عیماد مهحمود
20/07/2022
275 جار خوێنراوەتەوە
دیارترین سیماکانی بێ پلانی حکومەت، کەرتی کشتوکاڵ بە نمونە
هەزاران ساڵە ئەم وڵاتە سیمبولی کشتوکاڵ، خودبژێوی بووە، سەبەتەی خۆراکی تەواوی ناوچەکەو وڵاتانی دەوروبەری بووە.
بەڵام، دوای یازدە هەزار ساڵ چ دەگوزەرێت؟
سروشتی ژینگە، ئاوهەوا، خاک جوگرافیا بە جۆرێک دابەشکراوە، خوڵقێنراوە، هەر دەوڵەتێک و بە جۆرێک لە جۆرەکان لە بەرهەمێک، یان چەند بەرهەمێکی سروشتی پسپۆری دەبێت لە بەرهەمهێنانی شمەکێک یان چەند شمەکێکی کشتوکاڵیدا، وڵات و سروشتی ئێمەش بێ بەش نییە، لەم دابەشکارییەی سروشت.
لە هەرێمی کوردستان، هەرکەسەرەتای وەرزی هاوین دێت دەرگا بەڕووی زیادەی شمەکی هاوینە دەکرێتەوە، کە زیاترە لە خود بژێوی، واتە سەرڕێژی بەرهەمی کشتوکاڵیمان بۆ زۆرینەی بەرهەمەکشتوکاڵییەکان بۆ دوو هێندە زیاتر یان بڕێک کەمتر بەرز دەبێتەوە، بە نمونە پێداویستی ناوخۆ بۆ بەرهەمی تەماتە نزیک بە 96 هەزار تۆنە بۆ چوار مانگی وەرزی هاوین، لە کاتێکدا سەرو 160 تۆن بەرهەم دەهێنرێت لەو وەرزەدا.
بۆ پەتاتە پێویستمان بە ۹۰ هەزار تۆن پەتاتە هەیە، رێژەی بەرهەمی ساڵانەی پەتاتە زیاتر لە ۳۰۰ هەزار تۆنە لە ساڵێکدا، دەیان نمونەی دی لە بەرچاو هەیە.
گرفتەکە لێرەوە سەر هەڵدەدا، ئابووری کشتوکاڵ توشی داشکانەوە دەبێت، لە بەرامبەر زیادەی بەرهەم و نەبوونی پلانی زانستی حکومەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەو گرفتە.
کاری سەرەکی و لە مێژینەی حکومەت، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، بازرگانی پلاندانان و دارایی، ئەوەیە پێشکەوتنە ناو قەیرانەوە پلانی تۆکمەو زانستی هەبێت.
بۆ ئەم سەرڕێژیەی بەرهەمی کشتوکاڵی دەبێت چی بکرێت؟
لە گرنگترین ڕێوشوێنە زانستی و ئابورییەکان بە ڕیزبەندی.
1. پێش هاتنی وەرزی هاوین، لەسەرەتای وەرزی بەهاردا دیراسەیەکی ورد زانستیانەی پێداویستی خەڵک بۆ بەرهەمەکانی کشتوکاڵی بکرێت، بەپێی ئەو پێداویستی و خواستانە، کە لەلایەن بەکاربەرەوە هەیە ڕێنمایی جوتیارو خاوەن کێڵگەکان بکرێت تا بەو جۆرو حسابە جۆری بەرهەمەکانیان بچێنن.
2. لەسەرو ئەو دیراسەوە ئەگەر زیادەیەک لە بەرهەم هەبوو، پێویستە پێشوەختە هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ بدرێت، تابە باشترین شێوه ئەو زێدە بەرهەمە ساغ بکرێتەوە.
3. لە سەروبەندی وەرزی بەرهەمی خۆماڵیدا، باج لەسەر ئەو بەرهەمانە زیاد بکرێت کە لەدۆخی خود بژێویداین.
سەرەڕای دانانی باج، پێویستە ڕێ لەقۆرخکاری بازاڕیش بگیرێت و سنورەکان توندتر بکرێتەوە تالە ڕێی قاچاخەوە ئەو بەرهەمانە داغڵ نەبن، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمی جوتیار، بەجێ نەهێڵێت.
4. له کاتێکدا ئەگەر بەرهەمەکە بەرهەمی ژێر خان بوو، پێویستە لە نزیک شوێنی بەرهەمهێنان کارگەی لە قوتوونانی بۆ دروست بکرێت و حکومەت هانی کەرتی تایبەتی بدات و هاوکاری مادی و مەعنەوی بکرێن، تابە میکانیزمێکی گونجاو، زۆرترین کارگە دروست بکرێت.
5. بە پێچەوانەوە، ئەگەر بەرهەمەکان سەرخان بوون، واتە تەنها بۆ بەکارهێنانی یەک جار بوون، پێویستە ساردخانە لە نزیک زەویەکشتوکاڵەکان دروست بکرێت، بەهەمان ڕێوشوێنی پێشو که ئاماژەمان پێدا هەڵبگیرێت ولەکاتی پێویستدا جارێکی تر وە بازاڕ بخرێتەوه.
ئەمە کارێکی زۆر گران نییە، لە ڕووی تێچوون و کاری کارگێڕییەوە، تەنها تۆزێک دڵسۆزی و لێبڕان و سەلیقەی دەوێت.
گرنگی ئەم ڕێوشوێنانە لە چیدایە؟
1. کەرتی کشتوکاڵ، شان بە شانی کەرتەکانی تر دەبێت بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی نەوتەوەییمان، لە فرەچەشنی داهات نزیک دەبینەوە.
2. هانی جوتیارەکان دەدات، تا برەو بە کارەکانیان بدەن و بەردەوام بن لەسەر کارو پیشەیان، بەوەش سیمای گەشەی ئابوریمان ڕوونتر دەکات.
3. ڕێ لەکەمبونەوەی ڕێژەی زۆری بێکاری دەگرێت، کە ئێستا ووڵات پێوەوەی دەناڵێنێت، بەدەیان هەزار بێکار لە دەوروبەرمانن.
4. ڕێگری لە هاوردەی بەرهەم و شمەکی بیانی پێ دەگیرێت، کە سەرچاوەی گرفتی ئابوری و تەندروستیمانە،
5. ڕێگری دەکات لە لاسەنگی تەرازووی پارەدانی ووڵات، زیاتر لەوە
ئاسایشی خۆراکیشمان زامن دەکەین لەو ڕێگەوە.
جێی داخە، سەرەڕای گەشەی ژمارەی دانیشتوان، گەشەی ئابوری جیهان، هێشتا ئەم کەرتەی ئابووری وڵات لای ئێمە بێنازترین کەرتی ئابورییە.
بە دەلیلی تەرخان نەکردنی بودجەی تایبەتی ساڵانە بۆ کەرتی کشتوکاڵ و وەلانانی ئەم کەرتەی پێشەنگی ئابووری، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کە ساڵانە بە ڕێژەی سەدا 1.8%ی کۆی گشتیی بودجەی بۆ تەرخان کردووە.
سەرەڕای ئەوەی زەوی کشتوکاڵیمان بۆ چاندن، ڕێژەی سەروو 80% داگیرکردووە، ئێمە تەنها کەڵکمان لە ڕێژەی 50% کەمتر وەرگرتووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عیماد مهحمود