکەی لە هەڵوێستاندا دەزانرێو، قسەو لافلێدانی ڕووتیش پارەی قەڵبەو سەربە خاوەنیەتی:
دڵسۆزانە بە هەموو لایەک دەڵێم: ئیمان بەخواو قوڕئانو پێغەمبەرو ئیسلام، لە هەڵوێستی کردەییدا دەجەڕبێنرێو، هەرکەس بێ هەڵوێست بێ، چە جای هەڵوێستی دژو پێچەوانەی ئیسلامو مسوڵمانانی هەبێ، لەسەر ئاستی حکوومەتو حیزبو ڕێکخراو و کەس، نیشانەیەکی پرسیاری گەورە دەخاتە سەر موسوڵمانەتییەکەی خۆی!
پێشینانیش گوتوویانه: (لاقی ڕهشو سپیی لهبوارێدا دهردهكهون).
❖ دهیهم: هەرکەس ماستاو بۆ زلهێزانو ئەهلی کوفر بکات: خواش لە خۆی تووڕە دەکاتو، لە لای ئەوانیش پێش خەڵکو دنیا، خۆی سووک دەکات:
لەملاولا ئاگاداری قسەی ماستاوچییانەی، یان بێدەنگیی خۆ دۆڕێنەرانەو بەزیوانەی، هەندێک کەسو لایەنین، لەبەرانبەر فەڕەنساو غەیری فەڕەنسادا، بەڵام با دڵنیابن کە ئەو بێهەڵوێستییە، یان هەڵوێست پەستییهیان، مایەی عەیبدارییو گوناهبارییانەو، بێجگە لە شەرمەزاریی هیچ بەرهەمێکی دیکە ناچننەوە، خوای کارزانیش فەرموویەتی: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَتَّخِذُوا الْكَافِرِينَ أَوْلِيَاءَ مِن دُونِ الْمُؤْمِنِينَ ۚ أَتُرِيدُونَ أَن تَجْعَلُوا لِلَّهِ عَلَيْكُمْ سُلْطَانًا مُّبِينًا . إِنَّ الْمُنَافِقِينَ فِي الدَّرْكِ الْأَسْفَلِ مِنَ النَّارِ...) النساء -145،144-.
❖ یازدهیهم: هەڵوێستی ڕاستو دروست ئەوەیە کە لە ئاستی بەرزی ئیسلامو قوڕئانو پێغەمبەری خاتەمدا بینو، وریای قسەو ڕەفتاری ناشەرعیی بێ نەزاکەت بین:
لێرەدا نامەوێ بچمە نێو وردەکاریی ڕاجیایی (إختلاف) شەرعزانان (فقهاء) لەبارەی حوکمی بابای جنێودەرو گاڵتەکەر ( ساب و مستهزيء) بە پێغەمبەری خوا (محمد) صلی الله علیه وسلم، بەڵام چەند بنەمایەکی گرنگ دەخەمە ڕوو:
1) جنێو و گاڵتە بەرانبەر بە خواو قوڕئانو پێغەمبەری خوا، کوفرە یانی: مرۆڤی مسوڵمانی پێ لە بازنەی ئیسلام دەردەچێ: (...قُلْ أَبِاللَّهِ وَآيَاتِهِ وَرَسُولِهِ كُنتُمْ تَسْتَهْزِئُونَ . لَا تَعْتَذِرُوا قَدْ كَفَرْتُم بَعْدَ إِيمَانِكُمْ...) التوبة -66،65-.
2) سزا شەرعییەکان لەلایەن قەوارەیەکی سیاسیی شەرعییەوە جێبەجێ دەکرێن، نەک هەرکەس ڕاستبۆوە بەو کارە هەڵسێو ببێتە پاشا گەردانیی (فوضی)، زانایانی ئیسلام لەسەر ئەم مەسەلەیە یەکدەنگن.
3) نە لە قوڕئاندا باسی سزادانی دنیایی جنێودەرو گاڵتەکەران بە پێغەمبەر کراوە، نە لە سوننەتی پێغەمبەریشدا، لەوبارەوە دەقێکی ڕاست (صحیح)ی ڕوون هەیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە:
لەو دەقەدا کە (مسلم: ١٨٠٧) هێناویەتی لە (سلمة بن الأكوع)ەوە کە لەبارەی بەسەرهاتی (الحدیبیة)وە دەیگێڕێتەوە، کە چوارکەس لە كافرهكان کە قسەیان بە پێغەمبەری خوا گوتوەو، ئەویش دواتر بەدیلی گرتوونو بردوونی بۆ لای پێغەمبەری خوا "صلی الله علیه وسلم"، ئەویش فەرموویەتی: (دعوهم یکن لهم بدء الفجور وثناه) ئنجا چاوپۆشی لێکردوون...
بەڵگەیەکی پتەو هەیە لەسەر ئەوەی گوتمان، چونکە ئەگەر (سلمة بن الأكوع) زانیبای حوکمی جنێودەر بە پێغەمبەر لە کافران، کوشتنە، دەیکوشتن!
ئنجا: (بدرالدین العیني) خاوهنی (عمدة القاري شرح صحيح البخاري) ج24، ص82، دواى ئهوهی باسی كوشتنی ههركام له (كعب بن الأشرف) و (أبو رافع) و (پیاوێك كه جنێوی به پێغهمبهر داوه)ى كردوه: گوتوویهتی: (الجواب في هذا كله: أنه لم يَقتلهم بِمُجرَّدِ سَبِّهم، وإنَّما كانوا عوناً علیه ویجمعون من یحاربونه).
واته: وهڵامی ئهمه ههمووی ئهوهیه كه: تهنیا لهسهر جنێودان نهیكوشتوون، بهڵكو ئهوانه دژی بوونو، كهسانێكیشیان له دژ خڕ دهردهوه، كه جهنگیان له دژ دهكرد.
ئەوەی (إبن تیمیة)ش لە کتێبی (الصارم المسلول علی شاتم الرسول)دا هێناویەتی، کە کوشتنی بابای جنێو دەرو گاڵتەکەر بە پێغەمبەری خوا "صلی الله علیه وسلم" یەکدەنگیی زانایانی لەسەرەو زۆریان دەڵێن: بە تۆبەش سزای کوشتنی لەسەر لاناچێ! قسەیەکی زێدەڕۆیی تێدا کراوەو، ڕواڵەتی ئایەتەکانی قوڕئانو دەقەکانی سوننەتیش پێچەوانەینی.
ئنجا گریمان کەسێک ڕایەکەی (إبن تیمیة)شی پێ ڕاست بێ، دیسان بواری کوشتنی ئەو جۆرە کەسانە هەر نیە، چونکە بەبێ هەبوونی قەوارەی سیاسیی سزا شەرعییەکان جێبەجێ ناکرێن.
بهڵام بێگومان سزای قیامهتیی جنێودان بهپێغهمبهری خواو، گاڵته پێكردنی یهكجار سهخته: نهفرینی خواو ئازاری بهئێشو ڕیسواكهر:
(إِنَّ الَّذِينَ يُؤْذُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ لَعَنَهُمُ اللَّهُ فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ وَأَعَدَّ لَهُمْ عَذَابًا مُّهِينًا) الأحزاب -57-.
❖ لەکۆتاییدا دەڵێم:
یهك: لەم ڕۆژگارەدا ئەرکو کاری گەورەو گرنگی ئێمەی مسوڵمانی شوێنکەوتووانی موحەممەد "صلی الله علیه وسلم" ئەوەیە کە هەرچی زیاترو چاکتر، پێغەمبەری خواو ڕێبازەکەی، وەک خۆیان بناسێنین، لە میانی:
أ- ڕێکو ڕاستو ساغ دینداریی کردنمان، لەسەر ئاستی تاکو خێزانو کۆمەڵگا.
ب- ناساندنی پێغەمبەری خواو ڕێبازەکەی، بە سەرجەم ئەو گەلو کۆمەڵگایانەی پێی نائاشنان بهزمانهكانی خۆیانو، دڵنیاش بین زۆربەیان ئەگەر وەک ئێمە بیناسین، وەك ئێمەش خۆشیان دەوێو ڕێزی دەگرن.
دوو: دەبێ بشزانین نە هەموو فەڕەنسا ماکڕۆنەو، نە هەموو ئەورووپاو ڕۆژئاواش یەک شتە، پێویستە هەمیشە خۆمان لە گشتاندن (تعمیم) بپارێزینو، خەڵک بەپێی نێوەڕۆکیانو هەڵوێستیان پۆلێن (تصنیف) بکەین، نهك شوێنی جوگڕافییو ئینتیمای فیكرییو ئایینییان.
سێ: ناوی موحەممەد کۆتا پێغەمبەری خواو سەروەریان صلی الله علیه وسلم، هەمیشەو بەردەوام بەرزو باڵا دەبێ، چونکە ئایینو كتێبهکەی کۆتا پەیامی خوایە بۆ بەشەرو، خواش پێی فەرمووە: ( وَرَفَعْنَا لَكَ ذِكْرَكَ) الإنشراح -4-.
بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە وابین، خاڵی بۆ تۆمار بکەینو، ببینە هۆی هەرچی زیاتر ڕاست ناسێنرانی ئایینی تێرو تهواوی خواو، موحهممهد "صلى الله عليه وسلم" خۆیو ڕێبازه ڕاستو هاوسهنگهكهی، لهمیانی قسهو وتارو ئاكارو ههڵوێستهكانماندا.
عهلی باپــیـر
٢٩/١٠/٢٠٢٠ز
١٢/ربیع الأول/١٤٤٢کـ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهلی باپیر