7 رۆژ پێش ئێستا
1089 جار خوێنراوەتەوە
چیرۆکێکی تاڵ.. لەو کاتەى لە ئێران بەدیل گیراوە کەسوکارەکەى لە هەڵەبجە کیمیاییباران کراون
پەیام
ئەحمەد عەبدولڕەحمان عەلی، تەمەن ٦٣ ساڵ و، دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە، ئەو لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو فەقێ بووە، لە سەروبەندی جەنگی نێوان عێراق و ئێران، بە زۆرەملێ ڕاپێچی سەربازیی کراوە و دواتر لەلایەن ئێرانەوە بەدیل گیراوە و کاتێک لە زیندانەکانی ئێران دەبێت، لە شاشەکانی تەلەڤزیۆنەوە دەبینێت کە ڕژێمی بەعس هەڵەبجە کیمیاباران دەکات و بینینی تەرمی ئەو هەموو هاووڵاتییەی شارەکەی، تووشی شۆکی دەکات و بێئومێد دەبێت لە بینینەوەی ژن و منداڵەکانی.
ئەحمەد عەبدولڕەحمان چیڕۆکێکی جیاوازی هەیە، ئەو وەک سەدان گەنجی دیکەی هەڵەبجە کە بە زۆرەملێ ڕاپێچی سەربازیی کراون و لە بەرەکانی جەنگ بۆ سوپای عێڕاق جەنگاون، بەڵام لە هەمانکاتدا خێزان و کەسوکارەکەی لەلایەن حکوومەتی ئەوکاتی عێڕاقەوە کیماباران کراون.
ئەحمەد عەبدولڕەحمان لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە دەستپێکی چیڕۆکەکە کرد و گوتی: ''ساڵی ١٩٨٢ وەک تەواوی خەڵک بە زۆرەملێ منیان بردە ئەرکی سەربازیی، لە دەوروبەری مووسڵ و بەعقوبە نزیکەی ١٠ مانگ سەربازییم کرد، پاشان گواسترامەوە بۆ عەمارە (باشووری ڕۆژهەڵاتی عێڕاق). دوای ئەوەی سێ بۆ چوار ڕۆژ لە عەمارە بووم، دواتر شەوێک گواستراینەوە بۆ شاری شۆش (پارێزگای خوزستانی ئێران)، لەوێ شەڕێکی زۆر سەخت ڕوویدا، شەو و ڕۆژ هێرشمان لەسەر بوو، توانای هیچمان نەبوو، چونکە ئێران زۆر بە توندی هێرشی دەکرد. ئێمەیش بەرگرییمان دەکرد، چونکە ئەوەی بۆ دواوە بگەڕابووایەوە، ئەوا گوللەبارانییان دەکرد".
وەک ئەحمەد عەبدولڕەحمان باسی دەکات نزیکەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە بەو شێوەیە لە ناوچەکە ماونەتەوە و، بە ناڕەحەتی نان و ئاویان دەستکەوتووە و زیاتر گوتی: ''لەم ماوەیەدا نە خەومان هەبوو، نە نان و نە ئاو، لە کۆتاییدا ئێران لە دوولاوە هێرشی کرد و پشتەوەی لێگرتین و ئێمە لە پێشی شەڕەکە بووین، ئەوەندەمان زانی لە دوولاوە گەمارۆیانداین و بەدیل گیراین و ئێمەیان گواستەوە بۆ ئەهواز (پارێزگای خوزستان، دوای ئەوەی شەوێک لە ئەهواز هێڵدراینەوە، پاشان گواستراینەوە بۆ تاران (پایتەختی ئێران) و لەوێشەوە بۆ مەشهەد.
ئەحمەد عەبدولڕەحمان پێش ئەوەی بچێتە ڕیزی سەربازیی، تەنیا خاوەنی یەک منداڵ بووە و خێزانەکەشی دووگیان بووە و زیاتر گوتی: "پێش ئەوەی بە زۆر ببردرێم بۆ سەربازیی، کچێکم هەبوو، تەمەنی نزیکەی یەک ساڵ دەبوو، خێزانەکەشم دووگیان بوو، کاتێک من بە دیل گیرام ساڵی ١٩٨٣ کە من نامەم نارد، وەڵامی نامەکەم هاتەوە و وێنەی منداڵەکانییان بۆ ناردم کە کوڕێکیشمان ببوو، کاتێک وێنەکانم پێگەیشت کوڕەکەم تەمەنی نزیکەی یەک ساڵ دەبوو''.
ئەحمەد کاتێک لە گرتووخانە بووە دوای ساڵێک کە لە خێزانەکەیەوە نامەی پێگەیشتووە ئینجا زانیوویەتی کوڕێکیان بووە ناویان ناوە لوقمان، وەک خۆی دەڵێت هەموو ڕۆژێک بە ئاواتی ئەوەبووە بە ماڵ و منداڵ و کەسوکاری شاد ببێتەوە.
ئەو گوتیشی: ''ئێمە درەنگ نامەمان بە دەست دەگەیشت، شەش مانگ جارێک نامەمان بۆ دەهات، ئەوکاتەی لە پڕۆسەی دیل گۆڕینەوەدا ئازادکراین، ئینجا بینیمان منداڵەکانمان گەورەبوونە و بە دایک و باوک و کەسوکارەکەمان، ئەوانەی لە ژیاندا مابوون، شادبووینەوە".
ئەحمەد عەبدولڕەحمان لە گرتووخانە تەواوی ئەو نامانەی پاراستووە کە لە خێزانەکەیەوە پێیگەیشتبوون و وەک ئەلبوومێکی یادەوەریی هەڵیگرتووە، هەروەها هەر لە گرتووخانە بە هیوای شادبوونەوە بە منداڵەکانی، جانتایەکی لە کەرەستەی بەکارهاتووی وەک دەزووی ئەو خاوولییانەی بەکاریانهێناوە، دروستکردووە و تێیدا وێنەی سرووشتی زێدی خۆی و ناوی منداڵەکانی لەسەر نەخشاندووە، کە تا ئێستاش وەک یادەوەری لەگەڵ تەواوی نامەکانی وەک ئەلبوومێکی یادەوەری هەڵیگرتووە.
سەبارەت بە ئاگاداربوون لە دۆخی خێزان و ئەو ئازار و مەینەتییانەی لە هەڵەبجە بەسەریاندا هاتووە، ئەحمەد عەبدولڕەحمان ڕایگەیاند: ''ئێمە لە گرتووخانەکە تەلەڤزیۆنێکی ناوخۆییمان لابوو، زۆر کەم ئاگاداری هەواڵەکان بووین، دەمانزانی سەدام هەڵەبجەی کیمیاباران کردووە، چونکە کاتی کیمابارانەکە لە تەلەڤزیۆنی ئێران پەخشکرا و هەموو تەرمەکانی نیشان دەدا، ئێمەش بۆمان دەرکەوت کە کەسوکارمان نەماوە و ئەوانەشی ئەگەر ڕزگاریان بووە نازانین بۆ کوێ چوون".
ئەحمەد عەبدولڕەحمان کە هەمان ئەو ساڵەی بە سەرباز کراوە دوای چەند مانگێک لە سەربازیی، لە شەڕدا بە دیل گیراوە و، پاش مانەوەی هەشت ساڵ لە زیندانەکانی ئێراندا، لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ و لە ساڵی ١٩٩٠ لە پڕۆسەی دیل گۆڕینەوەدا ئازاد کراوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە ئازادبوونی، کۆڕەوەکەی بەهاری ١٩٩١ ڕوودەدات و ئەمجارە ئەحمەد و منداڵەکانی ڕوو دەکەنە وڵاتی ئێران و ماوەیەک وەک پەنابەر لەوێ دەبن و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ هەڵەبجە.
جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ دەستیپێکرد و، مانگی ئابی ١٩٨٨کۆتاییهات.
لەم جەنگەدا نیو ملیۆن سەربازی ھەر دوو وڵات گیانیان لەدەستدا، زیانێکی گەورە بەر ھەردوو وڵات کەوت، خەڵکێکی زۆر بوونە قوربانی بەکارھینانی چەکی کیمیایی و چەندین ڕووداوی گەورەی کۆمەڵکوژی وەک کیمیابارانی ھەڵەبجە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە