1 کاتژمێر پێش ئێستا
119 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی كشانەوەی ئەمریكا بە "شەرمهێنەر و نەنگی" ناوزەد دەكات
پەیام
سەرۆكوەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان پاشەكشەی ئەمریكا لە عێراق بە «شەرمهێنەر و نەنگی» ناوزەد دەكات و دەڵێت: كوردستان بەرانبەر هێرشەكانی ئێران جێ دەهێڵێت.
لە میانی دیدارێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی فایەننشاڵ تایمز، مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان وتی: پاشەكشەی نزیكی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق «شەرمهێنەرە» و واشنتن هاوپەیمانە كوردەكانی خۆی بێ پاراستن، بەرانبەر هێرشەكانی ئێران جێ دەهێڵێت.
بارزانی كوڕ كە بە قسەی ئەو كورد هاوپەیمانی ئەمریكایە و شانازییشی پێوە دەكات، وتوشیەتی: مەترسییەكە ڕاستە، ئێمە لاوازین و بەردەوام دەكرێینە ئامانج. ئێستا ئەگەر بێ هیچ سیستمێكی گونجاوی بەرگری جێ بهێڵرێین، ئەوە شەرمهێنەرە.
بارزانی دەشڵێت: هەرێم هیچ بەرگرییەكی ئاسمانی خۆی نییە، كاتێك ڕێمان لێ دەگیرێت چەكی گونجاو بكڕین بۆ بەرگری، ئەوا بە ئەنقەست لاوازتر دەكرێین.
سەرۆكوەزیرانی ماوەبەسەرچووی هەرێم هۆشداریشی دا كە لە كاتێكدا گرووپە شیعەكانی هاوپەیمانی ئێران چەكدانانەوەیان ڕەت دەكەنەوە، دەتوانێت سیستمی فیدڕاڵی لاواز بكات و خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی كوردستان بخاتە مەترسییەوە، ئەو وتیشی: تا شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێرانیش بەردەوام بێت، هەرێم هەر وا لە ژێر هەڕەشەدا دەمێنێتەوە.
لە كۆتاییدا، مەسروور بارزانی هۆشدارییشی دا كە ئەمریكا مەترسی هەیە هەمان هەڵەی ساڵی 2011 دووبارە بكاتەوە؛ كاتێك هێزەكانی كشاندەوە و بۆشاییەكی ئەمنی دروست بوو كە دواتر ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی داعش خۆش كرد.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە