2 کاتژمێر پێش ئێستا
51 جار خوێنراوەتەوە
پزیشكیان: ئێران بۆ دیپلۆماسی و جەنگیش ئامادەیە و ناکەوێتە ژێر گوشارەوە
پەیام
سەرۆككۆماری ئێران پشتیوانی و پابەندی وڵاتەكەی بە یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریكا دووپات كردەوە و ڕایشیگەیاند: پێداگریی لەسەر شەڕ ئەوەیە كە ئیسرائیل دەیەوێت.
لە دیدارێكی تەلەفزیۆنییدا، مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران جەختی لەسەر جێبەجێكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریكا كردەوە كە لە 14ی حوزەیرانی ڕابردوو لەگەڵ ئەمریكا واژوویان كرد و ڕایگەیاند: بە هەموو هێزمانەوە بەرگری لەو ڕێككەوتنە دەكەین.
ئەو وتیشی: هەندێك كەس بەردەوام پێداگریی لەسەر شەڕ دەكەن، بەڵام ئەگەر بتوانین مافەكانمان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بەدەست بهێنین، بۆچی بچینە سەر ئەو ڕێگەیەی ئیسرائیل دەیەوێت؟!.
لە بەشێكی دیكەی قسەکانیدا، سەرۆككۆماری ئێران ئاماژەی بەوە كرد "ئێران بۆ دیپلۆماسی و جەنگیش ئامادەیە، بەڵام هەرگیز لەژێر گوشاردا خۆی ڕادەست ناكات".
سەبارەت بە دەنگۆی بوونی ناكۆكی لە نێوخۆ، پزیشكیان ڕەتی كردەوە هیچ جیاوازییەك لە نێوان حكومەت و هێزە ئەمنییەكاندا هەبێت، ڕایشیگەیاند: بڕیاری پابەندبوون بە یاداشتەكەوە لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و بە ڕەزامەندی هەموو لایەك دراوە.
لە لایەكی دیكەوە، باسی لەوە كرد كە ئێران نیازی نییە هێرش بكاتە سەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵام وەڵامی هەر هێرشێك دەداتەوە كە لە خاكی هەر وڵاتێكەوە بكرێتە سەری.
پزیشكیان ئیسرائیلی بە هەوڵدان بۆ خۆشكردنی ئاگری شەڕ لە ناوچەكە تۆمەتبار كرد و جەختیشی كردەوە كە ئێران، وڵاتانی كەنداو بە "برا" دەبینێت و ڕێگری لە هەر تێكدانێكی پەیوەندییەكانیان دەكات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە