5 کاتژمێر پێش ئێستا
111 جار خوێنراوەتەوە
ئارتێتا پەنا بۆ فڕۆکەوانە جەنگییەکان دەبات
پەیام سپۆڕت - مەڕوان تاڵیب
میکێل ئارتێتای ڕاهێنەری یانەی ئارسیناڵ بە مەبەستی فێربوونی
شێوازی پەیوەندیکردنی خێرا لە ساتە هەستیارەکاندا پەنا بۆ فڕۆکەوانە جەنگییەکانی هێزی
ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا دەبات.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "زە تێلیگراف"ـی
بەریتانی، ئارتێتا پلانی داناوە لەگەڵ فڕۆکەوانە جەنگییەکان کۆببێتەوە تاوەکو لێکۆڵینەوە
لە شێوازی گەیاندنی فەرمانە سەربازییەکانیان بکات لەو ساتانەی کە هیچ بوارێک بۆ هەڵەکردن
نییە، بە ئامانجی گواستنەوەی ئەو تەکنیکە دەروونی و سەربازییە بۆ نێو چیمەنی سەوز
تا یاریزانەکانی لە کاتی پاڵەپەستۆی تونددا بتوانن بە کەمترین وشە لە ئەرکەکانی یەکتر
تێبگەن.
ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە پەیوەندی بەو فڕۆکەوانانەوە دەکات
چونکە دۆخی ئەوان پەیوەستە بە مان و نەمانەوە، و دڵنیایە ئەوان هەرگیز 20 دەستەواژە
یان 20 وشە بەکارناهێنن ئەگەر بتوانن بە تەنیا یەک وشە پەیامەکەیان بگەیەنن، هەر بۆیە
باوەڕی وایە لە تۆپی پێی مۆدێرنیشدا دەبێت ڕێنماییەکان بەوپەڕی ڕوونی و کورتی بگەیەنرێنە
یاریزانان لەو کاتانەی کە لە ژێر گوشارێکی زۆر قورسدان و پێویستیان بە بڕیاردانی دەستبەجێ
هەیە.
ئەم بیرۆکە سەیرەی ئارتێتا یەکەم هەنگاوی نامۆی لەو شێوەیە
نییە، چونکە پێشتریش لە نێو نانی ئێوارەی یانەکەدا چەندین گیرفانبڕی پرۆفێشناڵی بەکرێ
گرتبوو بۆ ئەوەی بە دزییەوە کەلوپەلی یاریزانەکان بدزن تاوەکو لەو ڕێگەیەوە تاقیکردنەوە
لەسەر ئاستی وریایی و چاوکراوەیی یاریزانەکانی لە دەوروبەری خۆیان ئەنجام بدات.
لە کۆتاییدا ئەم پلانە جیاوازانەی ڕاهێنەرەکەی تۆپچییەکان
خواستی بەردەوامی ئەوی بۆ گەڕان بە دوای وردەکارییە بچووکەکاندا سەلماندووە، تا لەو
ڕێگەیەوە بردنەوە و سوودێکی زیاتر بەخۆڕایی لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگەدا بۆ
ئارسناڵ دەستەبەر بکات و هێزی دەروونیی تیپەکەی لە کاتی قەیرانەکاندا بەهێزتر
بکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە