سهردار عهزیز
25/12/2019
765 جار خوێنراوەتەوە
چەند سەرنجێک لەسەر یاسای نوێی هەڵبژاردن لە عێراق
سهردار عهزیز
ئەم یاسا نوێیە چەند خەسڵەتێکی جیاوازی هەیە لە یاساکانی تر:
یەکەم، بازنەی هەڵبژاردن بچوک دەکاتەوە، بە جۆرێک پانتایی کێبڕکێ لە سەر ئاستی قەزادایە، نەک پارێزگا.
دووەم، بازنەی هەڵبژاردن نابێت لە سەت هەزار کەس کەمتر بێت.
سێیەم، کاندید وەک کەس خۆی دەپاڵێوێت نەک حیزب.
چوارهەم، ئەگەر قەزایەک لە سەت هەزار کەس کەمتر بوو ئەوا دەخرێتە سەر قەزایەکی تر.
فەلسەفەی پشت ئەم سیستەمە:
یەکەم، ئەم سیستەمە وەک داخوازییەکی خۆپێشاندەران، لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەرفەت بدات بە کەسی سەربەخۆ بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی پەرلەمان، چونکە پەتایەکی دژە حیزبی لە وڵاتدا تەشەنەی کردووە.
دووەم، وەها دەبینرێت کە کاندیدێکی سەربەخۆ لە بازنەیەکی بچوکدا دەتوانێت کامپەین بکات، بە پێچەوانەی بازنەی گەورەوە کە بۆ کاندیدی سەربەخۆ ئاسان نیە، نەبونی دەزگا و سەرمایە و ناسراوی.
سێیەم، ئەندامی پەرلەمان لە خەڵک نزیک دەکاتەوە و هەمو بازنەیەک دەزانێت کێ نوێنەریەتی و نوێنەریش دەزانێت سەر بە چ بازنەیەکە.
لایەنی پۆزەتیف:
یەکەم، خەڵک و کاندید یان ئەندام لە یەک نزیک دەکاتەوە.
دوەم، خەمی تایبەت دەبێتە خەمی سیاسی، یان خەمی ناوچەیەک دەبێتە خەمی پەرلەمانی.
سێیەم، خەڵک دەزانن دەبێت قسە لەگەڵ کێدا بکەن و کێ نوێنەریانە.
چوارهەم، پڕۆسەی نوێنەرایەتی لە ئاستی حیزبەوە دەهێنێتە خوارەوە بۆ ئەندام پەرلەمان.
پێنجەم، چانس دەدات بە کەسی سەربەخۆ.
لایەنی نێگەتیف:
یەکەم، سیاسەت دەگۆڕێت بۆ کاری بچوکی خزمەتگوزاری.
دووەم، بواری بۆ سیاسەتی گشتی نامێنێتەوە.
سێیەم، جێریماندەرینگ دێتە ئاراوە، ئەمە پرۆسەیەکە کە لە میانەی دەستنیشانکردنی بازنەکاندا دێتە ئاراوە، بە جۆرێک کاتێک لایەنێکی سیاسی کە دەزانێت لە جێگایەک دەتوانێت کەسێک دەستنیشان بکات کە جێگای ڕەزامەندی خەڵكە، ئەوا ئەو کەسە دادەنێت، لە هەمانکاتدا زۆرجار یاری بە سنوری بازنەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بە بەرژەوەندی کاندید بگونجێندرێت، ئەم پرۆسەیە ئاڵۆزە لە زۆر جێگای دونیا، تەنانەت لە دیموکراسییە پێشکەوتوەکانیشدا کێشەی دروست کردووە، بە جۆڕێک کاندید خەڵک دیاری دەکات، نەک خەڵک کاندید دیاری بکەن.
چوارهەم، هەرچەند یاساکە وەها دەردەکەوێت کە لە بەرژەوەندی حیزبی گەورە و هێزی گەورەدا نیە، بەڵام ئەمە تێگەیشتنێکی سادەیە، چونکە هەمیشە ئەوەی کە ڕێکخراوە و خاوەن دەرامەتە دەیباتەوە، نەک کەسێکی ناڕێکخراو و بێ دەرامەت.
پێنجەم، پەرلەمان دەبێتە جێگای خەڵکی کۆنزێرڤەتیڤی وەک سەرۆک عەشیرەت و تازە دەوڵەمەند و کۆلکە سیاسی و پیاو ماقوڵ.
شەشەم، خەمی گشتی نامێنێت.
حەوتەم، ئەگەر ئەنترۆپۆلۆژیانە لە پرۆسەی دەنگدان بنواڕیت لە عێراق و کوردستاندا، دەبینێت کە دەنگدەر کەسێکی عەقڵانی نیە، بەڵکو خزمایەتی و بەرژەوەندی بچوک و ترس و ڕازیکردن و یادەوری و تایفە و خێڵ و زۆر هۆکاری تر هۆکاری دەنگدانن.
کورد وەهای دەبینێت کە بە زیانی کوردە بە تایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان.
دەرئەنجام:
کێشەی عێراق شەڕە لە نێوان کۆمەڵێک نوخبەی سیاسی دابڕاو لە خەڵک لە گەڵ چینێکی بەرفراوانی خەڵکدا. ئەم کێشەیە بە وەرچەرخانی ئابوری و ئابوری سیاسی وڵاتدا تێدەپەڕێت کە لە سودی نوخبەی سیاسی زاڵ نیە. بۆیە نوخبەی سیاسی ئەم هەنگاوە بە بێ مەترسی دەبینێت و هەوڵدەدات سودی لێببینێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سهردار عهزیز