2 کاتژمێر پێش ئێستا
131 جار خوێنراوەتەوە
تڕەمپ لە بڕیارى وێرانکردن پاشەکشەی کرد؛ مۆڵەتێکی دوو هەفتەیی دا بە تاران
لە دواساتەکانی کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەی بۆ هێرشی گشتگیر، دۆناڵد تڕەمپ بە ناوبژیوانیی پاکستان بڕیاری ڕاگرتنی کاتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند، ئەمەش بەرامبەر مەرجی دەستبەجێ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا.
تەنیا ٩٠ خولەک مابوو بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی وێرانکەر کە تڕەمپ پێشتر بە "لەناوبردنی شارستانیەتێک" ناوی بردبوو، ناوبراو لە بڕیارێکی کتوپڕدا پاشەکشەی کرد و هێرشەکانى ڕاگرت. ئەم هەنگاوەی کۆشکی سپی دوای زنجیرەیەک پەیوەندیی چڕی دیپلۆماسی هات کە تێیدا ئیسلام ئاباد ڕۆڵی فریادڕەسی گێڕا بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی بارودۆخی ناوچەکە.
تڕەمپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ەوە وردەکاریی بڕیارەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کە دوای گفتوگۆ لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، ڕەزامەندی داوە لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە. بەڵام ئەم ئاگربەستە کاتییە بێ مەرج نییە؛ تڕەمپ جەختی کردووەتەوە کە دەبێت تاران بە شێوەیەکی "دەستبەجێ، تەواوەتی و ئارام" گەرووی هورمز بکاتەوە، کە شا دەماری وزەی جیهانییە.
بەپێى لێکتێگەیشتنەکان ناوچەکە بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ لەناو دۆخێکی "چاوەڕوانیی پڕ لە دڵەڕاوکێ" دا دەمێنێتەوە و بۆردومان و هێرشەکان ڕادەگیردرێن و گەرووی هورمز دەکرێتەوە، لەو ماوەیەشدا دانووستانی چڕ دەکرێت بۆ ئەوەى جەنگ بە تەواوەتى ڕابگیردرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە