سه‌ردار عه‌زیز 27/08/2019 814 جار خوێنراوەتەوە

دانوستانەکانی ناوچەی ئارام

ڕەنگە دەستبەسەرکردنی شارەوانیە کوردەکان یەکێک بێت لە ئەو یارییانەی کە ئەردۆگان دەیکات بۆ لابردنی فۆکەس لە سەر ناوچەی ئارام. ئۆردۆگان زۆر باش یاری میدیا و سەرقاڵبونی جەماوەر دەکات. بەڵام هەرچۆنێک بێت دانوستانێکی چڕی فرە لایەنی ئاڵۆز لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و کورددا هەیە لە سەر ناوچەی ئارام.

دانوستان هەمیسە پەیوەستە بە دۆخی باوەڕ لە نێوان دوو لایەن یان زیاتردا. پەیوەستە بە هاوسەنگی هێز، هەروەها پەیوەستە بە مێژوو و ئەگەرەکانی داهاتوو. هەمو ئەمانە لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا لە قەیراندایە لە ئیستادا.چەند شتێک تورکەکانی دڵخۆشکردوە، یەکەم، دانوستانەکان لە لایەن سینتکۆمەوە بەڕێوەناچێت بەڵکو لە لایەن ئیوکۆمەوە بەڕێوەدەچێت. سینتۆکم کە بنکەکەی لە قەتەرە ببکەی سەربازی گەورەی ئەمریکایە و بەرپرسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەڵام ئیوکۆم بەرپرسی کیشوەری ئەوروپایە. لە سیستەمی ئیدارەدانی سەربازی ئەمریکا بۆ دونیا چەند ناوەندی هەیە، کە بەگشتی بە سەر کیشوەرەکاندا دابەشبون، بەڵام سینتکۆم تایبەتە. کورد چانسی هەبو کە سینتکۆم بەرپرسی سوریا بو.

لە سەرەتای جەنگی سوریاوە سینتکۆم کە بەرپرسی ئەو جەنگە بوە کێشەی هەبوە لە گەڵ تورکیادا. بە پێچەوانەوە ئیوکۆم زیاتر مەیلی بەرەو تورکیا پێشان داوە. بەڵام ئەمە پرۆسەیەک نیە کە تەنها لە لایەن پەنتاگۆن یان ئیوکۆمەوە بەڕێوەبچێت. بەڵکو کۆشکی سپی و ئاسایشی نیشتمانی و سی ئای ئەی تیایدا بەشدارن. 

لە دانوستانەکاندا چەند ئەگەرێک لە ئارادان کە هەردولا یاری لە سەر دەکەن. یەکەم، تورکەکان وەها بیردەکەنەوە کە ئەوەی بەدەست هاتوە، کە بریتیە لە کردنەوەی بنکەیەکی چاودێری و ڕێگەدان بە وترکیا بەهاتنە ناو خاکی سوریاوە کە هەتا ئیستا مەوداکەی دیار نیە، جۆرێکە لە بەرەوپێشچون. بەڵام لە هەمانکاتدا لە مەترسی ئەوەدان کە پرۆسەکە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە لە ڕێگایەوە شەرعیەت بدرێت بە کوردەکان.

وەها دیارە ئەمە ئامانجی ئەمریکایە کە ئەم دانسوتانە دەرئەنجامەکەی ئەوەبێت کە ڕۆژئاڤا شەرعیەت وەربگرێت، بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکیەکان وەهایان پێباشە کە ڕۆژئاوا ناوێکی جوگرافی تەکنیکی هەبێت وەک باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەو مانایە تورکیا لە گەڵ حکومەتی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا مامەڵە بکات. ئەم ناوە جوگرافیە نائیتنیکیە بەشێکە لە تەکنیکی دانوستان و قبوڵکردن. پەیەدە خۆی لەمە ئاگادارە، بەتایبەتی لە ڕەهەندی ترەوە، کاتێک ناوی ڕۆژئاڤای لە خۆی کردوەوە، کە زیاتر مەبەستی ڕەواندنەوەی مەترسی خێڵە عەرەبەکان بوو. ئەمەش لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا ڕونە کاتێک سڵاو بۆ خێڵە عەرەبەکان دەنێرێت.

بەو مانایە ئیدارەی کوردی دەبێت بە ڕێگایەکی زۆر هەستیاردا بروات لە نێوان ناوەوە و دەرەوەدا. 
گەرچی ڕونە کە تورکەکان ئامانجی بەرفراوانیان هەیە لەوەی کە ناوچەی نفوزیان لە حەلەبەوە بۆ کەرکوک فراوان بکەن. یەکێک لە ئامانجەکانی هێنانی عەرەب بۆ ناوچەک کوردیەکان تەنها ئەوەنیە کە کورد بکاتە کەمیەن بەڵکو ئەوەشە کە لە ڕێگای ئەو هێزانەوە ناوچەی نفوز دروست بکات. خەونی تورکی کۆنە، ئەردۆگان بە ڕاشکاوانە بە برێت مەکگۆرکی ووتبو. بەڵام ئامانجی هەنوکەیی لە هاتنە ناو خاکی سوریا لە هەمانکاتدا دەستگرتنە بە سەر ڕێگایەکدا کە بە ڕێگای ڕۆدکۆ ناسراوە کە نزیکەی سی کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە دورە کە باشوری کوردستان بە حەلەبەوە دەبەستێت.

دیارە مەترسیەکی تری تورکەکان ئەوەیە کە هیچ ڕونەدات یان ڕێکەوتن ئەگەر ڕوشبدات هەر لایەن بەجۆرێک لێی تێبگات. لەمەوە گلەیی ئەوەیان هەیە کە جێمس جێفری لە تورکیا بە جۆرێک قسە ئەکات و لە واشنتۆن بەجۆرێک و لە گەڵ کوردەکاندا بەجۆرێکی تر. ئەم نەبونی دڵنیاییە وەها لێکدەدرێتەوە کە هەرلایەک ئامانجی خۆی هەیە و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە بەدەستی بهێنێت، بەبێ بونی هیچ ئامانجێكی هاوبەش لە نێواندا.

ئەمە لە ئاستی مامەڵەکردن لە گەڵ یەکتر و هێڵە گشتیەکاندا. بەڵام لە ئاستی تەکنیکی یاریەکی تر بەڕێوە دەچێت. ئەم یاریە بریتیە لەوەی کە چۆن ناوچەی ئارام دروست بکرێت و درێژی وپانتایی چەند بێت. 

لێرەدا پێشنیاری ئەوە هەیە کە لە پێنج کیلۆمەتری یەکەمدا ئەمریکی و تورکەکان پێکەوەبن، لە نۆ کیلۆمەتری دوای پێنج کیلۆمەترەکە ئەمریکاییەکان بن و پەیەدە لیی بکشێتەوە، بەڵام تورک بۆی نیە بێتە ناویەوە. لە چوار کیلۆمەتری پاشتر ئەمریکایەکان و پەیەدە بەڵام پەیەدە چەکی قورسی پێنەبێت. لە هەمانکاتدا سوپای تورک بۆی نیە کە بچێتە ناو شارەکانەوە، بەڵکو دەبێت تەنها لە دەرەوەی شارەکانەوە بێت.

هەموو ئەمانە چیمان پێدەڵین:
یەکەم، ئەمریکا دەیەوێت فشاری تورک نەهێڵێت و بەجۆرێک ڕازی بکات کە کاریگەری نەبێت لە سەر گۆڕینی دۆخەکە.
دووەم، ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگای ئەم پرۆسەیەوە دەروازە بۆ کورد بکاتەوە لە ڕێگای تورکیاوە هەتا مامەڵەکردنی لە ڕوی لۆجستی و سەربازی و زۆر بواری ترەوە ئاسان بکات.

ئەمە ئاماژەیە بۆ پرۆسەی درێژخایەن، چونکە لە هەمانکاتدا لە هەوڵی ڕێکخستنی ناوەوەن. وەک فەرەنسیەکان دەڵێن پرۆسەکە جۆرێکە لە دی جا ڤۆ لە گەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان و تورکیادا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی سه‌ردار عه‌زیز

سەرەتا