3 کاتژمێر پێش ئێستا
87 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی بەرگری: بۆردومانکردنی بنکەی تەندروستی حەبانییە پێشێلکارییەکی مەترسیدارە و بێ وەڵام نابێت
لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بنکەی تەندروستی و بەشی ئاوەدانکردنەوەی سەربازیی حەبانییە لە باشووری عێراق، ٧ کوژراو و ١٣ بریندار لە ڕیزەکانی سوپای عێراق کەوتنەوە؛ وەزارەتی بەرگریش هێرشەکە بە تاوانێکی جەنگی و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناودەبات.
لە کاتژمێر ٩: ٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٦، بنکەی تەندروستی سەربازیی حەبانییە و بەشی ئیشغالی سەربازیی سەر بە فەرماندەیی حەبانییە، کەوتنە بەر هێرشێکی ئاسمانی توند. بەپێی بەیاننامەی فەرمی وەزارەتی بەرگری، هێرشەکە تەنها بە بۆردومانی فڕۆکە نەوەستاوە، بەڵکو دوای هێرشە ئاسمانییەکە، بە تۆپی فڕۆکە شوێنەکە دراوەتە بەر دەستڕێژ، کە بووەتە هۆی کوژرانی ٧ سەرباز و برینداربوونی ١٣ی دیکە، لە کاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری تا ئێستاش لەناو داروپەردووی شوێنەکەدا بەدوای قوربانییانی دیکە دەگەڕێن.
وەزارەتی بەرگری ئەم هێرشەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرا و مەترسیدار" بۆ سەر هەموو یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد، کە پارێزبەندییان بەخشیوە بە دامەزراوە تەندروستییەکان و کارمەندەکانیان. لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بەئامانجگرتنی بنکەیەکی پزیشکی کە ئەرکی مرۆیی و ڕزگارکردنی ژیانی شەڕکەرانی لەسەر شانە، تاوانێکی قێزەونە و بە هیچ پێوەرێک پاساو هەڵناگرێت.
لە بەشێکی دیکەی کاردانەوەکەیدا، وەزارەتی بەرگری عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە "پەلامارە ترسنۆکانە" نابێتە ڕێگر لەبەردەم کارمەندەکانیان بۆ ئەنجامدانی ئەرکە نیشتمانییەکانیان، بەڵکو ورە و پێداگرییان بۆ خزمەتکردنی نیشتمان زیاتر دەکات. ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەم هێرشە نەک هەر زیانی گیانی و ماددی گەورەی گەیاندووە، بەڵکو سوکایەتیکردنە بەو پیرۆزییە مرۆییانەی کە لە کاتی ململانێکاندا دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت.
لەکۆتاییدا، وەزارەتی بەرگری دووپاتی کردەوە کە مافی تەواوی خۆیان دەپارێزن بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێکارە پێویستەکان بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارە یاساییە پەسەندکراوانەی کە لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا هەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە