1 کاتژمێر پێش ئێستا
117 جار خوێنراوەتەوە
گرتنى سەركردەیەكی حیزبوڵڵای عێراقی و گواستنەوەى بۆ ئەمریكا ڕاگەیەندرا
پەیام
ئەمریكا دەستگیركردنی محەمەد باقر ساعدی سەركردەی حیزبوڵڵای عێراقی بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرش لە ئەمریكا و كەنەدا و ئەورووپا و لەنێویاندا هێرشكردنە سەر شوێنی جولەكەكان ڕاگەیاند.
كاش باتیل، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمریكا ڕایگەیاند: ساعدی ئامانجێكی زۆر بە بەهایە و بەرپرسە لە كردەوەی تیرۆریستی لەسەر ئاستی جیهانی.
باتیل ڕایگەیاند: یەكەكانی تاكتیك و دەستەبژێری (ئێف بی ئای) لەگەڵ چەندین هاوبەش لە دەزگای ئەمنییەكان لە دەرەوەی وڵات لە دەستگیركردنی ساعدی و گواستنەوەی بۆ ئەمریكا بەشدار بوون.
بەڕێوەبەری نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمریكا لە دۆسیەی دەستگیركردنی سەركردەكەی حزبوڵڵای عێراقیدا ستایشی تۆم باراك باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیای كرد و ڕایگەیاند: ڕۆڵی سەرەكی لە پڕۆسەكەدا بینیوە.
وەزارەتی دادی ئەمریكا بە بێ ڕوونكردنەوەی شوێن و كاتی دەستگیركردنی، بڵاوی كردەوە "محەمەد باقر ساعدی 32 ساڵ گواستراوەتەوە بۆ ئەمریكا و ڕووبەڕووی دادوەری فیدڕاڵی لە نیویۆرك كراوەتەوە و بە فەرمی شەش تۆمەتی لەبارەی چالاكی تیرۆریستییەوە ئاڕاستە كراوە و دەستبەسەر كراوە".
بە پێی ئەوەی بەرپرسانی ئەمریكا ڕایانگەیاندووە "ساعدی و هاوبەشەكانی لە بەرانبەر هێرشەكانی ئەمریكا و قەوارەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28 شوباتی ئەمساڵدا، پلان و هەماهەنگی و هەروەها بەرپرسیارێتییان لە 18 هێرش لە ئەورووپا و دوو هێرشیش لە كەنەدا ڕاگەیاندووە".
لە لایەكی دیكەوە و لە گرتەیەكی ڤیدیۆییشدا كە دوابەدوای دەستگیركردنی بڵاو كراوەتەوە، ئەو سەركردەیەكی حزبوڵڵای عێراقی لەگەڵ دایكی قسە دەكات و داوای ئارامگری و خۆگریی لێ دەكات و دەڵێ: بە هێزبە و ئارام بگرە، ئێمە هیچ كەس تێكمانناشكێنێت، مادام لەسەر حەق بین بەلامانەوە گرنگ نییە.
حزبوڵڵای عێراقی كە بەردەوام بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشی درۆن و مووشەك بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگەیەنێت، لە لایەن ئەمریكاوە لە لیستی تیرۆردایە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە