58 خولەک پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
ئێران كردنەوەی گەرووی هورمز بە جێبەجێكردنی پابەندییەكانی ئەمریكا دەبەستێتەوە
پەیام
سەرۆككۆماری ئێران كردنەوەی گەرووی هورمزی بە پابەندبوونی ئەمریكا بە یاداشتنامەی واژووكراوی پاكستانەوە بەستەوە.
مەسعوود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران، لە وتارێكی تەلەفزیۆنیدا كە لە ڕێگەی میدیا فەڕمییەكانی وڵاتەكەیەوە پەخش كرا، ڕایگەیاند: كردنەوەی گەرووی هورمز مەرجدارە بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی ئەمریكا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنی "ئیسلامئاباد" كە لە 17ی حوزەیرانی ڕابردوو واژوو كراوە.
پزیشكیان ئاماژەی بەوە كرد كە نەخشەڕێگایەك بۆ ئەم مەبەستە ئامادە كراوە و لەلایەن موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵا و سوپای پاسداران و هێزە سەربازییەكانەوە پەسەند كراوە.
سەرۆكی ئێران جەختی كردەوە "دەبێت واشنتۆن گەمارۆ دەریاییەكان هەڵبگرێت، داراییە بلۆكەكراوەكانی ئێران ئازاد بكات و فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی لە لوبنان".
پزیشكیان دووپاتی كردەوە كە تەنها پابەندبوونی لایەنی ئەمریكی بە چوارچێوە دیارییكراوەكان دەبێتە هۆی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی كردنەوەی ئەو گەرووە ستراتیژییە.
ئەم لێدوانانەی سەرۆككۆماری ئێران دوای ئەوە دێن كە ڕۆژی سێشەممە عومان و ئێران گەیشتنە ڕێككەوتنێكی بەرایی بۆ دروستكردنی ڕێڕەوێكی دەریایی هاوبەش و كاتیی لە گەرووی هورمزدا كە یەكێكە لە گرنگترین ڕێڕەوەكانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە