4 کاتژمێر پێش ئێستا
215 جار خوێنراوەتەوە
تڕەمپ لێبوردنی بۆ ئەو ئەندامەی كۆنگرێس دەرکرد، كە بە درۆزن و فێڵباز ناسراوە
پەیام
سەرۆكی ئەمریكا لێبوردن بۆ ئەو ئەندامەی كۆنگرێس دەردەكات، كە بە "ئەندامە درۆزن و فێڵبازەكە" ناسراوە و بە حەوت ساڵ زیندانی سزا دراوە.
دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە فەرمانێكی سەرۆكایەتیی لێبوردنی بۆ جۆرج سانتۆس ئەندامی پێشووی كۆنگرێس دەركرد، كە بەهۆی درۆ و فێڵ بۆ خواردنی پارەی دەنگدەران بە حەوت ساڵ زیندانی سزا درابوو.
ڕاگەیاندنەكەی سەرۆكی ئەمریكا لە ڕێی پۆستێكەوە بوو لە تۆڕی تروس سۆشیال كە نووسیبووی: جۆرج سانتۆس كەمێك یاخیە، بەڵام تاكەكەس نییە، زۆرێك لە هاوشێوەی ئەو هەن تاكو ئێستا زیندانی نەكراون.
تڕەمپ دۆسیەكەی سانتۆسی بە ڕیچارد بلۆمنسالی سیناتۆری دیموكراتەكان بەستەوە و بە بانگەشەی درۆینە تۆمەتباری كرد بەوەی وتوویەتی یەكێك بووە لە جەنگاوەرانی جەنگی ڤێتنام!
ترەمپ جەختی لە واژووكردنی بڕیاری لێبوردنی تەواو و ئازادكردنی دەستبەجێی سانتۆس كردووەتەوە.
جۆرج سانتۆس لە ساڵی 2022دا لەسەر لیستی كۆمارییەكان پاڵێوراو بوو بۆ كۆنگرێس، بەڵام دواتر زنجیرەیەك درۆی لەسەر دۆسیەی كەسیی و بانگەشەی بڕوانامەی خوێندن و ئەزموونی پیشەیی لێ ئاشكرا بوو.
ئەمەو ترەمپ خۆیشی بەردەوام بە درۆكردن تۆمەتبار دەكرێت، تەنانەت بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست كە لە 2019ـەدا بڵاوی كردووەتەوە ترەمپ 10 هەزار درۆی كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە