2 کاتژمێر پێش ئێستا
130 جار خوێنراوەتەوە
کۆشکی سپی سێ دەزگای میدیایی قەدەغە دەکات و کەیسەکە دەچێتە دادگا
کۆشکی سپی بڕیاری دۆناڵد ترامپی بۆ ڕێگریکردن لە پەیامنێرانی «سی ئێن ئێن»، «ئێم ئێس ناو» و «پۆلیتیکۆ» جێبەجێ کرد، هاوکات ئەو سێ دەزگایەش ئامادەکاری دەکەن لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار بکەن.
جێبەجێکردنی بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو دەزگایانەی بە بڵاوکردنەوەی «هەواڵی ساختە، خەیاڵ و درۆ» تۆمەتبار کرد و هۆشداری دا کە بڕیارەکە دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا، ئاکایلا گاردنەر پەیامنێری کەناڵی «ئێم ئێس ناو» لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە لە بازگەی پشکنین باجی چوونەژوورەوەکەی لێسەنراوەتەوە، هاوکات بێتسی کلاین لە تۆڕی «سی ئێن ئێن» و شیان هاسلێت لە ڕۆژنامەی «پۆلیتیکۆ» لە ڕاگەیاندراوی جیاوازدا دووپاتیان کردەوە کە لەلایەن پاسەوانانی کۆشکی سپییەوە ڕێگرییان لێکراوە و مۆڵەتی ڕۆژنامەوانییان لێ وەرگیراوەتەوە.
لەبەرانبەردا، دەزگا میدیاییەکان بە توندی دژی ئەم هەنگاوە وەستانەوە؛ تۆڕی «ئێم ئێس ناو» لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند «کۆشکی سپی موڵکی گەلی ئەمریکایە»، هاوکات کەناڵی «سی ئێن ئێن» لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە کە مافی دەستووریی خۆیانە بەبێ ڕێگری و دەستێوەردانی حکومەت کارەکانیان بکەن؛ لە هەمان کاتدا هەرسێ دەزگاکە لە ڕاگەیەندراوی فەرمییاندا پشتڕاستیان کردەوە کە بە پشتبەستن بە «هەموارکردنی یەکەمی دەستووری ئەمریکا» بۆ پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری، سکاڵای یاسایی لە دژی بڕیارەکەی ترامپ لە بەردەم دادگا فیدراڵییەکاندا تۆمار دەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە