هاوژین عومهر كهریم
06/04/2022
255 جار خوێنراوەتەوە
دەسەڵاتی کوردیی؛ دەعبایەکی بێوێنە
سروشتی ھەموو تاک و گرووپ و کۆمەڵێک وەھایە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان، یان لە وێستگەیەکی دیارییکراودا، بە ھۆکاری جیاجیا، دەگەنە ئەو بڕوایەی دەبێت موڕاجەعەی خۆیان بکەنەوە، ھەڵەکانیان وەلا بنێن و پێداچوونەوە بە دید و ھەڵوێست و ھەڵسوکەوتیاندا بکەن، ڕێچکەی ڕاست و تازەتر لە پێناوی بەردەوامبووندا، بگرنە بەر.
جاری وا ھەیە تاکەکان بە ڕووداوی لەناکاو، سەرلەبەری تێڕوانینیان بۆ ژیان و دەوروبەر و خودی خۆشیان گۆڕانکاریی بە سەردا دێت و دەبنە کەسێکی دیکەی زۆر جیاواز لە ڕابردوویان. جاری واش ھەیە ھێزە سیاسییەکان، حکومەت و ڕژێمە جیاوازەکان، گرووپە فیکرییەکان و ھتد، واقیع و دەوروبەر، شکستی پڕۆژە، یان ناکارایی بەرنامە و ھەڵوێست و دیدگاکانیان دەسەلمێنن، ناچار پڕۆسەی بەخۆداچوونەوە و خۆداماڵین لە بیر و جووڵەی بەسەرچوو دەست پێدەکەن، دەیان کۆنگرە و گردبوونەوە بۆ نوێبوونەوە ساز دەکەن، خۆیان لە قەیرانی نەمان و لاوازبوون قوتار دەکەن.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەو دەعبایەیە کە پێی دەوترێت حکومەت و دەسەڵاتی کوردیی لە ھەرێمی کوردستان، ئەم دەسەڵاتە وا دیارە لە دەرەوەی واقیع و مێژووش دەژی، زۆر بە ئەستەم ھاوشێوەیەکی لە دنیادا دەدۆزیتەوە. ئەمانە زیاتر لە سی دانە ساڵە بە یەک شێواز ھەرێم بەڕێوە دەبەن، ھەموو پێوەر و پێودانگەکانیش شکست و ناکارایی و سواویی ئەم جۆرە بەڕێوەبردنەیان سەلماندووە، بگرە لەوە خراپتریش، سەرباری ئەوەی ئەزموونەکەیان ھەمیشە بەرەو دواوە پەرەدەسێنێت و دوێنێی لە ئەمڕۆی باشتر بووە و ھەموو دنیا ھۆشدارییان دەدەنێ و باس لە مەترسیداریی کارەکانیان دەکەن، کەچی نەمان بینی ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕابچەنن و دان بە شکستی خۆیاندا بنێن و بەخۆدا بچنەوە، ھەڵوەستەیەک لە تەک سێ دەیەی دەسەڵاتی خۆیاندا بکەن، ھەڵەکانیان وەلا بنێن و ڕاستیان بکەنەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە؛ خۆیان و کۆیلە و دابەستەکانیشیان، ھەمیشە سەرقاڵی جوانکاریی و مەیکەپن بۆ ئەم دەعبا ناشیرینە، لەسەر خراپە و وێرانکاریی زیاتر بەردەوام دەبن، تازە بە تازەش سەرقاڵی شەڕی بەرژەوەندییە تایبەتی و بنەماڵەیی و حەزە شەیتانییەکانی خۆیانن لەسەر حیسابی قوت و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی خەڵک.
بە ڕووی نەیار و ڕەخنەگرانیاندا ھەڵدەشاخن و بەردەوام و زۆر بە لەخۆبایی و لەخۆڕازیی و بێشەرمانە، تەشھیر و لاقرتێ بە ھەر کەس و لایەنێکی دڵسۆز و خەمخۆر دەکەن کە داوای گۆڕانکاریی و بەخۆداچوونەوەیان لێ دەکەن، لە ھەموو کەس بێمنەتن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش لەسەر ملھوڕییەکانیان سوورتر دەبن، کەیفیان بە کەسی شەریف و دڵسۆز و ساغ نایەت، عاشق بە کۆیلە و ماستاوچی و لەشفرۆش و زیممەفرۆشەکانن.
ملھوڕیی ئەوان ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەمانە ھیچ ئەگەر و نیازێکی خێریان تێدا نەماوە، ھەروەک ھیچ ئامانجی خێریشیان بەم دەسەڵاتەی خۆیان نییە، پێناچێت ڕۆڵی زۆریشیان مابێت لە شانۆی سیاسەت و بەڕێوەبردندا، چونکە سووربوونیان لەسەر خراپەکاریی و ملھوڕیی، زۆر زیاتر لە لەناوچوون نزیکیان دەکاتەوە، مێژوو و ئەزموونیش ئەوەیان سەلماندووە، ئەوەی بە خۆیدا نەچێتەوە، ئەستەمە بتوانێت بەردەوام بێت و بمێنێتەوە!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هاوژین عومهر كهریم