سهردار عهزیز
29/10/2019
863 جار خوێنراوەتەوە
پەیوەندی تورکیا و ئەمریکا
لە ڕۆژانی ڕابوردوو،
پاش هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لە لایەن ترامپەوە بۆ تورکیا و پاشان هێرشی تورکیا و کرێگرتەکانی
بۆ ڕۆژئاڤا، پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا لە زۆر ڕوەوە کەوتە ژێر فشار و هەڕەشە و بەرگریلێکردنەوە.
لێرەدا بە پوختی هەوڵئەدەم ڕانانێکی ئەو دیدە سەرەکیانە بکەم کە ئەمرۆ لە واشنتۆن
و ئەنقەرە لە ئارادان بەرامبەر ئەم پەیوەندییە.
یەکەم، پێش هەموو
شتێک، ئەمریکا و تورکیا هاوپەیمانن. لە میانەی ئەم هاوپەیمانیەدا پەیمانی داکۆکیکردن
لە یەکتریان هەیە. ئەم هاوپەیمانیە مێژویەکی درێژی هەیە و بە قۆناغی هەستیار و سەختتدا
تێپەڕیوە. تورکیا لە سەردەمی جەنگی سارددا، کە دونیا بە سەر دوو جەمسەری سەرەکیدا
دابەشبوبو، پێگەیەکی ستراتیژی تایبەتی هەبوو. تورکیا یەکێك بوو لە وڵاتە کەمانەی کە
زۆر نزیک بوو لە سۆڤیەتەوە، سنوری ڕاستەوخۆی هەبو لە گەڵ یەکێتی سۆڤیەتدا و جێگایەکی
وەک بنەکی ئەنجەرلیک تەنها ٦٠٠ کم لە مۆسکۆوە دورە و زۆربەی کاتی ساڵ ئاسمانی ڕونە.
هەمو ئەمانە تورکیایان کردە ئەو جێگایەی کە ڕۆڵێكی ستراتیژی ببینێت لە جەنگی
سارددا. دەرئەنجامی ئەمە دروستبونی مێژویەکە لە نێوان هەردوو وڵاتدا کە لە ئاستی بیرۆکراتیەت
و سەرباز و بنکەی هاوبەش و ڕاهاتنی دەرونی ڕەنگی داوەتەوە. ئەم پاشخانە بوەتە هۆکاری
هاتنەئارای کۆمەڵێک لە دروشم و ئایدەلۆژیا و ئاگایی ڕەق، وەک تورکیا هاوپەیمان،
تورکیا ستراتیژیە، تورکیا مێژوی هەیە. ئێستا کە ساتەوەختی قەیرانە ئەم مێژوە کاتی
دەوێت هەتا هەڵوەرێت.
دووەم، ئەم
پاشخانە بە ئاسانی ناڕەوێتەوە. بەڵام ئەمرۆ لە هەمو ساتێکی تر ئەم پاشخانە لە بەردەم
هەڕەشە و فشاردایە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئێمە لە بەردەم قەیرانداین یان وەرچەرخان
یان پچڕان. پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا ئاشنایە بە قەیران و زۆرجار توشی قەیران بوە.
بەڵام ئەگەری پچڕان و دابڕان، دەگمەن بوە. ئەوانەی کە لە قوتابخانەی پچڕانن ئارگومێنتیان
ئەوەیە کە تورکیا لە سەردەمی جەنگی سارددا ڕۆڵێکی ستراتیژی دەگێڕا، ئێستا ئەو ڕۆڵە
ستراتیژیەی تەواوبوە. ئەمەش مانای وەهایە کە چیدی وەک جاران وڵاتێکی بەبایەخ نیە بۆ
ئەمریکا. لە هەمانکاتدا تورکیا لە ناوەوە بە جۆڕێک گۆڕاوە کە چیدی وەک هاوپەیمانێک
دەرناکەوێت. لە ڕۆژانی رابوردودا یەکێک لە پرسیارە سەرەکیەکان لە کۆنگریس و سێنات
لە جێمس جێفری دەکرا دەربارەی دۆخی ئەم پەیوەندیەبوو، کاتێک زۆرێک لە ئەندامانی هەردوو
خانەکە پرسیاری ئەوەیان دەکرد ئایا هەتا ئێستاش تورکیا هەر هاوپەیمان، یان بە گاڵتەوە
دەیانپرسی ئەمەیە هەڵسوکەوتی هاوپەیمان. گۆڕانی ناوەوەی تورکیا لە وەرچەرخانی تورکیاوە
دێت لە عەلمانیەتێکی توندی ڕوکەشەوە بۆ ئیسلامیەکی نەتەوەیی فراوانخواز.
دەرئەنجامی ئەمە
ئەوەبو کە تورکیا دەیەوێت ڕابەڕی دونیای ئیسلام بێت. لە پێناو بەدەستهێنانی ئەم ڕابەریەدا
ناچاربوو کە دژایەتی ئیسرائیل بکات. بەڵام ئەم دژایەتیە لە هەمو ئاستێکدا تەنها بۆ
فریودانە. ئەگینا هەردوو وڵات لە هەمو ساتێکی تر دۆستترن. ئەم دۆخە لە پەیوەندی
کورد و ئیسرائیلدا ئاوێنە دەبێتەوە. ئیسرائیل دەیەوێت کورد بگەوجێنێت کە دۆستە،
تورکیا دەیەوێت موسوڵمانان بگەوجێنێت کە دۆستیانە، بەڵام لە ئاستی بونیادی و
هاوکاری و ئابوری و کەلتوری و زۆر بواری تردا، تورکیا و ئیسرائیل لە هەمو ساتێک دۆستتترن.
بە ئیسلامی بونی
تورکیا، هەستی ناسەقامگیری دەرونی لە ناخ زۆربەی تورکدا زیندوکردوە کە دونیا هەمو
دوژمنیانە. دەرئەنجامی ئەمەش دژە ئەمریکاییەکی بەرفراوانە لە ناو کۆمەڵگای تورکیدا.
بە دوژمنکردنی دونیا لای تورک ئاسانە و بونی سیاسی شەعبەوی وەک ئەردۆگان بەردەوام
پەرەی پێئەدات. گەر دونیا هەموی گورک بێت ئەوا دەبێت هەموان خۆمان لە سایەی شوانە
بەهێزەکەماندا بپارێزین. ئەمە فەلسەفەی ئەردۆگانە. شایانی باسە کە تورک خۆیان بە
باڵاتر دەزانن لە گەلانی ڕۆژهەڵات، ئەمەش بنەمای ئەو مامەڵە ڕۆژئاواییەیە کە تورکیا
لە گەڵ خەڵكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیکات. کە تورکیا لە ڕۆژهەڵات دەڕوانێت خۆی ڕۆژئاوایی
دەبینێت. کاتێک لە ڕۆژئاوا دەڕوانێت، ناچار دەکرێت کە ڕۆژهەڵاتی بێت.
سێیەم، دیدێکی
تر کە چەند شارەزایانی تری تورکیا کاری لە سەر دەکەن ئەویش ڕۆمانسیەتی ئیمپراتۆریەتە.
تورکیا بە ئاسانی هێشتا نەبوەتە دەوڵەت نەتەوە. بەڵام توانای ئیمپراتۆربونی لە دەستداوە.
ئەم لە دەستدانی توانایە زیاتر هۆگری ڕابوردوی کردوە و لە ئەنجامدا ئەو رابوردوە ڕۆمانسیانە
بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەمەش وەها دەکات کە هەوڵی ئەوە بدات کە وڵاتێکی سەربەخۆیە و یاری
دەکات لە نێوان زلهێزەکانی تردا و بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا دەگەڕێت. ئەمە بە زەقی
لە مامەڵەی نێوان تورکیا و ئەمریکا و تورکیا و ڕوسیادا دیارە. ئایا تورکیا دەتوانێت
بە یاری کردن لە نێوان هەردوو لادا سود لە هەردوو لا ببینێت؟ ئەمە لە خیتابی
تورکدا دەبینین لە مەسەلەی ئێس ٤٠٠دا. خواستی تورکەکان ئەوبو کە ئەوا دەتوانن هەردوو
سیستەمەکەیان هەبێت. بەڵام وەک دەردەکەوێت کە تورکیا ناتوانێت خواستی خۆی بە سەر هیچ
لایەکدا بسەپێنێت، ئەمریکا و ڕوسیا هەردوو دەیانەوێت بە بەرژەوەندی خۆیان ئاراستەی
بکەن.
دەرئەنجامی ئەمانە
چەند دیدێکی ستراتیژیە:
یەکەم، بە لای هەندێک
لە ئەمریکاییەکانەوە تورکیا ئێستا لە پەیوەندیەکی خراپدایە لە گەڵ ئەمریکادا، بەڵام
توانای ئەوە هەیە کە جارێکی تر بهێنرێتەوە ناو بەرەی ئەمریکایی. شایانی باسە لە
ناتۆدا بەندێک نیە بە دەرکردنی ئەندام. ئەمریکا و کەنەدا هەڵیاندا کە بەندێکی وەها
بۆ هاوپەیمانییەکە زیادبکەن.
دووەم، تورکیا دەیەوێت
سەربەخۆبێت و لە ئەنجامی ئەمەدا گەرەنتی نیە کە لە هەمو ساتێکدا وەک ئەوەی لایەنی
ئەمریکی چاوەڕوان دەکات مامەڵە بکات.
سێیەم، تورکیا چیدی
لەوە دەرچوە هاوپەیمان بێت و ئەمریکا ناتوانێت وەک هاوپەیمانێک مامەڵەی لە گەڵدا
بکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سهردار عهزیز