سهردار عهزیز
13/04/2022
268 جار خوێنراوەتەوە
بۆ گۆڕانکاری ڕونادات؟
سیحرێکی زۆر لە دەوری وشەی گۆڕان تەنراوە. یەکەمجار ئەم وشەیە بوو بە ناوێک و ناونیشانێک و خواستێک لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە. پاش ئەوە چەندین رەهەندی جیاوازی وەرگرت. ئەمڕۆ دەپرسین بۆچی گۆڕانکاری ڕونادات، لە کاتێکدا باسێکی بەردەوام و ئێجگار زۆر هەیە دەربارەی گۆڕان یان خواست بۆ گۆڕانکاریی. گۆڕان چەمکێکی ئێجگار نوێیە لە دونیای کوردیدا، بە گشتی ئەم چەمکە ڕەهەندێکی چەپیانەی هەیە، [بەڵام ڕەهەندە چەپییەکەی هەمیشە میتافیزیکی بوە، بە زمانێکی دوور لە خەڵک، باس لە نەبوویەک و تەواو دەستەبژێریی] بەڵام فراوانبون و گشتی بونی تەواو نوێیە. ئەم نوێبونەی وەهایکردوە کە تێگەیشتن و ڕامان و تێفکرینێکی زۆر کەم هەبێت دەربارەی.
لێرەدا چەند سەرنجێکی خێرا دەخەینە بەرچاو، بە هیوام لە داهاتودا بتوانم زیاتر قسەی لە سەر بکەم.
یەکەم، ئایا لە کۆمەڵگای کوردستاندا گۆڕانکاری ڕودەدات؟ یان ڕونادات؟ ئەمە پرسیارێکی ئێجگار سەختە. بەڵێ گۆڕانکاریی گەورە و ئێجگار کاریگەر ڕویداوە. بەڵام زۆرینە هەست دەکەن کە هیچ ڕوینەداوە، یان هیچ ڕونادات [بازرگانی بێهیواکردن]؟ ئەم پرسە کە خۆی لە ڕودان و ڕونەداندا دەبینێتەوە، جیاکارییکردنی زۆر قورسە. بۆ نمونە یەکێک لە ئەو گۆڕانکارییە گەورانە کە ڕویداوە بە شاربونی کۆمەڵگای کوردییە هەروەها بە شاربونی مرۆڤی کوردییە. شار بە پۆلێنە مارکسییەکەی، بە پێچەوانەی گوندەوە، پانتایی جوڵە و گۆڕانکاریی و نوێبونەوەیە. بە بە شاربون یانی هەڵکەندنی مرۆڤ لە ژینگە و ژیار و کێڵگە و دونیابینی و بەها و پەیوەندییەکانی بۆ دونیایەکی تر کە تەواو تەواو پێچەوانەیە. لە شار مرۆڤەکان و خێزانەکان لە پانتاییەکی کۆنکریتی بچوکدا دەبێت هەموو شتێک بە پارە بکڕن. بە سەنتەر بونی پارە لە دونیای ئێمەدا لەم ڕوانگەیەوە دێت. دەتوانین بڵێین کە ئەگەر تاکە ئایدەلۆجیایەک هەبێت لە کۆمەڵگای کوردستاندا کە زۆرینەی باوەڕی پێهێنابێت، سەرقاڵی بێت، خوازیاری بێت، پارەیە. پارە ئێجگار ئێجگار ئاڵۆزە. بەڵام لێرەدا چەند سەرنجێکی سادە دەربارەی دەخەینە ڕوو. کاتێک هەموو شتێک دەبێت بە پارە، تەنانەت هەوای پاکیش، ئەوا مرۆڤەکان پێویستیان بە دەست گەیشتنە بە ئەم بونە. ئەمەشە هۆکاری ئەوەی کە قۆرغکارییەکی ئێجگار گەورە هەیە لە دونیای ئێمەدا. پارە ئامرازی سەرەکی سیاسەتە و سیاسەت بۆ پارەیە. زاڵبونی ئایدەلۆجی پارە، یان لە دایکبونی تاکگەرایی، بە کورتی یانی نەمانی سیاسەت لە دونیای ئێمەدا. گەندەڵی کە بریتیە لە بردنی پارەی هەموان بۆ خۆت، لە نێوان تاوان و پێداویستی و ئاسایی بونەوەدا جۆلان دەکات. [زۆربەی سیاسەتمەدارانی دەرەوەی ڕۆژئاوا گەندەڵی وەک پێداویستییەکی سیاسەتکردن دەبینن. بە تاوانبونی بردنی سامانگی گشتی نامۆیە بە کەلتورەکانی درەوەی ڕۆژئاوا].
تاکگەرایی کە زۆرێک وەک یەکێک لە دەستکەوتەکانی شارستانی ڕۆژئاوای دەبینن، لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە جۆرێکی تر بەرجەستە دەبێت و بوەتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو بنەماکان. کاتێک مرۆڤەکان بۆ خۆیان هەوڵدەدەن، ئەوا هیچ ناگۆڕێت لە ئاستی گشتی و گەورەدا. کاری پێکەوەیی ناکرێت، بەردەوامی نامێنێت، پشو درێژی وون دەبێت. لە ئەنجامدا هیچی گەورە ناگۆڕدرێت. کەواتە شار، پارە، خۆپەرستی هۆکارەکانی نەگۆڕانن. ئەوەی زیاتر قوڕەکەی خەستکردوەتەوە سامانی سروشتییە. نەوت سیستەمی سیاسی پریدۆتەری بەرهەم دەهێنێت. کە تیایدا سیاسەت دەبێت بە سەرچاوەی پارە پەیداکردن.
لە دۆخێکی وەهادا سیاسەت قۆرغدەکرێت، چیدی ناتوانرێت باس لە گۆڕانکاری بکرێت. بە کورتی، بە شاربون، بە خودابونی پارە، ڕەفتار و هەڵسوکەت و زمان و خەون و ئاگایی خەڵکی بە تەواوی گۆڕیوە. بۆ نمونە ئەگەر بڕۆیتە هەر جێگایەک لە کوردستان، لە سەرجادە، هەر حەمەجانێک بگریت (مەبەستم کەسێکی ئاسایی) داوای لێبکەیت پێنج خولەک قسەت بۆ بکات، ئەوا زۆربەی کاتەکەی باسی پارە دەکات. نمونەیەکی زەقتر: بۆ لە کوردستان لە پانزە بیست ساڵی ڕابوردودا هەموو بایەخێک بە ماف، بە یاسا، بە هونەر، بە ئەدەب، بە جوانی، بە کەلتور، بیری قوڵ، بە کۆتاییان هات و هەموو ئەمانە پارە بوو بە جێگرەوەیان؟ لە کاتێکدا بۆ نمونە بۆ ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت، دەبێت یاسا بونی هەبێت و سەروەربێت، دەبێت سیستەمێکی حوکمڕانی جیاواز لە ئارادابێت، دەبێت پانتایی گشتی و زانیاری پەیوەست و قوڵ بە دۆخەکە هەبێت، دەبێت سیستەمێکی هێز و ئابوری جیاواز بێتە ئاراوە. ئەمە وەک ئەوە وایە بتەوێت ماڵێکی تازە دروست بکەیت، بەڵام تاقەتی خشت و چیمەنتۆ و ئاسن و شوشە و کرێکار و کار تڕو فیزی وەستات نەبێت.
بە کورتی خەڵک بە گشتی پێچەوانەی خواستەکانیان ڕەفتار دەکەن، بەڵام زۆرینە هەستی پێناکات. بۆیە گۆڕانکاری ڕودەدات، لە هەمانکاتدا هەستی ئەوە زاڵەک کە گۆڕانکاری ڕونادات. لێرەوە دێینە سەر خاڵی دووەم.
دووەم، دۆخی گۆڕانکاریی باسکراو، بەڵام ڕونەداو. ئەم دۆخە هەتا ئاستێک جیهانییە. زۆر زۆر قسە و باس لە سەر گۆڕانکاریی هەیە، بەڵام ئەوەی باس دەکرێت ڕونادات. ئایا ئەم دۆخە چیمان پێدەڵێت؟ دەتوانین لێرەدا باس لە ئابوری گۆڕانکاریی بکەین. یەکەم سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە گۆڕان بوەتە بەهانەیەکی سیاسی، بەڵام سیاسەت ئامانجی سەرەکی پارەیە. بەم پێیە ئەو گۆڕانکارییانەی کە سیاسییەکان باسی دەکەن، لە هەمانکاتدا ناخوازن ڕوبدات، چونکە ئەگەر ڕوبدات ئەوا وەک ئەوە وەهایە پەلکە دارەکەی ژێر خۆیان ببڕنەوە. لەم پێناوەدا چیدەکەن. ئەوەی لە کوردستان و دونیاشدا دەیبینین ئەوەیە کە خەڵکی لێدەخوڕن بەرەو دۆخێکی دەرونی ئاڵۆز و سەخت، کە ناوی دەنێین هیستیریا. لەم دۆخەدا خەڵکی وەها لێدەکەن کە وەها هەست بکات لە خراپترین جێگای دونیادا دەژی، هەموو شتێک لە دەوری خراپ دەبێت، بارودۆخی ئەو تاقانە و بێوێنەیە. هەموو ئەمانە درۆن، بەڵام درۆی مەبەستدارن لە پێناو دروستکردنی دۆخێکدا کە گۆڕانکاری پێویستە بەڵام مەحاڵە. ئەمە کرۆکی ئەو هێزانەیە کە بازرگانی بە گۆڕانەوە دەکەن. مەحاڵکردنی گۆڕان و نەخۆشخستنی خەڵکی لە پێناو ئەوەدایە کە بازرگانیی بە باری دەرونییانەوە بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ ڕوبدات. چونکە هەموو پەیامەکە ئەوەیە، دۆخی تۆ زۆر خراپە بەڵام گۆڕانکارییش سەختە. هەردوو ئاڵۆزکردن و بێدەسەڵاتکردن لە پێناو ئەوەدایە کە مرۆڤەکان بچوک ببنەوە، توشی سەرلێشوان ببن، نەتوانن دۆخی ڕاستەقینە ببینن، لە ئەنجامدا تەسلیم ببن. ئەم دۆخە وەک لە ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بۆمان دەردەکەوێت هەمیشە مرۆڤەکان لە ئەنجامی دەستەپاچەیی خۆیان بە دوای ڕزگارکەر و فریودەر و قارەمانی ساختە و تەڵەکەبازدا دەگەڕێن. ئەمەش وەها دەکات بپرسین ئایا گۆڕانخوازەکان گۆڕانخوازن، لە کاتێکدا ئەگەری هەیە گۆڕانکاری ببێتە هۆکاری خراپبونی ژیانیان؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر. بەم پێیە ئێمە لە بەردەم یاریی و بازرگانی گۆڕانداین.
هۆکاری سێیەم، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ببێت، دەبێت وەک بنەمایەک سەروەرێتی دیموکراسی بێتە ئاراوە. سەروەرێتی دیموکراسی لە زۆر شوێنی دونیا ئامرازەکانی یان شۆرش بوە یان جەنگ. بەڵام ئەم دوو ئامرازە بە هیچ شێوەیەک گەرەنتی نیە کە دەبنە هۆی هاتنە ئارای سەروەریی دیموکراسی. یەک خەسڵەت ئەمڕۆ لە دونیادا گۆڕاوە، کە دەبێت لە بەرچاوی بگرین ئەوەیە کە دونیا بوە بە یەک یەکە. جاران کە شۆرشی فەرەنسی یان ئەمریکی ڕویدا، دونیا هێندە بە خێرایی و بە چڕی و بە بایەخەوە بە ئاگا و دەستوەردان نەبوو، ئەمڕۆ لە هیچ کوێی دونیا ناتوانرێت شتێک ڕوبدات بەبێ دەستوەردانی خێرا و ڕاستەوخۆی هێزە جیاوازەکانی دونیا. ئەمەش وەهایکردوە چیدی ناتوانیت بیر لە ئەوە بکەیتەوە کە چۆن دۆخی ژیانت بگۆڕیت، بەڵکو دەبێت وەها بیر بکەیتەوە ئایا لە دۆخی ئێستای هەرێمی و جیهانیدا دەتوانیت چی بکەیت؟
گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری سەختە. هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی بە موژدەی خێرا دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە. ١٧ ی شوباتی کوردستان و تەشرینی باشور نیشانەی ئەوەن کە دەکرێت جوڵە هەبێت بەڵام گۆڕانکاریی ڕونەدات. ئەو گۆڕانکارییەی کە کۆمەڵگای کوردی دەیەوێت ئەوەیە کە پارەکە یان داهاتەکە بە باشی دابەش بکرێت. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە ڕوبدات دەبێت ململانێی سیاسی بە تەواوی بگۆڕدرێت. هەروەها دەبێت لەبڕی شەخس دەزگا زاڵ بێت. لە بڕی هێز یاسا باڵادەست بێت. لە بڕی ترس و قۆرغکاریی کرانەوە و لە خۆگریی بەرهەم بێت. دەیان بواری تریش.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سهردار عهزیز