عیماد مه‌حمود 21/06/2023 362 جار خوێنراوەتەوە

سەوداکردنی رۆژانەمان، لە نێوان ویژدان و نرخی سەپێنراودا

سەوداکردن (مامەڵە) بریتیە لە رێکەوتنی نێوان کڕیار و فرۆشیار،  یان بەکاربەرو خاوەنکار لەسەر نرخی کاڵاو خزمەتگوزاریەکان، بەپێی نرخی دروست و قبوڵ کراو لەلایەن هەردوو لاوە، بەڵام  لێرە شتێکی دی، دەگوزەرێ.
سروشتی ژیان وایه، کەهەر یەکەمان ڕۆژانە پێویستیمان بە بەشێک لەکاڵاو خزمەتگوزاریەکان دەبێت، خۆویستانە بێت یان بە ناچاری.

بۆ بەدەستهێنانی ئەم شمەک و خزمەتگوزارییانەش، رۆژانە بەرکەوتەمان، لە گەڵ ئەوانی دی دەبێت، لە خاوەن پیشەو پیشەوەرەکان، وەک پزیشک، پارێزەر، مامۆستا، شۆفێری تەکسی، وەستای بیناسازی، دەرمانخانە، چاککەرەوەی ئۆتۆمبێل(فیتەرێک) یان فرۆشیاری پێداویستی ئۆتۆمۆبێل، یان جلوبەرگ و خواردن، پێداویستیەکانی دی، هتد.

زۆرجار بەناچاری و لە پێناو خێرا بەڕێکردنی کارەکانمان، یان بەهۆی سەرقاڵیمان، یان بەهۆی شەرمنیمان، یان بەهەر هۆکارێکی دی، مامەڵە ناکەین.

ئەم مامەڵە نەکردنە بەگشتیی هۆکار بووەو دەبێت کەبەشێکی زۆر لەو خاوەن کارو پیشەوەرانەوە، کەسی بەرامبەر بقۆزنەوە بەکاربهێنرێت (استغلال) بکرێت بەخراپترین شێوە، چۆنی بووێت بەو جۆرە نرخ لەسەر کارەکەی یان خزمەتگوزاریەکەی دادەنێت، بە بێ گوێدانە ڕەوشت و ویژدان، داهاتی بەرامبەر، کەسی بەرامبەریش کە کاڵاکەی یان خزمەتگوزاریەکەی پێشکەش کراوە، بە ناچاری، نرخی سەپێنراو قبوڵ دەکات.

ئەوەی ئاماژەمان پێدا، بە داخەوە، لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە، هەریەک لە ئێمه ڕۆژانە کاردانەوەمان لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا هەیە بێ ئەوەی دەنگمان لێوە بێت.
چەند هۆکارێک لە پشت ئەم دیاردەیەوەیە بەکورتی ئاماژەی پێدەکەین.

یەکەم: ناڕۆشنبیری و نەزانینی  نرخ و بەهای بەشێک لەو کاڵاو خزمەتگوزاریانە، کە ڕۆژانە پێویستمانە، دواجار بە ناچاری نرخی  سەپێنراو قبوڵ دەکەین.
دووەم: نەبوونی یاسایەکی توندو دادپەروەرانە، کە بتوانێت مافی هەردوو لا بپارێزێت.
سێیەم:  نەبوونی چاودێریەکی وردو چڕ بەسەر خاوەن کارو پیشەو پیشەوەران و بازارەکان.
چوارەم: غیابی ویژدانی بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە ئێمە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین و بەرکەوتەمان لەگەڵیان هەیە.
پێنچەم: ناهۆشیاری تاک یان بەکاربەر، سەرەڕای ئەو هۆکارانەی  کە ئاماژەمان پێدا، بەکاربەر خۆی هۆکاری سەرەکیە، کە بقۆزرێتەوە، چوون یەکەم هەنگاوی بەرکەوتە لەکاتی بە دەستهێنانی کاڵاو خزمەتگوزاریەکان،  ئەنجامدانی مامەڵەیە، ئێمەش مامەڵە بەجۆرێک لەناڕۆشنبیری تەماشا دەکەین، یان پێمان شەرمە.
کەواتە ئەم هۆکارانە وایان کردووە، ئەم بابەتە له حاڵەتەوە بۆ دیاردە تەشەنە بکات.
بۆ بەرگرتن لەم دیاردەیە، پێویستە خێرا بکرێت، لەدەرکردنی یاسایەکی دادپەروەرانە، بۆ نرخ و بەهای تەواوی کاڵاو خزمەتگوزاریەکان، کەبگونجێت، لەگەڵ دۆخی ژیانی خەڵک و  سیستەمی ئابوریی وڵاتدا.
لایەنە پەیوەندیدارەکان، چاودێری بازرگانی زیاتر بە ئەرکی خۆیان هەڵسن،  بەکاربەریش  چاو کراوەتر بێت.
سەرەڕای ئەمە هۆشیاری تاک گرنگە، دەبێ واز لەکلتوری مامەڵە نەکردن بهێنین، پێش کڕین یان بە دەستهێنانی خزمەتگوزاریەکە، سەودا کردن یەکلا بکەینەوە.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا