19 خولەک پێش ئێستا
56 جار خوێنراوەتەوە
ئێران سوتانی سێ کەشتیی نەوتهەڵگر ڕادەگەیەنێت و ستافی کەشتییەکیش بێسەرشوێنن
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران سوتانی سێ کەشتیی نەوتهەڵگری لە گەرووی هورمز ڕاگەیاند، هاوکات دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا ئاشکرای کرد کە کەشتییەک لە نزیک کەناراوەکانی عومان گورزی دووەمی بەرکەوتووە و ستافەکەی بێسەروشوێنن.
تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە بڵاوی کردەوە کە کەشتییەکی نەوتهەڵگر دوای کوژاندنەوەی سیستمەکانی دەریاوانی لە ناوچەیەکی قەدەغەکراو لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز ئاگری گرتووە، هاوکات دوو کەشتیی دیکەی نەوتهەڵگریش لە خۆرئاوا و ڕێڕەوی باشووری گەرووەکە بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی تەقیونەتەوە و گڕیان گرتووە.
لەبەرانبەردا، ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاند کەشتییەک لە دووریی حەوت میل لە باکووری بەندەری خەسەبی عومان بۆ جاری دووەم بە سەختی کراوەتە ئامانج و ئاگری گرتووە، و تەواوی ستافەکەشی بێسەروشوێن بوون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ئەم هێرش و تەقینەوانە لە کاتێکدایە کە هاتووچۆی کەشتیوانی لە کەنداو لە ئاستێکی مەترسیداردایە، و پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکان لە دەوروبەری گەرووی هورمز جموجووڵی بارهەڵگر و کەشتییە نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی پەککەوتنێکی وێرانکەر کردووەتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە