سهردار عهزیز
09/03/2022
435 جار خوێنراوەتەوە
بەخێربێن بۆ ڕابوردوو
چۆن تێبگەین لەوەی لە ئۆکرانیا دەگوزەرێت؟ بۆ وەڵامی
ئەم پرسە کار بە چەمکی ڕوداو دەکەین لە فەلسەفەی پۆستمۆدێرندا. ئایا ئەوەی لە ئۆکرانیا
دەگوزەرێت ڕوداوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت مانای چەمکی روداو ڕون بکەینەوە. زۆر
بیرمەندی پۆستمۆدرن باسیان لە چەمکی روداو کردوە، لە نێویاندا ئالان بادیو هەڵدەبژێرین.
لای ئالان بادیو ئایاری ٦٨ ڕوداوە. ئایاری ٦٨ بۆیە
ڕوداوە، چونکە بە ئایاری ٦٨ ناسراوە. ئەم ناسینەی ئایاری ٦٨ وەک ئایاری ٦٨ مانای ئەوە
دەدات کە هاوشێوە یان بەردەوامی نیە بۆ ئەوەی پێش خۆی ڕویداوە، بەڵکو جودایی وتایبەتمەندی
هەیە، بەڵام لە ئەوەش گرنگتر بە هۆکاری رودانییەوە، پاش خۆی دەگۆڕێت. ئەمە لە هەمانکاتدا
یانی دابرانێکمان هەیە لە گەڵ ڕابوردودا، بە هۆی ڕوداوەکەوە کرانەوەیەکمان هەیە بە
ڕوی نوێدا. بەم پێیە ڕوداو کە ڕودەدات ڕژێمی مەعریفیمان دەگۆڕێت. بەڵام لە هەمانکاتدا
دونیا یان ئەو سیستەمەی کە ڕوداوەکەی تیادا ڕویداوە چید لە سەر هەمان ئاراستە بەردەوام
نابێت.
هەوڵدەدەین لەم چوارچێوەیەوە هێرشی ڕوسیا بۆ سەر
ئۆکرانیا بخوێنینەوە. بەم پێیە دەپرسین، هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە لە ناو کایەی
سیستەمی نێودەوڵەتیدا ڕودەدات، بۆچی ئەم هێرشە دەتوانرێت لە ئێستادا لە هەناو ئەم
سیستەمدا ڕوبدات؟ ئایا ڕودانی ئەم هێرشە ڕوداوێکی سیاسیە کە پچڕانێک لە پرۆسەی بەڕێوەچونی
یان چۆنێتی بەڕێوەچونی سیستەمی نێودەوڵەتیدا دروست دەکات کە ببێتە مایەی ئەوەی کە
چیدی سیستەمی نێودەوڵەتی، کە دەتوانین بە سیستەمی لیبرال ناوی بەرین، بەو شێوەیە بەڕێوە
نەچێت کە پێش هێرشەکە بەڕێوە دەچوو؟
بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە
دەبێت، ناو و شێوازی و تایبەتمەندی سیستەمی نێوەدەوڵەتی پێش هێرشە ئاماژە پێبدەین
و پاشان کاریگەری هێرشە و ئەگەری گۆڕانی ڕاڤە بکەین. ئەو سیستەمەی هەتا پێش هێرشی ڕوسیا
بۆ سەر ئۆکرانیا بونی هەبوو، سیستەمێکی لیبرالی تاک جەمسەری بوو، کە ئەمریکا پێشەنگی
دەکرد. ئەم سیستەمە لە ئەنجامی شکستی یەکێتی سۆڤیەت هاتە ئاراوە. دەتوانین بڵێین کە
شەڕی کوێت، سەرەتای دەرکەوتنی ئەم قۆناغەبوو، وەک بیرمەندە ڕوسییەکانیش وەهای دەبینن.
تاک جەمسەری ئەمریکا مانای وەها بوو، تەنها ئەمریکا دەیتوانی سەرکێشی بکات و هەوڵی
سەپاندنی بەها و بەرژەوەندییەکانی بدات. هەموو هێزەکانی تری دونیا توانای ئەوەیان
نەبوو، بە کاری وەها هەستن چونکە توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئەمریکایان نەبوو، یان لە
قازانجیان نەبوو کە بە هەنگاوێکی وەها هەستن. یان بە زمانێکی زیاتر ستراتیژی بدوێین
هەموو وڵاتان وەها بیردەکردەوە کە سودیان لە ئەوەدا زیاتر کە هیچ سەرکێشییەک نەکەن.
ئەم قۆناغە تاک جەمسەرییە لە دونیادا، ڕەنگە بە
هۆکاری نەوەی ئێمە لە سایەیدا گەورەبوین وەک دراو و ئاسایی ببینرێت، بەڵام بە ڕوانین
لە مێژوی جیهان، مێژوی سی ساڵی ڕابوردوو، یان بە ناوێکی تر سی ساڵی ئاشتی، ساتەوەختێکی
ناوازەیە لە مێژوی جیهاندا، چونکە هەرگیز ڕوینەداوە لە دونیادا، پێش ئەمریکا کە هێزێکی
وەها کاریگەر دروست ببێت توانای ئەوەی هەبێت هەژەمۆنیەتی بە سەر دونیادا هەبێت. زۆربەی
کاتی مرۆڤایەتی، هەمیشە چەند هێزێک بونیان هەبوە، زۆربەی کات لە ململانێدابوون.
کەواتە یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی سیستەمی ئێستا
تاک جەمسەرییە. خەسڵەتی دووەمی لیبرالیزمە. لە هاوینی ساڵی ٢٠١٩ دوو ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی
فاینانشاڵ تایمز لە گەڵ ڤلادیمێر پوتیندا چاوپێکەوتنێکی دوور درێژ دەکەن، کە نزیکەی
بیست و یەک لاپەڕەیە، لەم چاوپێکەوتنەدا پوتین ئەو قسەیە دەکات کە لیبرالیزم لە
کارکەوتوە یان بە سەرچوە، obsolete . دەربڕینی ئەم وەسفە بۆ لیبرالیزم بۆ ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز ناردنی
پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕۆژنامەکە وەک لیبرالخوازێک و هەروەها خوێنەرانی کە خەڵکانی پارەداری
لیبرال و نیولیبراڵن. هەر بەم ئاقارەدا شەممەی ڕابوردوو فرانسیس فۆکۆیاما وتارێکی
لە هەمان ڕۆژنامەدا نوسیبوو وەک داکۆکیکردنێک لە لیبرالیزم. لێرەدا دوو پرس دەبێت
شەن و کەو بکەین. یەکەم، لیبرالیزمی جیهانی پشت بەستووبوو بە زلهێزی ئەمریکی. دووەم،
لیبرالیزم وەک سیستەمێک خۆی توشی قەیرانی زۆر بوە و چیدی ڕەنگە هەڵە بێت قسە لە سەر
لیبرالیزم بکەین، هێندەی دەبێت قسە لە سەر نیولیبرالیزم بکەین. بە کورتی قەیرانەکانی
نیولیبرالیزم ئاماژە پێدەدەین بە هیوای گەڕانەوە بۆ سەریان، لە میانەی ئەم جەنگەدا.
نیولیبرالیزم ئابوری گۆڕی بۆ دارایی، فاینانس.
پارە و مامەڵەکردن بە پارە و پارە پەیداکردن بە پارە و بونی پارە بە باڵاترین بەهای
مرۆڤایەتی کرۆکی سەرەکی نیولیبرالیزم بوو. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم وەرچەرخانە لە
پەیوەست بەم جەنگەوە، بونی پایتەختەکانی ئەوروپا بە لانکەی پارە و سامانی ئۆلیگارشەکانی
ڕوسیا. جێگایەکی وەک لەندەن، لانکەی چەندەها ملیار دۆلاری پارەی دزراوی ڕوسەکانە کە
لەوێ دەشاردرێتەوە، سپی دەکرێتەوە، دەخرێتەوە کار، لە میانەی وەبەرهێنان لە کەرتی
خانوبەرە، عەقارات، کڕینی یانە وەرزشییەکان و زۆر بواری تر. [گەندەڵەکانی جێگاکانی
تری دونیاش هەمانکار دەکەن].
لە لایەکی ترەوە کاتێک نیولیبرالیزم، وەک سیستەمێکی
بەهایی، ئابوری، جیهانگەری، دۆخێکی وەهای دروستکرد کە پارە بنەمای هەرە سەرەکی بێت،
بەڵام لە هەمانکاتدا پارەی لە دەستی کەمینەیەکدا کەڵەکە کرد و زۆرینەیەکی لێ بێبەری
کرد، زەمینەی ئەوەی سازان کە نیوفاشیزمی ئەوروپی بە خێرایی سەرهەڵبدات. ئەم هێزە نیوفاشیزمانە
کە لە هەموو وڵاتە ئەوروپییەکاندا بە گوڕ بونیان هەیە، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە
پوتین وەها بیربکاتەوە کە ئەوروپا ناتوانێت هیچ بکات بەرامبەری چونکە لە هەناو سیستەمی
سیاسی وڵاتانی ئەوروپیدا دۆستی زۆرە.
لاوازبونی تاک جەمسەریی و چاوچنۆکی نیولیبرالیزم
وەهایان کرد کە ڕۆژئاوا چیدی وەک هێزێکی گەردونی نەمێنێت. دیارە هۆکاری تر زۆرن بۆ
لاوازبونی دیموکراسی و سیستەمی ڕۆژئاوایی، بەڵام لێرەدا ئەم دوانە هەرە سەرەکین، لە
گەڵ پەرتبون و جەمسەرگیری سیستەمی سیاسی ئەمریکی لە ناوەوە
لە سەر ئەم بنەمایانە هێرشی پوتین بۆ ئۆکرانیا،
روداوە بەوەی گورزێکی کوشندە لە قۆناغێکی سیاسی دەدات کە بە تاک جەمسەریی و نیولیبرالیزم
و جیهانگەریی ناسراوە. ئایا ئەم گورزە کوشندەیە دەتوانێت بە تەواوی ئەم قۆناغە کۆتایی
پێبهێنێت و ئاراستەیەکی نوێ بهێنێتە ئاراوە، ئەمە هێشتا بە تەواوی رون نیە. بەڵام
ئەوەی ڕونە سنورداربونی ئەمریکا و ئەوروپایە لە کاریگەریی و ڕۆڵیان لە دونیادا. ئایا
ئەو ئاراستە نوێی چیە کە ئەگەری هەیە ئەم ڕوداوە بیهێنێتە ئاراوە؟
ئەگەرێکی گەورە ئەوەیە کە دونیا بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی
هێزە هەرێمییەکان. بەو مانایە کە دونیا چیدی وەک یەک یەکە بونی نەمێنێت، وەک پانتاییەک
نەبێت کە یەک بەها یەک سیستەم تیایدا زاڵ بێت یان بەڕێوەی ببات وەک لە سەردەمی لیبرالیزم
و جیهانگەریدا بینیمان، بەڵکو لە هەرێم و ناوچەی جیاواز سیستەم و بەهای جیاواز بونیان
هەبێت.
ئایا هەرێمەکان کوێ دەبن، بەها و سیستەمەکانیان
چۆن دەبێت، هێشتا ڕون نیە، چونکە ئێمە ئەمە وەک ئەگەرێک دەبینین. قوتابخانەی جیوپۆلەتیکی
ئەمریکی، وەک جۆرج فریدمان (کابرای ڕۆژنامەنوس نا) و پیتەر زاین و ئەوانیتر ئەم تێزە
بە ئەگەرێکی گەورە دەبینن.
بە بونی دونیا بە پانتایی هەرێمی جیاواز ئێمە لە
کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە ببینە جێگای ململانێی زیاتر لە نێوان هێزە ئیقلیمییەکان
و هێزە هەرێمییە جیهانییەکان. لێرەدا دەبێت ئەو جیاکارییە بکەین لە نێوان هێزێکی
ناوچەیی وەک ئێران و هێزێکی هەرێمی وەک ڕوسیا. ئەگەر ئێمە بەرەو ئەم ئاراستە بڕۆین
ئەوا جۆری ململانێ و جەنگ و بەهاکان دەگۆڕێن. ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمێک کە چەندین
هێز لە پانتایی جیاوازدا لە دونیادا حوکمی پانتاییەکانی دەوروبەری خۆیان دەکرد. ئەمە
نوێ نیە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ڕابوردوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سهردار عهزیز