2 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
پێكدادانی قورس لە لوبنان و وتووێژی ئەرێنی لە واشنتن بەردەوامە
پەیام
ڕۆژی یەكەمی وتووێژەكانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بە چاودێری ئەمریكا كۆتایی هات و گۆڕەپانی جەنگ لە باشووری لوبنان و باكووری ئیسرائیلیش بە گەرمی ماوەتەوە.
حزبوڵا ڕایگەیاند، كە زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی دژ بە هێزەكانی ئیسرائیل ئەنجام داوە، لەوانە تەقاندنەوەی بۆمبێكی چێنراو بە هێزێكی دزەكردوودا لە شارۆچكەی "تەیبە" و بە ئامانجگرتنی دوو شۆفڵی سەربازی و چەندین پێگەی تر بە موشەك و تۆپباران.
هەروەها حزبوڵا دەڵێت بە موشەكی زەوی بۆ ئاسمان بەرپەرچی فڕۆكە و درۆنەكانی ئیسرائیلیان داوەتەوە.
لە بەرانبەردا، ئێزگەی سوپای ئیسرائیل كوژرانی شەش سەربازی لە دوای دەستپێكردنەوەی پێكدادانەكان پشتڕاست كردەوە و زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی بۆ سەر "قەسیبە" و "زەبدین" ڕاگەیاند.
هاوكات سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵكردنی بەپەلەی بۆ چەند شارۆچكەیەكی باشووری لوبنان دەركرد و زەنگی ئاگاداركردنەوە لە ناوچەی جەلیل بەردەوام لێ دەدرێت و چەندین موشەی تێكشكێنراون.
ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی یەكەمی وتووێژەكانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بە چاودێری ئەمریكا كۆتایی هات و بەرپرسانی ئەمریكی كۆبوونەوەكانیان بە "ئەرێنی و بەرهەمدار" وەسف كردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە