1 کاتژمێر پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
بەغداد وەزارەتێكی نوێ بۆ یەكخستنی حەشد و پێشمەرگە دادەمەزرێنێت
پەیام
هاوكات لەگەڵ ئاشكرابوونی پلانێكی ئەمریكا بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكان و ڕێكخستنەوەی هێزەكان، بەغداد پڕۆژەی دامەزراندنی "وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی" بۆ یەكخستنی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و پۆلیس تاوتوێ دەكات.
ڕۆژنامەی "العربی الجدید" ئاماژەی بەوە كردووە، ئەم وەزارەتە نوێیە حەشدی شەعبی، پێشمەرگە، پۆلیسی فیدراڵی و فیرقەی وەڵامدانەوەی خێرا لە چوارچێوەی یەك پێكهاتەی فەرمیدا كۆ دەكاتەوە، تاوەكو كۆتایی بەو فرەیی و پەرشوبڵاوییە ئەمنییە بهێنرێت كە لە دوای 2003وە لە عێراقدا بوونی هەیە.
هاوكات، ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت " بڵاوی كردووەتەوە كە واشنتن پلانێكی قۆناغ بە قۆناغی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حەشد داڕشتووە، كە بە كێشانەوەی چەكە قورسەكان و دوورخستنەوەی هەندێك فەرماندە دەستپێدەكات، تا ئەو كاتەی ئەفسەرانی پسپۆڕ و پیشەگەر جڵەوی ئیداری و ئەمنی دەستەكە دەگرنە دەست بە مەبەستی مەدەنییانەكردنی ئەو دامەزراوەیە.
لە بەرانبەر ئەم فشارانەدا، حكومەتەكەی عەلی زەیدی هەوڵ دەدات لە نێوان داواكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ سنوورداركردنی چەك لە دەستی دەوڵەت و دووركەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان، هاوسەنگییەكی ورد بپارێزێت تاوەكو سەقامگیری وڵاتەكە ڕووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە