1 کاتژمێر پێش ئێستا
60 جار خوێنراوەتەوە
بەردانەوەی لەناکاوی ئاو لەلایەن تورکیاوە؛ لە سوریا کارەسات ڕووی داوە
پەیام
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری فورات کە لەلایەن تورکیاوە بەردراوەتەوە و هەروەها بەهۆی لافاوەوە، پردێکی سەرەکی و دوو وێستگەی گرنگی پاڵاوتنی ئاو لە دێرەزوور و ڕەققە لەکارکەوتن و هەزاران مەدەنی لە ئاوی خواردنەوە بێبەش بوون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە، بەهۆی لافاوی ڕووباری فوراتەوە، دۆخی مرۆیی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتووەتە قۆناغێکی کارەساتبار. بەپێی ڕاپۆرتەکان، پردی شارۆچکەی "عەشارە" لە گوندی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەهۆی فشاری زۆری شەپۆلەکانی ئاوەوە بەشێکی زۆری ڕووخاوە و هاتوچۆ لە نێوان هەردوو بەری ڕووبارەکەدا (جزیرە و شامیە) بە تەواوی پچڕاوە، ئەمەش بووەتە هۆی گەمارۆدان و دابڕانی چەندین گوند لە یەکتری.
بەپێی روانگەی سووری، زیانەکانی بەردانەوەی ئاوی قورات و هەروەها لافاو تەنیا لەسەر هێڵەکانی هاتوچۆ نەبووە، بەڵکو کەرتی خزمەتگوزارییەکانیشی پەکخستووە. لە ڕەققە، وێستگەی ئاوی "تاوی" لە شارەدێی جەرنیە بەهۆی ژێرئاوکەوتنی ستوون و هێڵەکانی کارەباوە بە تەواوی لەکارکەوتووە، کە پێشتر ئاوی بۆ ١١ گوندی ناوچەکە دابین دەکرد. هاوکات لە کۆتا خاڵی گوندی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، وێستگەی دووەمی ئاوی "باغۆز" یش بەهۆی دزەکردنی ئاو بۆ ناو بزوێنەر و تابلۆکانی کارەبا، لە خزمەتگوزاری دەرچوو و هەزاران هاووڵاتی دیکەی بێبەش کرد لە ئاوی پاک.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ داوای دەستبەجێ وەرگرتنی ڕێوشوێنی پێویست دەکات بۆ ڕزگارکردنی دانیشتوان لە تینوێتی، دابینکردنی ڕێگەی جێگرەوە بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان و گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو گوندانەی کە بێ ئاو بوون.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە