سهردار عهزیز
24/06/2020
787 جار خوێنراوەتەوە
ئایا کۆرۆنا دەبێتە ئەزمونێکی فیکری و ئەخلاقی؟
یەکێک لە بنەماکانی دونیای مۆدرێن ئەوەیە کە سنور و سنوربەندی هەیە. ئەم پرس و توانای سنوربەندییە کارێكی ئاسان نیە. سنوربەندی بە مانای توانای جیاکردنەوە، ڕێکخستن، پێکەوەگرێدان و زۆر شتی تر. کۆرۆنا هەر لە سەرەتاوە کێشەیەکی گەورەی هێنایە ئاراوە بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی: ئایا نەخۆشی چارەسەر دەکرێت یان نەخۆش؟ لە کاتێکدا ئەم دوانە پێکەوە بەستراون بەڵام جوداشن. بەڵام کۆمەڵگای ئێمە نەک بیری لە ئەوە نەدەکردەوە کە چۆن ئەم دوو بوارە پێکەوە ڕێکبخات، بەڵکو خەڵکانێک هەر زوو لە هەوڵی ئەوەدابوون کە چۆن سەرمایەگوزاری سیاسی لە سەر بکەن. ئەگەر سیاسەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێناسەیەکی هەبێت ئەوەیە کە بوار و ساتەوەخت و دیاردەی پەککەوتنی عەقڵە. کە عەقڵ پەکی دەکەوێت ئەوا ئیتر، سۆز و یادەوەریی و بێزاری و ناڕەزایی و توڕەیی و کێنە زاڵ دەبێت بە ئاسانی لە لایەن پۆپیولیستەکانەوە دەقۆزرێتەوە.
ئێستا ئێمە لە کرۆنادا شکستمان هێنا بەوەی بتوانین سنوربەندی بکەین، شتەکان جیا بکەینەوە و هەر یەک لە ئاستی خۆیدا مامەڵەی لە گەڵدا بکەین. وەک چۆن ناتوانین دەسەڵاتەکان جودا بکەینەوە، مەدەنی و سەربازی لەیەکتر جودا بکەینەوە، تایبەتی و گشت لە یەکتر جودا بکەینەوە، ئەرز و ئاسمان لە یەکتر جودا بکەینەوە.
ئایا لە کۆرۆناوە ئەزمونی ئەوە وەردەگرین کە سیاسی و ناسیاسی جودا بکەینەوە؟ یان هەرزوو دەبینە نێچیری قارەمان و کەناڵ و جوندییەکانی فەیسبوک؟
من هیچ نیشانەیەک نابینم، بۆیە کۆرۆنا نابێتە ئەزمونێک و روداوێک بەڵکو درێژکراوەی ئەو کەلتورە ناعەقلانییە خورافاتییە سەقەتە دەبێت کە ڕێگە نادات دەزگا و حکومەت و سیستەم و مرۆڤ و ڕێز و خزمەتگوزاری و زۆری شتی تر بێتە ئاراوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سهردار عهزیز