عهلی باپیر
15/10/2025
253 جار خوێنراوەتەوە
لافاوی ئەقصا و پەندەکانی
﴿وَلَنَبلُوَنَّكُم حَتَّىٰ نَعلَمَ ٱلمُجَٰهِدِينَ مِنكُم وَٱلصَّٰبِرِينَ وَنَبلُوَاْ أَخبَارَكُم﴾ محمد: ٣١.
تۆفانی ئەقصا کە لە ڕۆژی: (٧-١٠-٢٠٢٣ز)ـدا بەڕێوە چوو، واتە: ڕێک دوو ساڵ و هەشت ڕۆژ لەمەوبەر، كه کەتیبەکانی (عزالدین القسام) باڵی سەربازيی حەماس نەخشەیان بۆ دانا، دواتریش بزووتنەوەی جیهادیش بەشدار بوو، سهرهنجامیش به نێوهندگیريی ئهمریكا و توركیا و میسڕ و قهتهڕ، جهنگهكه وهستێنرا له (10/10/2025ز) یەکێک بوو لە گرنگترین ڕووداوەکانی ئەم سەدەیە و، بەنسبەت مسوڵمانانەوە وهرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی بوو، زۆرترین کاریگەریی و شوێنەواری ئەرێنییش لەسەریان جێ دەهێڵێ، ئێستا و له داهاتووش دا.
ئەو ڕووداوە پەند و عیبڕەتی زۆری لێ وەردەگیرێن و، ئەمانە بەشێکیانن:
١- ئەو ڕووداوە كاردانهوهی داگیركاریی و ستهم و دهستدرێژیی ههمهجۆری قهوارهی زایۆنیی بوو له (75) ساڵی ڕابردوودا – لهكاتی دهستپێك 1948ز دا - بۆیه ئهوانهی ڕهخنهی لێدهگرن كهسانێكی بێ ئاگان لهو واقیعه دژوار و پڕمهینهتییهی خهڵكی فهلهسطین، بهڵێ ئهو ڕووداوه لەکاتێکدا بوو کە دۆزی فەلەستین لەوپەڕی پشتگوێخران و لەبیرکراندا بوو، قەوارەی زایۆنیی بەتەما بوو کارێک بکات شتێک بەناوی کێشەی فەلەستین نەهێڵێت!
٢- ئەو ڕووداوە لەگەرمەی بوغڕایی زایۆنیستەکاندا بوو، هەروەها لەوپەڕی سەرشۆڕیی و خۆبەدەستەوەدانی دەوڵەتۆکە مسوڵماننشینەکاندا بوو، کە سەرەیان گرتبوو بۆ ئاساییکردنەوە (تطبیع) لەگەڵ قەوارەی زایۆنییدا لەژێر پەردەی ڕێککەوتنی ئیبڕاهیمییدا، کە دەمامکێکی زانراوی قەوارەی زایۆنیی و ڕژێمە خۆبەدەستەوەدەرەکانە، بەردەوامیش ئهمریكا خەریکی دادۆشینیانە!
٣- لافاوی ئەقصا سەرجەم خەون و خەیاڵەکانی قەوارەی زایۆنیی، وەک: لە نیلەوە تاکوو فوڕات، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تازە، ڕێککەوتنی ئیبڕاهیمی و … هتدی، کردنە بڵقی سەرئاو و، کێشەی فەڵەستینیشی کردەوە گەرمترین بابەتی سەر مێزەکانی گفتوگۆی دەوڵەتان.
٤-- لافاوی ئەقصا دەریخست کە ئاشتی زەلیلانە لەگەڵ جوولەکەدا، بەتایبەت ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ (١٩٩٣ز) کە دەسەڵاتی فەلەستینی (السلطة الفلسطینیة) واژۆی کردبوو، جگە لە زەبوونیی و ژێردەستەیی زیاتر هیچ بەرهەمێکی نەبوو بۆ خەڵکی فهلەستین.
٥- هەرچەندە جەنگی لافاوی ئەقصا تێچوویەکی زۆری هەبوو، (67،075) کوژراو خوا بە شەهیدی وەرگرتبن و (169،430) بریندار و کەمئەندام، ههروهها وێرانبوونی ٪٩٠ زیاتری خانووبەرەی کەرتی غەززە، بەڵام هەرگیز ئازادی و بەرگرییکردن بهبێ قوربانییدان و زیانباریی نابێت و نەبووە، دوژمنیش زیانی بێڕەزای پێکەوتووە، ئەو کەسانەش کە بەهۆی زیانە گیانیی و ماددییەکانەوە ڕەخنە لە لافاوی ئەقصا دەگرن، جێگای بەزەیی و پەرۆشن و، تەنیا بە عەقڵیی بازرگانیی بۆ بابەتەکە دەڕوانن، ئەگەر ڕاست بکەن و مەبەستیان ماستاوکردن بۆ ڕژێمە میراتیی و دیکتاتۆر و بنەماڵەییەکان نەبێت!
٦- لافاوی ئەقصا زەبرێکی گورچکبڕ بوو بۆ قەوارەی زایۆنیی و، هەرگیز ئەو قەوارەیە ناگەڕێتەوه بۆ دۆخی پێش لافاوی ئەقصا، بگرە پێشبینیی دەکەم -پێشتریش گوتوومە- ئەو ڕووداوه پێشەکیی و زەمینەخۆشکەری کۆتاییپێهێنانی ئەو قەوارەیە!
٧- زیانەکانی قەواری زایۆنیی زەحمەتە بەئاسانیی سەرژمێر بکرێن و ئهمانه زهقترینیانن:
أ- شکاندنی شکۆی قەوارەی زایۆنیی و پوچهڵكردنهوهی تهلیسمی سوپای لەشکان نەهاتوو!
ب- کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەر و سەرباز و کارمەندانی هەواڵگریی و … هتد.
ج- زیانی پتر لە (١٥٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد و پەنجا ملیار دۆلار.
د- کەوتنە ژێر نیشانەی پرسیاری قەوارەی زایۆنیی، لە ڕووی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێودەوڵەتییەوە، ههروهها لووتشکانی نەتەنیاهۆ لە کۆبوونەوەی (27/9/2025ز) نەتەوە یەکگرتووەکاندا، کە ژمارەیەکی زۆری بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لەکاتی وتەی ویدا چۆڵیان کرد.
هـ- زیادبوونی گۆشەگیریی ڕژێمی زایۆنیی و، زیادبوونی پشتگیریی بۆ فهلەستینییەکان و بوونی دەوڵەتی فەلەستین.
و- قەوارەی زایۆنیی هیچ کام لە ئامانجەکانی نەهێنانە دی:
یەکەم: بە جەنگ دیلەکانی بەرنەدان، بەڵکو وەک موجاهیدان گوتیان: بە ڕێککەوتن!
دووەم: نەیتوانی بە جەنگ حەماس و جیهاد لەبەین بەرێت.
سێیەم: نەیتوانی بە ترس و تۆقاندن فەلەستینییەکان ناچار بکات زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.
8- قهوارهی زایۆنیی له ئهنجامی تۆفانی ئهقصادا، مهرگی ڕهوایهتیی بیرۆكه زایۆنیزمییهكهی ڕاگهیهنرا.
9- موجاهیدەکانی حەماس و جیهاد سەرکەوتنە ئەخلاقیی و ڕەوشتبەرزییەکەیان، لە سەرکەوتن و فیداکارییه سەربازییەکەیان کەمتر نەبوو، سەری مسوڵمانانیان لەو ڕووەشەوە لەلای دۆست و دوژمن بەرزتر کرد.
10- هەموو ئەوانەی بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان هاوكار و پشتگیری مسوڵمانانی کەرتی غەززە و فەلەستین بوون، سەربەرزیی دونیا و قیامەتیان دەستەبەر کرد، ئەوانی دیکەش جگە لە سەرشۆڕییان نەچنیەوە، گوتراویشە: (عند الإمتحان یکرم المرء أو یهان)، واتە: لە تاقیکرانەوەدا مرۆڤ ڕێزی لێ دەگیرێت، یان ڕیسوا دەکرێت، خوای باڵادەست و کاربەجێش فەرموویەتی: ﴿وَلَو يَشَآءُ ٱللَّهُ لَٱنتَصَرَ مِنهُم وَلَٰكِن لِّيَبلُوَاْ بَعضَكُم بِبَعضٖ﴾ محمد-٤- واته: ئهگهر خوا ویستبای تۆڵهی لێدهستاندن، بهڵام تاكوو بهیهكدییتان تاقی بكاتهوه.
عەلی باپیر
٢٣- ربیع الثانی ١٤٤٧ ک
١٥-١٠-٢٠٢٥ ز
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهلی باپیر