3 کاتژمێر پێش ئێستا
165 جار خوێنراوەتەوە
نەشتەرگەری بۆ یاریزانێکی ڕیاڵ مەدرید ئەنجامدرا و ماوەیەکی درێژ دادەبڕێت
پەیام سپۆڕت - مەڕوان تاڵیب
گورزێکی کوشندە بەر جۆزێ مۆرینیۆ دەکەوێت و نەشتەرگەری بۆ
یاریزانێکی ڕیاڵ مەدرید ئەنجامدرا و ماوەیەکی درێژ دادەبڕێت.
یانەی شاهانە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دووپاتیکردەوە کە
ڕائول ئاسێنسیۆی بەرگریکاری لاوی یانەکە نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی لە قاچی ڕاستیدا
بۆ ئەنجامدراوە، ئەمەش پاش ئەوەی پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخست کە یاریزانەکە بەدەست
شکانێکی ماندووبوونی لە ئێسکی قاچی ڕاستیدا دەناڵێنێت.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "ئاس" ئاسێنسیۆ
لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەستی بە ئازاری بەردەوام لە قاچیدا کردبوو، بەڵام پێشتر چارەسەری
سروشتی و پزیشکیی بەبێ نەشتەرگەری هەڵبژاردبوو، بە شێوەیەک کە دوای چەند مانگێک
دابڕان لەم دواییانەدا گەڕابووەوە سەر کورسیی یەدەگی تیپەکە؛ سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە
دەیویست تا کۆتایی ئەمساڵ چاوەڕێ بکات، بەڵام لە ڕاوێژ لەگەڵ ستافی پزیشکیی ڕیاڵ مەدرید
بڕیاردرا بە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە بەپەلەکە بۆ ئەوەی بە یەکجاری لەو ئازارە بەردەوامە
ڕزگاری ببێت.
ئەگەرچی یانە شاهانەکە لە بەیاننامە فەرمییەکەیدا ماوەی
دوورکەوتنەوەی بەرگریکارە تەمەن ٢٣ ساڵانەکەی دەستنیشان نەکردووە، بەڵام ڕۆژنامەی
ئاس پشتڕاستی کردەوە کە ئاسێنسیۆ بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ لە یاریگاکان دووردەکەوێتەوە
و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا بگەڕێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە