1 کاتژمێر پێش ئێستا
211 جار خوێنراوەتەوە
هۆشداریی لە ئەگەری هێرشی نوێی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەدرێت
پەیام
لە 85 هەمین ڕۆژی هەڵگیرسانی جەنگی سەر ئێران لە یەككاتدا دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەردەوامیی هەیە و هۆشدارییش لە ئەگەری هێرشی نوێی ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەدرێت.
ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی لەسەر زاری ژمارەیەك سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی كردەوە، كە لە ماوەی 24 كاتژمێری داهاتوودا هەلی جۆرێك لە گەیشتن بە دانوستان هەیە.
بە پێی ماڵپەڕەكە ترەمپ پێشنیازی ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازیی گەورە و كۆتایی كە ببێتە هۆی ڕاگەیاندنی سەركەوتن و كۆتاییهاتنی جەنگ كردووە.
ئەمە لە كاتێكدا تۆڕی هەواڵی سی بی ئێس بڵاوی كردەوە، كە سەرۆكی ئەمریكا و دەزگای هەواڵگری ئامادەییان بۆ دەستپێكردنەوەی هێرشەكان لە 72 كاتژمێری داهاتوودا هەیە.
لای خۆیەوە ڕۆژنامەی ووۆڵ ستریت جۆڕناڵ بە هەمان شێوە نووسیویەتی، ترەمپ دەرگای كۆتایی بە ڕووی لێدان لە ئێران دانەخستووە ئەگەر دانوستانەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە ببێتە جێی ڕەزامەندی شكستیان هێنا.
لەگەڵئەوەشدا بەپێی ڕۆژنامەكە ترەمپ بە یاریدەدەرەكانی ڕاگەیاندووە، زیاتر هەل بە دیبلۆماسییەت بدرێت.
هەر لەو میانەیەدا ماركۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەگەڵ ئەوەی ڕایگەیاند، هیچ بەرەوپێشچوونێك لە دانوستانەكان لەگەڵ ئێران بەدی نەهاتوون، بەڵام هێشتا لە كۆتایی نزیك نەبووینەتەوە.
لە هەمانكاتدا فەرماندەی سوپای پاكستان لە تارانی پایتەختی ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆ بووەوە.
بە پێی ڕاگەیەنراوێك لە كۆبوونەوەكەدا هەوڵ و دەستپێشخەرییە دیبلۆماسییەكان بۆ ڕێگری لە ئاڵۆزی و دەستپێكردنەوەی جەنگ تاوتوێ كراون.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانییش لە سەرچاوەیەكی نزیك لە تیمی دانوستانی وڵاتەكەیەوە بڵاوی كردەوە، گفتوگۆ و ڕاوێژ لەبارەی خاڵە ناكۆكەكان لە نێوان ئەمریكا و ئێران بەردەوامە و هێشتا بە ئەنجامی كۆتایی نەگەیشتوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە