1 کاتژمێر پێش ئێستا
105 جار خوێنراوەتەوە
بەڵگەنامەیەکی ئیسرائیلی: گرووپه چهكدارهكان خهریكی ڕێكخستنهوهی تواناكانیانن
پەیام
کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی بەڵگەنامەیەکی نهێنیی ئاشکرا کردووە کە دەری دەخات بزووتنەوەی حەماس سەرقاڵی ڕێکخستنەوەى تواناکانیەتی و مانگانە سەدان مووشەک و تەقەمەنی لە غەززە بەرهەم دەهێنێت و مەشقی سەربازی ئەنجام دەدات.
لە کاتێکدا سەرنجی ئەمنی و سەربازیی ئیسرائیل زیاتر لەسەر بەرەکانی ئێران و لوبنانە.
کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە کە بەڵگەنامەیەک پێشکەشی سەرکردایەتی سیاسیی ئەو وڵاتە کراوە، تێیدا هاتووە کە حەماس هەوڵەکانی بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزەکانی لە کەرتی غەززە چڕ کردووەتەوە.
بەپێی ناوەڕۆکی ئەو بەڵگەنامەیە، بزووتنەوەی حەماس مانگانە سەدان بۆمبی چێنراو، گوللەهاوەن و مووشەکی دژە تانک بەرهەم دەهێنێت. ئەمە جیا لەوەی حەماس سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگرییە لەسەر جووڵەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لەناو غەززە و تەنانەت لەژێر چاودێری ئەوانیشدا مەشقی سەربازی مەیدانی ئەنجام دەدات.
ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە ئەم هەنگاوانەی حەماس وەک "بازدانێکی گەورە" دەبێت لە توانای بەکارهێنانی هێز و گۆڕینی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پێکدادان و مانۆڕە سەربازییەکانی داهاتووی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە