4 کاتژمێر پێش ئێستا
139 جار خوێنراوەتەوە
سوودان.. لەكاتی نوێژدا هێرش كرایە سەر مزگەوتێك و 75 كەس كوژران
پەیام
لە كاتی نوێژی بەیانیدا و بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرش كرایە سەر مزگەوتێكی سوودان و لەئەنجامدا زیاتر لە 70 نوێژخوێن شەهید بوون.
هێزەكانی پشتیوانیی خێراقی سوودان كە زیاتر لە دوو ساڵە لەگەڵ سوپای سوودان لە شەڕدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ و لەكاتی نوێژی بەیانیدا، بە فرۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كردووەتە سەر مزگەوتێك لە شاری فاشیر لە پارێزگای باكووری دارفوور، بە هۆیەوە 70 هاووڵاتیی مەدەنی كە نوێژخوێنی مزگەوتەكە بوون، كوژراون.
لای خۆیەوە، ئاژانسی فرانس پرێس باسی لەوە كردووە مزگەوتەكە لەنێو كەمپێكی ئاوارەكاندا بووە لە دارفوور، ژمارەی شەهیدەكانیش 75 كەس بوون.
فاشیر گەورەترین شاری هەرێمی دارفووری سوودانە كە خەڵكەكەی نەچوونەتە ژێر باری كۆنتڕۆڵی میلیشیاكانی پشتیوانیی خێراوە كە هێزێكی سەربازییە و لەلایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەكرێت، بەو هۆیەشەوە ئەو هێزانە بۆردومانیان دەكەن.
وڵاتی سوودان لە مانگی نیسانی ساڵی 2023ـەوە شەڕی نێوخۆ لەنێوان سوپای سوودان و هێزەكانی پشتیوانیی خێرا هەڵگیرساوە، تا ئێستاش دەیان هەزار كەس كوژراون و زیاتر لە 13 ملیۆن كەس لە شوێنی خۆیان ئاوارە بوون. نەتەوەیەكگرتووەكانیش دەڵێت: بەهۆی بێكاری و نەبوونی خۆراكەوە چەند ناوچەیەكی سوودان تووشی برسێتی بوون و قەیرانی قورسی مرۆیی ڕوویداوە.
ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ڕایشیگەیاندووە: لە سەرەتای ئەمساڵەوە سێ هەزار و 384 هاووڵاتی لە شەڕ و ململانێكانی سووداندا كوژراون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە