عیماد مهحمود
12/06/2022
315 جار خوێنراوەتەوە
خولی فێرکردن، لە نێوان بازرگانی و پێگەیاندندا
کردنەوەی پەیمانگاکانی پێگەیاندن و ڕاهێنانی خوێندکاران، لە ئێستادا بووە بەدیارده، بە گشتيی هێندەی لە کلینیکی مامۆستایان دەچێت، هێندە وەک ناوەندێکی فێربوون و پێگەیاندن، تەماشا ناکرێن.
دیاردەیەکە، خەریکە تەشەنە دەکات بۆ فەوزەوی و گەوچاندنی چینی خوێندکاران و قوتابییان، لە ژێر ناو و ناونیشانی گەورە گەورەدا.
لە بنەڕەتدا فێربوون و گەیاندنی زانست و پەروەردە، کارێکی مرۆیی و زۆر پیرۆزە، تا ئەوکاتەی ئامانجدار نەبێت بە بەرژەوەندیەکی کەسی و مادییەوە.
ئەوەی هەیە و بە روونی هەستی پێدەکرێت، ئەم دیاردەیە، نەک خەریکە دەبێت بەبازرگانی، بگرە لەو حاڵەتەش دەرچووە، بەشێکی زۆر لەو پەیمانگاو گروپانە، هەوڵی خۆگەورەکردن و قۆستنەوەی خوێنداکاران و بەخێوکەریان دەدەن، لەڕێگەی ڕێکلامکردنی نازانستی و ناڕاست بۆ پەیمانگاو ڕێکخراوەکانیان.!
بـــەنمونە دەبینین، لە نێو ئەم پەیمانگاو سەنتەرو ڕێکخراوانەدا، کەسانی زۆر گەورەی تێدایە، بەناونیشانی گەورە، پزیشک، سەرپەرشتیار، بەڕێوبەرو جێگری بەڕێوبەر و هتد..
ئەمانە، دێن هاوار بۆ پەیمانگاو خولەکان دەکەن، ئێمە جیاوازین، ئێمە نمونەین، منداڵەکانتان بەکەسیانی تر نەسپێرن بەئێمە نەبێت، باشترین و بەئەزمونترین و نایابترین مامۆستاکان لای ئێمەیە..
جا پرسیارەکە لێرەدایە، ئایا ئەو تواناو وزە زۆرەی کە ئێستا بەردەستە، پێشتر بەکارت هێناوە؟!
ئەی ئەگەر بەکارتهێنا بێت، ئەم منداڵانە چ پێویستیان بەوەیە بەم گەرمایە، تۆ وانەیان پێ بڵێیتەوە؟!
ئەمەش ئەو ڕاستیە دەردەخات، بەداخەوە بەشێکی زۆر لەو مامۆستایانە، حەقی تەواو بەوانەکانیان نادەن لە پۆلدا، قوتابیەکان ناچار دەکرێن لە رێگەی وانەی تایبەتییەوە وانەکانیان بۆ دووبارە بکەنەوە بەپارەیەکی خەیاڵی و ناواقیعی، کە نرخەکانی وانەوتنەوە بۆ یەک کاتژمێر لە ۲٥ هەزارەوە بۆ ۱۰۰ هەزار دینار، دەست پێ دەکات.
کە ئەمەش دیسانە بارگرانییەکی دیکەیە بۆ خێزانەکان و دەبێتە سەربار بۆیان لەم بارودۆخە قورسەی ئابوری و داراییدا.
ئەپرسم، لە بەخێوکەری ئەو منداڵانە، لەکوێی دونیا هەیە کاتی پشوو خوێندکار دیسانەوە بەخوێندنی مەنهەجی بەسەر بەرێت؟ بەتایبەت لە وەها ساڵێکدا، کە فشارێکی زۆر لەسەر قوتابیان و خوێندکاران بووە.
منداڵ پێویستی بە پشووە، پێویستە ئەو سێ مانگە تایبەت بکرێت بە حەزو خولیاکانی، تکایە با چیتر لایەنی دەرونیان نەشێوێنین با چێژ لە کاتەکانیان وەرگرن.
کێ بەرپرسە لەو دیاردەیە؟
دوو لایەن، لە تەشەنەکردنی ئەم دیاردەیە بەر پرسن، بە پلەی یەکەم، بەخێوکەران، بەداخەوە رەنگە بەشێکی زۆربوونی ئەم دیاردەیە، پەیوەندی بەوەوە هەبێت دایک و باوکی قوتابی و خوێندکار، بیانەوێت منداڵەکانیان لەکۆڵ خۆیانیان بکەنەوە، کە ئەمەش مەترسیدارە.!
بە پلەی دووەم، وەزارەتی پەروەردەو دەزگا خۆجێیە پەروەردەییەکان، دەبێت بەرنامەو پلانێک تایبەت بەم دیاردەیە هەبێت، بێ فلتەر و بێت چاودێر نەبێت.
ئەگینا ئەوەی باجەکە دەدات، پێش هەمووان پەروەردەیە، چونکە ئەمە دەبێتە بێ بەهاکردنی قوتابخانەو خوێندنگەکان، پاشان مامۆستایان بەشێوەیەکی گشتيی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عیماد مهحمود