2 کاتژمێر پێش ئێستا
135 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆیتەرز: گەورەترین كۆمپانیای چینی پێداویستی تەكنەلۆژی بۆ ئێران ناردووە
پەیام
گەورەترین كۆمپانیای چینی كەرەستەی دروستكردنی چیپی داوەتە سوپای ئێران، ئەمەش ئەگەر ڕاست بێت گرژییەكانی نێوان واشنتۆن و پەكین بۆ لوتكە دەبات لەكاتێكدا ترەمپ دەیەوێت سەردانی وڵاتەكە بكات.
ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بڵاوی كردەوە: ئێران كەرەستەی پێشكەوتووی دروستكردنی "چیپ"ی لە گەورەترین كۆمپانیای چینی تایبەت بەو بوارە بە ناوی (ئێس ئێم ئای سی) دەست كەوتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەم كۆمپانیا چینییە كە "بەهۆی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سوپای چین لە لایەن ئەمریكاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە"، كەرەستە و پێداویستی تەكنەلۆژیی بۆ سوپای ئێران ناردووە.
بەرپرسێكی ئەمریكی ئاماژەی بەوە كردووە كە پڕۆسەی ناردنی ئەم كەرەستانە لە ساڵێكی پێشوەوە دەستی پێكردووە و پێدەچێت تا ئێستاش بەردەوام بێت، هەروەها هاوكارییەكە مەشقی تەكنیكی لەسەر پیشەسازی "نیمچە گەیەنەرەكان"یشی گرتووەتەوە.
هێشتا ڕوون نییە كە ئایا ئەو ئامێرانە بنەڕەتەكەیان ئەمریكییە، یاخود نا، چونكە ئەگەر ئەمریكی بن ئەوا پێشێلكردنی ڕاشكاوانەی سزاكانی واشنتۆنە.
ئەم زانیارییانە لە كاتێكدایە كە كۆمپانیای (ئێس ئێم ئای سی) و باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن و نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێك لەو بارەیەوە بدەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە