عیماد مهحمود
24/12/2020
1818 جار خوێنراوەتەوە
ڕەفتاری بەکاربەر، لەنێوان هەڵاوسان و داکشانەوەدا
بههۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بە بڕیاری بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بەسەر بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکیدا هاتووە؛ بەرەو حاڵەتێکی دەگمەنی ئابوری دەڕۆین، کە ئەویش "سەرهەڵدانی دوو دیاردەی ئابوری دژبەیەکە، لە یەک کات و زەمەندا".
هەڵاوسان چییە؟
دیاردەیەکی ئابورییە، کە تێیدا نرخی شمەک و کاڵاکان بۆ ئاستێکی زۆر بەرز دەبێتەوە، هۆکاری ئەمەش لەدەستدانی هێزی کڕینی دراوی نیشتیمانییە.
ئەم دیاردەیە لە ئێستا خەریکە بەرەو ڕووی هەنگاو دەنێین، بەهۆی ئەو حاڵەتەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە. لەلایەک ڕەفتاری بەکاربەر لە بەدەستهێنانی کاڵاو شمەک، لە لایەکی ترەوە بوونی دیاردەی هەڵاوسانی بازاڕەکان.
بەپێی ئامارەکان رێژەی هەڵاوسان لە عێراقدا بە 104% دەخەمڵێنرێت، ئەم گۆڕانکاریانەش ڕێژەی هەڵاوسانەکە بەرزتردەکاتەوە.
داکشانەوە چیە؟
دیاردەیەکی ئابورییە، هۆکاری سەرهەڵدانی زۆریی شمەک و کاڵایە لەناوخۆدا و لەبەرامبەردا کەمی پارەیە لەلای بەکاربەران. بەمانایەکی تر، کەمی خواست بەبەراورد بەخستنەڕوو.
شایانی باسە مووچەخۆرانی هەرێم لە 2020دا تەنها پێنج مووچەیان پێدراوە، بە لێبڕینی ڕێژەی 21%ی مووچەخۆران.
لەهەمانکاتدا بەپێی یاسای بودجەی گشتی دارایی ساڵی 2021 بۆ هەموو فەرمانبەران ومووچەخۆران لێبڕین بەڕێژەی جیاواز دەبێت.
هەموو ئەمانە کاریگەرییان هەیە لەسەر کەمبوونەوەی بڕی پارە لەدەستی بەکاربەراندا و سەرئەنجام کەمبونەوەی خواست دەبێتە هۆی دروست بوونی دیاردەی داکشانەوە و بێ بازاڕی.
کورت و پوخت:
بەهۆی ئەو گۆڕانکارییەی بەهای دینارەوە، هەڵپەیەک لە هەڵسوکەوتی بەکاربەرانەوە دروست بووە، خەریکە دەکەوینە نێو دیاردەی یەکەم.
دیاردەی دووەمیش کەداکشانەوەیە. بەهۆی نەبوون و کەمی پارە لەلای بەکاربەران، هەمان ترس لای فرۆشیاران و بەرهەمهێنەران سەرهەڵدەدات. ڕەنگە ئەم دیاردەیە لەهەرکاتێکدا بوونی هەبێت و توانای بەکاربەر بۆ کڕینی کاڵاوشمەک لاواز بکات.
کەواتە ئەگەر بەکاربەران هۆشیارانە ڕەفتار بکەن هەرگیز ترس لەڕودانی دیاردەی هەڵاوسان دروست نابێت، بەو جۆرەی کە پێشبینی دەکرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عیماد مهحمود