هاوژین عومه‌ر كه‌ریم 14/12/2024 262 جار خوێنراوەتەوە

گرفتەکە تەنها مووچە نییە

لەم هەرێمەی ئێمەدا گرفتەکە هەر ئەوە نییە حکومەت و دەسەڵاتی کوردیی بێباک و خەمساردن و مووچە دابەش ناکەن و خۆیان بە بەرپرسیار لە ژیان و گوزەرانی خەڵک نازانن، گرفتەکە هەر ئەوەش نییە کە ئەوان تەنها و تەنها کاریان بووە بە دزینی سامان و موڵک و ماڵی خەڵک..

بەندە پێم وایە هیچ شتێک لەوە قورستر نییە لەسەر دڵ و دەروونی خەڵک، کە سەرباری تووڕەیی و پیشخواردنەوەیان و سەرباری ئەو دۆخە نەخوازراوەی بۆیان دروست کراوە، کەچی دەموچاوە ناشرین و قێزەونەکانی وەکو فڵان و فیسار شەوانە بێنە سەر شاشە و بە ناوی حکومەتەوە لێدوانیان بۆ بدەن و لە پای دواکەوتنی بێپاساوی مووچە، پاساو بۆ شکستی دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتی بهێننەوە.

سروشتی ژیان وەهایە؛ کاتێک کەسێک زیانێکی ماڵیی، یان گیانیی پێ دەگات، چەند پیاوێکی ماقووڵ و قسەزان و خاوەن کەسایەتیی بەهێز دەکەونە نێوەندگیریی و زۆر جار بە هۆی پێگە و ڕۆڵی ئەو پیاوباشانەوە، بابای زیانلێکەوتوو دەستبەرداری مافەکانی خۆشی لە لایەنی بەرانبەر دەبێت و هیچ قەرەبوویەک داوا ناکات، بەڵام لەم بابەتەشدا حکومەت و دەسەڵاتی کوردیی، پێچەوانەی سروشت و ئاڕاستەی ڕووداوەکان ڕەفتار دەکەن، مووچە و مافەکانت زەوت دەکەن، کەچی کەسی سووک و بێئەرزشیش دیاریی دەکەن لەگەڵت بدوێت و لێدوانت بۆ بدات و قەناعەتت پێ بهێنێت!

هەموو جارێک کە ئەو دەموچاوانە دەبینم لە سەر شاشە و بێباکانە باس لە ژیان و گوزەرانی خەڵک و کاروباری گشتی ئەکەن، یان کە خەڵک چاوەڕوانی هەواڵی مووچە و شایستە داراییەکانی خۆیان ئەکەن، کەچی ئەوان هێرش دەکەنە سەر یەکتر و بەغدا و غەیری خۆیان بەو بابەتە تاوانبار ئەکەن، ئەو فەرموودەیەی پێشەوای سەروەرمانم بیر دەکەوێتەوە (د.خ) کە دەفەرموێت:
(سيأتي على الناس سنوات خداعات يصدق فيها الكاذب، ويكذب فيها الصادق، ويؤتمن فيها الخائن، ويخون فيها الأمين، وينطق فيها الرويبضة. قيل: وما الرويبضة؟ قال: الرجل التافه يتكلم في أمر العامة.[زيادات الجامع الصغير للسيوطي].
بە کورتی و بە کوردیی؛ (رويبضة) واتە: (ئەو کەسە سووک و هیچانەی شتبەدەستن و قسە لە کاروباری گشتیی ئەکەن)..
هەر بەم فەرموودە شیرینەی سەروەرماندا دەبێت بزانین کە لە سایەی ئەم جۆرە لە دەسەڵات، هیچ شتێک لە شوێنی خۆیدا نەماوە و ئەمانەی ئێستا کاروباری گشتیی ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبەن، شیاوی ئەوە نین فەرمانبەرێکی ئاسایی بن نەک سەرۆک و وەزیر و گزیر و وتەبێژ!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا