هاوژین عومهر كهریم
17/08/2019
652 جار خوێنراوەتەوە
لە بارەی هەڵەی وتاربێژان و هێرشی نەیارانەوە!
هەروەکو چۆن پێویستە
میدیاکار و ڕۆژنامەنووس لە پاڵ پیشەی ڕۆژنامەنووسییدا شارەزایی تەواو و پێویستیان لە
یاسا و یاسای ڕۆژنامەنووسیی هەبێت، بۆ ئەوەی بە ناوی ئازادیی ڕادەربڕینەوە دووچاری
سنووربەزاندنی یاسایی و تەشهیر و ناوزڕاندن و پێشێلکردنی ئادابی گشتی نەبنەوە، بە هەمان
شێوەش مامۆستایانی ئاینی و بانگخواز و وتاربێژان بە ئەندازەی پێویست و لە پاڵ شارەزایی
لە زانستە شەرعییەکان، پێویستە شارەزایی و ڕۆشنبیریی تەواویشیان بە تایبەت لە سێ بوار
و زانستی پەیوەندییدار بە کار و پیشەکەیان هەبێت، ئەوانیش:
ــ یاسا و بڕگە یاساییە
پێویست و پەیوەندییدارەکان.
ــ زانستی کۆمەڵناسیی.
ــ دەروونزانیی.
هەر مامۆستایەکی
ئاینی، یان بانگخواز و وتاربێژێک توانی خۆی بەو زانستانەش تەیار بکات، لە پاڵ زانستە
ئیسلامیی و شەرعییەکاندا، خاوەنی گوتارێکی کاریگەرتر و بیرێکی فراوانتر و دیققەتی زیاتر
دەبێت لە حاڵەتی وتاردان و خستنەڕووی بۆچوونەکانی و قسەکردنی لەسەر دیاردە و قەیرانە
کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و هتد..
بە پێچەوانەشەوە،
هەریەک لەو کارەکتەرە ئاینییانەی سەرەوە، نەیتوانی خۆی بەو زانستانە تەیار و پڕچەک
بکات، ئەوا لە زۆر حاڵەتدا دەکەوێتە هەڵەی گەورەوە و دەبێتە پارێزەرێکی خراپی ئیسلام
و خۆشی ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئیداریی دەکاتەوە، هەروەک ڕوویەکی ناشارستانیی
ئیسلام و مسوڵمانانیش پیشانی دەرەوەی خۆی دەدات، بە تایبەت کە لە ئێستادا دەیان میدیا
و ڕێکخراو و لایەنی نەیار بە دنیای ئیسلام و مسوڵمانان هەن و لە کەمیندان بۆ هەر هەڵەیەکی
کارەکتەرە ئاینییەکان، جا ئەو کارەکتەرانە بانگخواز و مامۆستای ئاینی بن، یان سیاسیی
ئیسلامیی، یان نوخبەی ڕۆشنبیر و ئەکادیمیی ئیسلامیی، یان هتد.. زۆرجار لە لایەن ئەو
کەسایەتی و ڕێکخراو و میدیا نەیارانەوە، هەر هەڵەیەکی کارەکتەرێکی ئاینی و ئیسلامیی،
لەسەر ئیسلام ئەژمار دەکرێت و دەکرێتە بەهانە بۆ هێرشکردنی ناڕەوا بۆ سەر ئاین و پیرۆزییەکانی
مسوڵمانان..
ئیسلام هەمووی جوانییە،
دەقەکانی پڕن لە بەها شارستانی و ئینسانییەکان، هەر مسوڵمانێک نەیتوانی ئەو جوانییانە
وەکو خۆیان پیشانی کۆمەڵگە و دەوروبەر بدات، ئەوە مسوڵمانێکی تەواو و پێوانەیی نییە
و بە تەواویی لە ئیسلام نەگەیشتووە.. هەر نامسوڵمانێکیش بەدەر لە ڕەچاوکردنی ئەو جوانییانەی
ئیسلام، قسەی لە هەڵە و کەموکورتیی مسوڵمانان کرد و تەجاوەزی بەرانبەر خودی ئیسلام
کرد، ئەوە نە ڕەخنەگرێکی بابەتییە، نە کەسێکی ڕۆشنبیر و شارەزاشە، بەڵکو تەنها کەسێکی
نەشارەزا و قینلەدڵە و لە بەهانەیەکی بچووک دەگەڕێت بۆ تەجاوەزکردنە سەر ئیسلام و پیرۆزییەکانی
مسوڵمانان!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هاوژین عومهر كهریم