سه‌ردار عه‌زیز 20/10/2019 786 جار خوێنراوەتەوە

چی دەگوزەرێت؟

تێگەیشتن لە دۆخەکە ئێجگار ئەستەمە. ئەگەر هەتا ئێستا بیرکردنەوە لە سەر بنەمای هەڵسوکەوتەکانی دەوڵەت و زلهێزان و مێژوو و جیوپۆلەتیک بوە، ئەوا ئەمڕۆ ئەم پێودانگانە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن دۆخەکە ڕاڤە بکەن.

یەکێک لەو ڕێگایانە بۆ تێگەیشتن ڕۆڵی کەسایەتیە. ئەوەی ڕودەدات پەیوەندی هەیە بە کەسایەتی ترەمپ، پوتین لە گەڵ ئەردۆگان.

یەکێک لەو تیورە بڵاوانەی بۆ لێکدانەوەی دۆخەکە، کە جۆرێکە لە تیورەی پیلانگێڕی، دەتوانین ناوی بنێین تیورەی هیلسینکی. ساڵی پار ترەمپ و پوتین لە هیلسنکی یەکتریان بینی، هەر پاش کۆتایی جامی جیهانی. دیدارەکە مایەی لێکدانەوەی زۆربوو لە ئەمریکا و دونیادا. بە گشتی ترەمپ تیایدا زۆر لاواز و هەرزە دەرکەوت. کەسێک کە زۆر موعجیبی پوتینەو وەهای دەبینێت کە کەسێکی بەهێزە. خۆشی وەها دەبینێت کە لاوازە بەڵام بە لاسایی و نزیکی لەگەڵ ئەم کەسانەدا ئەوا بەهێز دەبێت.

تیورەی پیلانگێڕییەکە وەهایە کە ترەمپ لە دانیشتنەکەی هیلسینکی بەوە ڕازی بوە کە سوریا بۆ ڕوسیا بێت و ڕوسیاش ڕازی بوە کە عێراق بۆ ئەمریکا بێت. ئایا ئێران چی لێدێت؟ ئەمە پرسیارێکە، لە کاتی دیدارەکەدا زۆر وروژێنرا، تەنانەت باڵوێزی ئەمریکی لە مۆسکۆ بە ڕاشکاوانە ووتی ڕوسیا و ئەمریکا ناتوانن ئێران لە سوریا دەرپەڕێنن. پوتین دژایەتی بۆ ئێران پێشان نەدا، بەڵام تڕەمپ پەیمانی ئەوەی دا کە نەهێڵێت ئێران سودمەندبێت لە دەستکەوتەکانی تێکشکانی داعش.

بەپێی لێدوانە فەرمییەکان سوریا بەشێکی سەرەکی بوە لە دانیشتنەکە. ترەمپ زۆر لاوازبوە، چونکە کێشەی گەورە هەیە لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکا لە سەر دەستوردان لە هەڵبژاردن و هاوکاری ترەمپ.

جا بەپێی ئەم تیورەیە ئێستا کە جارێکی تر وەرزی بانگەشە دەست پێدەکاتەوە، ترەمپ دەبێت پەیمانەکانی بۆ پوتین بباتە سەر هەتا جارێکیتر هاوکاری بکات کە دەربچێتەوە. پلانەکەش ڕازیبونە بە کۆنترۆڵکردنی سوریا لە لایەن ڕوسیاوە. پلانی پوتین ئەمجارە بۆ دەرچواندنی ترەمپ، وەهای دەبینن کە بریتیە لە لەتکردنی دیموکراتەکان. هەر لە ئیستاوە باس لە ژنە کاندیدی دیموکرات تولوسی گابەرد دەکرێت وەک کاندیدی سێیەم و پشتیوانکراو لە لایەن ڕوسەکانەوە، وەک ڕۆژانی ڕابوردو هێلەری کلینتۆن ئاماژەی پێدان.

لە هەمانکاتدا سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی ئەوروپی بۆ گۆڤاری دێرشپێگلی ئەڵمانی ئاشکراکردوە کە پاڵنەری سەرەکی هێرشی ئەردۆگان بۆ سوریا روسیا بوە، لە ڕێگای کۆبونەوەکانی ئەستانەوە. ئەم جوڵەیەی تورکیا بە چەندین شێوە بە قازانجی ڕوسیا شکایەوە لە ئاستی سوریا و ناوچەکە و بگرە دونیاشدا. وەک جولەیەکی شەترنجی زیرەکانە باڵادەستی ڕوسیای مسۆگەر کرد.

بەڵام دەرکردنی ئێران پرسێکی ترە. ڕۆژانی ڕابوردوو ئێرانیەکان گەشتنە دێر الزور. ئایا لە یاری شەترنجەوە دێینەوە بۆ یاری جیوپۆلەتیک. دوا بەیانی پەنتاگۆن ئاماژە بە ئەوە دەکات کە ئەوە پەیەدەیە کە دەبێت لە ناوچەی ئارام بکشێتەوە، بەڵام سوپای سوریای دیموکرات لەوێ ناکشێتەوە. لە راستیدا ئەمە وەک لە زمان دەرچونێکی فرۆیدی دەرکەوت کاتێک بەیاننامەکە سەرەتا ئاماژەی بە سوپای سوریای دیموکرات کرد، بەڵام پاشان ڕاستکرایەوە بە پەیەدە.

ئەگەر بە تیورەی کەسایەتی بیخوێنیەوە. پوتین لە هەردو ترەمپ و ئەردۆگانیش بەهێزترە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی سه‌ردار عه‌زیز

سەرەتا