2 کاتژمێر پێش ئێستا
152 جار خوێنراوەتەوە
لە بەغداد بەرپرسێک دەستگیرکرا و لە دیوانیەش تۆڕێكی ساختەكاری هەڵوەشێنرایەوە
پەیام
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی تۆڕێكی ساختەكاری لە دیوانیە هەڵوەشاندەوە و بریكارێكی وەزارەتی كارەباش لە بەغدا دەستگیر كرا.
ئەمڕۆ هەینی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاند كە تۆڕێكی گەورەی ساختەكاری و دامەزراندنی وەهمییان لە پارێزگای دیوانیە هەڵوەشاندووەتەوە، تۆڕەكە لە 11 تۆمەتبار پێكهاتوون كە هەندێكیان پۆستی گرنگیان هەیە، بڕی پێنج هەزار دۆلاریان لە هاووڵاتیان وەرگرتووە بەرامبەر بەڵێنی دامەزراندنی ساختە.
ئاشكرابوونی ئەم گروپە دوای دۆزینەوەی نووسراوێكی ساختەی پارێزگا بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە هات، كە دواتر بووە هۆی دەستگیركردنی سەرجەم ئەندامانی باندەكە و دەستبەسەرداگرتنی چەندین مۆر و نووسراوی ساختە كە بۆ فێڵكردن بەكاریان هێنابوو.
لە لایەكی دیكەوە، سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایان كرد كە هێزێكی سەر بە دەستەی دەسپاكی، "خالید غەزای عەتیە" بریكاری وەزارەتی كارەبایان بۆ كاروباری گواستنەوە و دابەشكردن دەستگیر كردووە.
هەرچەندە تاكو ئێستا وردەكاریی فەرمی دەربارەی تۆمەتەكانی سەر ئەو بەرپرسە باڵایە بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام دەستگیركردنەكەی لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا دێت.
ئێستا سەرجەم تۆمەتبارانی هەردوو كەیسەكە بەپێی بڕیاری دادوەر ڕاگیراون بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە