44 خولەک پێش ئێستا
106 جار خوێنراوەتەوە
قوربانییانی لافاوەكەى نیپاڵ بۆ 626 گیانلەدەستدان بەرز بووەوە
پەیام
ئاماری قوربانییان لافاوەكەی نیپاڵ بۆ زیاتر لە 600 گیانلەدەستدان بەرز بووەوە، تێچووی ئاوەدانكردنەوەش پێنج ملیار دۆلار كە یەكلەسەر دەی ئابووریی وڵاتەكەیە، تێدەپەڕێنێت.
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسانی نیپاڵ قەبارەی زیانە گیانی و داراییەكانی لافاوە وێرانكەرەكەی ناوچە سنوورییەكانیان ئاشكرا كرد، كە تائێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 626 كەس لە نیپاڵ و هەرێمی تبتی چین، هەروەها زیاتر لە 2426 كەسیش بێسەروشوێنن.
لە ناوچەی تبتیش لە چین گیانلەدەستدانی حەوت كەس و بێسەروشوێنبوونی 554 دیكە ڕاگەیەنرا.
شیشیر خانال، وەزیری دەرەوەی نیپاڵ لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پێویستی بە هاوكاری تەكنیكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ناسینەوەی تەرمەكان و ڕزگاركردنی ئەو كەسانەی لەناو توونێلەكاندا گیریان خواردووە.
ئاماژەی بەوەش كرد كە لافاوەكە چەند شارۆچكەیەكی بە تەواوەتی وێران كردووە و زیانی گەورەی بە وێستگەكانی كارەبا، نەخۆشخانەكان و پردەكان گەیاندووە.
لەلایەكی دیكەوە، سوارنیم واجلی وەزیری دارایی نیپاڵ بە هەمان ئاژانسی ڕاگەیاندووە كە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەكان، وڵاتەكەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان پێویستی بە چوار بۆ پێنج ملیار دۆلار هەیە، ئەمەش یەكسانە بە یەك لەسەر دەی ئابووری وڵاتەكە.
هەرچەندە وڵاتانی وەك ئەمریكا، چین و هیندستان ئامادەیی خۆیان بۆ ناردنی تیمی ڕزگاركردن نیشان داوە، بەڵام حكومەتی كاتماندۆ ڕایگەیاندووە كە لە ئێستادا تەنیا لە بواری پسپۆڕی و بونیادنانەوەی درێژخایەندا پێویستی بە پشتگیری دەرەكی دەبێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە