52 خولەک پێش ئێستا
85 جار خوێنراوەتەوە
لە یەمەنەوە هێرش کرایە سەر چوار شاری سعودییە
پەیام
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی و مووشەکیی حووسییەکان بۆ سەر چوار شاری باشووری سعوودیە، ٧٣ کەسی سڤیل بریندار بوون و پێکدادانەکانی یەمەنیش چوونەتە قۆناغێکی سەختترەوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی سعوودیە، هێرشەکان شارەکانی ئەبها، خەمیس موشەیت، جازان و نەجرانیان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ٧٣ هاووڵاتیی مەدەنی بریندار بوون، کە ژن و منداڵ لەنێویاندان. لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "سەرجەم ڕێوشوێنە پێویستەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی حووسییەکان و پاراستنی سەروەریی شانشینەکە دەگیرێنە بەر".
لەلایەکی دیکەوە، گرووپی حووسییەکان ڕۆژی سێشەممە بەرپرسیارێتیی خۆیان لە بۆردومانکردنی باشووری سعوودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ڕاگەیاند. ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یەمەن توندترین شەڕ و پێکدادانی بەخۆوە بینیوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە ڕۆژی پێنجشەممەوە حووسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە، هێرشێکی وشکانییان دەست پێکرد کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر ناوچە کەناراوییەکانی دەریای سوور و دەوروبەری تەعز.
ئامانجی ئەم جووڵەیەی حووسییەکان، پێشڕەویکردنە بەرەو ئەو ناوچانەی کە هاوسنوورن لەگەڵ گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب و لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکوومەتدان. لە ئاکامی ئەم شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوانەی نێوان حووسییەکان و هێزەکانی حکوومەتی یەمەن لە چەندین شاری ئەو وڵاتە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس لە هەردوو لا کوژراو و بریندار بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە