عیماد مهحمود
13/12/2021
520 جار خوێنراوەتەوە
رێکخستنەوەی میلاک خۆ پارەی ناوێت
لە کوێی دونیا هەبووە، قوتابخانەیەک ۳٥۰ قوتابی هەبێت و
بێ کار گوزار و بێ چاودێری شەوانە بێت.
بێکاری شاراوە:
یەکێکە لەو دیاردە ئابورییە ترسناکانەی، کە
رووبەڕووی وڵاتە دواکەوتوەکان و هەندێک جاریش وڵاتە تازە پێگەشتووەکان دەبێتەوە بێکاری
شاراوە، بە واتای بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کارکەر یان فەرمانبەر دێت، لە شوێنێکدا کە
لە پێویستی خۆی زیاتر بێت.
کوردستان بە نمونە، یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە لە ساڵانی ۲۰۱٤ بەدواوە حکومەتی
هەرێمی گەیاند بەم رۆژە، دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر و لە رادەبەدەری فەرمانبەر
بوو، لە نێوان ساڵانی ۲۰۰٥- ٢٠١٢.
روون بوو کە بەرچاو ڕوون نەبوون، رۆژانێکی وەک ئەمڕۆتان
لێ دێتە پێش، دەرەقەتی موچەی ئەو دەیان هەزار موچەخۆرو خانەنیشن و بندیوارەتان نایەن.
تا ئێرە ئاساییە، بەڵام چۆن؟ بۆچی؟ ئەو لێشاوەتان لە دامەزراندن روو دەکردە وەزارەتێک
و دوان و ئەوانی دیش بێ بەش و میلاک دەکران، واتە دامەزراندن لەسەر خواستی کەسەکە
بوو، نەک پێداویستی شوێنەکە.
ئێستاش دوای ئەو هەموو فشارەی لەسەرتان کەڵەکە
بووە، هێشتا خۆتان بە خاوەن ماڵ و بە ئەزمون نازانن، بیر لە چارەی هەڵەکانی رابردوو
ناکەنەوە.
رێکخستنەوەی میلاک نمونەیەکی زۆر ڕوونە، فەرمانگە
هەیە سەدان فەرمانبەری میری لێیە و بێکارە، واتە ئەگەر لە کۆی گشتیی ژمارەی ئەو فەرمانگە
یان دامەزراوە، بۆ نیو هێندەش کەم بکرێتەوە هێشتا هەر بێ کارن، بێکاری شاراوەن.
لە کاتێکدا فەرمانگەو دامەزراوەی وەهاش هەیە پێویستی
بە فەرمانبەرێک یان کار گوزارێکە.
روونتر لە سلکی پەروەردە، لە نێو قوتابخانەکان ئەو دیاردەیە بە نەرێنی
هەستی پێدەکرێت، بە گشتیی کێشەی نەبوونی میلاکیان هەیە لە کارگوزارو نووسەر و
چاودێری شەوانە، بۆ ئەو ئەو مەبەستە بەشێک لە مامۆستایان خۆیان ئەو ئەرکە رادەپەڕێنن.
هەر بۆیە لەرێگەی ئەم نووسینەوە پێشنیارو داوای
خێرا پێداچوونەوە بە ڕێکخستنەوەی میلاکی هەموو وەزارەت دامەزراوەکانی حکومەت دەکەین،
تەنها تۆزێ دڵسۆزی و کەمێک سەلقەی دەوێ هیچی دی .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عیماد مهحمود