1 کاتژمێر پێش ئێستا
53 جار خوێنراوەتەوە
ئێران: ئەمریكا پێشنیارەكەمان جێبەجێبكات گەرووی هورمز دەكەینەوە
پەیام
وەزیری دەرەوەی ئێران پێشنیارێكی بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرانبەر سووككردنی سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا لە حەوت رۆژدا ئاشكرا كرد.
عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تاران لە ڕێگەی نێوەندگیرەكانەوە پێشنیارێكی ئاراستەی واشنتن كردووە، كە تێیدا پلانی حەوت ڕۆژە بۆ ئاڵوگۆڕی هەنگاوەكان دانراوە و ئامانجی كۆتاییەكەی كردنەوەی گەرووی هورمز و كۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان هەردوو وڵاتە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەم پلانە بریتییە لە هەڵگرتنی قۆناغ بە قۆناغی گەمارۆ ئابوورییەكانی ئەمریكا و ئازادكردنی بەشێك لە داراییە بلۆككراوەكانی ئێران، لە بەرانبەر دەستپێكردنەوەی هاتوچۆی نەوت لەو گەرووەدا.
سەرەڕای ئەوەی ئێران دانی بە تێچووی ئابووری قورسدا بۆ شەڕی درێژخایەندا ناوە، بەڵام هێشتا دانوستانەكان بەهۆی بێمتمانەیی هەردوولاوە و نەبوونی ئامادەیی بۆ پێشكەشكردنی یەكەم هەنگاوی سازش، ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە، بەرپرسێكی كۆشكی سپی جەختی كردەوە كە دۆناڵد ترەمپ هێشتا دەرگای گفتوگۆی بەكراوەیی هێشتووەتەوە، بەڵام پێیوایە واشنتن لە پێگەیەكی بەهێزەوە دانوستان دەكات.
شارەزایان هۆشداری دەدەن كە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی نیوەیی ئەمریكا، دەرفەتی چارەسەری دیپلۆماسی بەرتەسك دەبێتەوە، هەرچەندە تاران ئامادەیی بۆ گفتوگۆ دەربڕیوە، بەڵام هێشتا بژاردە سەربازییەكانی بە كراوەیی هێشتووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە