پێش 4 هەفتە 513 جار خوێنراوەتەوە

لەسەر هەژمارنەکردنی لێدانێکی سزا لە لیبیا هاندەران ئاگریان لە تەلاری سەرۆکایەتی وەزیران بەردا

پەیام سپۆڕت - مەڕوان تاڵیب

لە ڕووداوێکی کەمدا و لە وڵاتی لیبیا هاندەرانی یانەیەک لەسەر هەژمارنەکردنی لێدانێکی سزا ئاگریان لە تەلاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی لیبیا بەردا.

 شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا شایەدی ئاڵۆزییەکی توند بوو، کاتێک ژمارەیەک لە هاندەرانی تۆپی پێ ئاگریان لە بەشێکی تەلاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی یەکێتی نیشتمانی بەردا، ئەم ناڕەزایەتییانە دوای ئەوە هاتن کە بنەماڵەی عەبدولحەمید دبەیبە، سەرۆکوەزیرانی لیبیا، تۆمەتبار کران بەوەی لایەنگیریی تیپێکی دیاریکراوی خولی وڵاتەکە دەکەن لەسەر حیسابی تیپەکانی دیکە.

سەرەتای ڕووداوەکان لە یاریگای "تەرهونە" و لە کاتی یاری نێوان هەردوو یانەی "ئیتیحاد" و "سویحلی" دەستی پێکرد، لە خولەکی ٨٧ی یارییەکەدا، دوای ئەوەی ناوبژیوان لێدانێکی سزای (پێناڵتی) بۆ یانەی ئیتیحاد ئەژمار نەکرد، هاندەرانی ئەو یانەیە ڕژانە ناو یاریگاکە و یارییەکە تەواو نەکرا و بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی هاندەران تەقەیان کردووە، کە بووەتە هۆی برینداربوونی چەند کەسێک، جگە لەوەی ئاگر لە ئۆتۆمبێلی پەخشی ڕاستەوخۆ و هەندێک لە بەشەکانی یاریگاکە بەردراوە.

دوای ڕووداوەکانی ناو یاریگا، ناڕەزایەتییەکان گوازرانەوە بۆ ناوچەی "باب بن غەشیر" و دەوروبەری تەلاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و خۆپیشاندەران بە یاری ئاگرین هێرشیان کردە سەر بینای سەرۆکایەتی وەزیران و بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە بەشێکی تەلارەکە و دەستبەجێ هێزەکانی "لیوای ٤٤٤" لە دەوروبەری بارەگاکە جێگیر کران و دەنگی تەقەیەکی زۆر لە ناوچەکە بیستراوە، تا دواجار تیمەکانی بەرگری شارستانی توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

یانەی ئیتیحاد لە بەیاننامەیەکدا ڕەخنەی توندی لە ئاستی ناوبژیوان گرت و داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەی کرد لەو بڕیارانەی کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی یارییەکە هەبووە، لە بەرانبەردا، یانەی سویحلی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر یاریزان و ناوبژیوانانی کرد و داوای لە لایەنە ئەمنییەکان و یەکێتی تۆپی پێی لیبیا کرد، لێپرسینەوە لەو کەسانە بکەن کە هێرشیان کردووەتە سەر گیانی وەرزشکاران و هەیبەتی خولەکەیان لەکەدار کردووە و تاوەکو ئێستا حکومەتی لیبیا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر قەبارەی زیانەکان و ژمارەی دەستگیرکراوان بڵاونەکردووەتەوە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

  • 1 رۆژ پێش ئێستا

    بەرشەلۆنە گرێبەستکردنی لەگەڵ هێرشبەرێکی گەورە ڕەت کردووەتەوە

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    بەرشەلۆنە جێگرەوەی هانسی فلیکی دەستنیشان کردووە

  • 3 رۆژ پێش ئێستا

    گابرێل سوپاسی هاندەرانی ئارسیناڵ و هاوتیمەکانی دەکات

  • 4 رۆژ پێش ئێستا

    پێرێز وادەی ڕاگەیاندنی ڕاهێنەر و یەکەم گرێبەست دیاری دەکات

  • 5 رۆژ پێش ئێستا

    حەبیب نورمحمەدۆڤ ئەزموونی حەجکردنی دەگێڕێتەوە

  • 6 رۆژ پێش ئێستا

    سەرۆکی ئەتلەتیکۆ وەڵامی دەنگۆکانی سەبارەت بە ئالڤارێز دایەوە

  • پێش 2 هەفتە

    هۆکارەکانی دەستکراوەیی بەرشەلۆنە لە گواستنەوەی یاریزان ئاشکرا دەبێت

  • پێش 2 هەفتە

    پێنچ یاریزان ململانێی باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی لالیگا دەکەن

سەرەتا