2 کاتژمێر پێش ئێستا
388 جار خوێنراوەتەوە
وردەكاری برینداربوونی موجتەبا خامنەیی و كوژرانی هاوسەرەكەی ئاشكرا كرا
پەیام
بەرپرسێكی باڵای ئێرانی وردەكاریی برینداربوونی ڕێبەری نوێی وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات و جەختی لە چاكبوونەوە و تەندروستی تەواوی ڕێبەرەكەیش كردەوە.
مەزاهیر حسێنی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێوڕەسمەكان لە نووسینگەی ڕێبەری ئێران، لە كاتی ئامادەبوونی لە گردبوونەوەیەكی دژە جەنگ لە تاران ڕایگەیاند: لە هێرشەكانی 28ی شوباتدا، موجتەبا خامنەیی بەهۆی شەپۆلی تەقینەوەیەكەوە لە پشت و ئەژنۆیدا دووچاری كوتران و شینبوونەوە هات، بەڵام ئێستا تەندروستی جێگیرە و زۆربەی برینەكانی چاك بوونەتەوە.
ناوبراو دەڵێت: ڕۆژی ڕووداوەكە لە نووسینگەكەم بووم، ئەو شوێنەی بەئامانج گیرا نزیكەی 30 مەتر لە ئێمەوە و 70 بۆ 80 مەتریش لە شوێنی كاركردنی ڕێبەرەوە دوور بووە.
ئەو دەڵێ: ئەو شوێنەی موجتەبا خامنەیی بە ئاسایی وانەی تێدا دەوتەوە خاپوور كرا، بەڵام ئەو لەوێ نەبوو، لیوا شیرازی بەرپرسی نوسینگەی سەربازی ڕێبەری پێشوو تیرۆر كرا.
حسێنی دەڵێت: دواتر ماڵەكەی موجتەبا خامنەیی كرایە ئامانج، بەهۆیەوە هاوسەری موجتەبا خامنەیی و زاوای خامنەیی باوكیش تیرۆر كران.
بە پێی قسەی حسێنی "لە كاتی ڕاكردنی بەرەو خانووە بەئامانجگیراوەكە، موجتەبا خامنەیی بەهۆی شەپۆلی تەقینەوەكەوە كەوتووە بە زەویدا و برینەكان بەو هۆیەوە دروست بوون".
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێوڕەسمەكان لە نووسینگەی ڕێبەری ئێران دەنگۆی برینداربوونی نێوچەوانی خامنەیی كوڕی ڕەت كردەوە و وتی تەنها برینێكی بچووكە لە پشت گوێی و بە مێزەرەكەی داپۆشراوە.
وتیشی: دەرنەكەوتنی ڕێبەری باڵا بۆ پاراستنییەتی، بەڵام بە دڵنیایی لە كاتی گونجاودا لەگەڵ هەمووان قسە دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە