1 کاتژمێر پێش ئێستا
151 جار خوێنراوەتەوە
نەتانیاهۆ ڕەخنەی توندی لە قەتەڕ و توركیا و شارەوانیی نیویۆرك گرت
پەیام
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە هەشتا و یەكەمین خولی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك وتارە چاوەڕوانكراوەكەی خوێندەوە و لە میانی دەستپێكی وتارەكەیدا، ژمارەیەكی زۆر لە شاندە دیپلۆماسییەكان لە هۆڵەكە كشانەوە.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ئەو لایەنانەی كە هۆڵەكەیان جێهێشت بە "ترسنۆك" وەسف كرد و بە توندی هێرشی كردە سەر هەڵوێستەكانیان.
هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل ئەم كشانەوە بەكۆمەڵەی شاندەكانیان بە "كۆچی بەكۆمەڵ" و لێدان لە پێگەی دیپلۆماسیی ئیسرائیل وەسف كردووە.
نەتانیاهۆ لە وتارەكەیدا بەرگریی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی وڵاتەكەی كرد و ڕایگەیاند، بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران كارێكی سەخت بووە، بەڵام بڕیارێكی ئاسان بووە. هەروەها دۆناڵد ترەمپی وەكو "گەورەترین هاوبەشی ئیسرائیل" ناوبرد.
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕەخنەی توندی لە قەتەڕ و توركیا و زەهران مەمدانی، سەرۆكی شارەوانیی نیویۆرك گرت و داواشی لە بەریتانیا و فەرەنسا كرد ئیسرائیل بە داگیركەر ناو نەبەن چونكە ئەوان جیهانیان داگیر كردووە.
لەلایەكی دیكەوە نەتەنیاهوو تۆمەتەكانی جینۆسایدی غەززەی بە درۆ ناو برد، لەكاتێكدا نزیكەی 75 هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی غەززە لە بۆردومانەكانی سوپاكەیدا لە ماوەیەكی كەمدا لەناو بران.
لەلایەكی دیكەشەوە ڕێكخراوی "دەنگی جوو بۆ ئاشتی" میوانداریكردنی نەتانیاهۆی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە سەركۆنە كرد و خۆپێشاندەرانی جولەكە و فەڵەستینیش لە شەقامەكانی نیویۆرك داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی پشتیوانییە سەربازییەكانی ئەمریكایان بۆ ئیسرائیل كرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە