هاوژین عومه‌ر كه‌ریم 28/12/2022 162 جار خوێنراوەتەوە

سودانی و دوو مانگ لە تەمەنی حکومەتەکەی

ئەوەی تا ئێستا بەڕێز موحەممەد شیاع سودانی و کابینەکەی لە ماوەی (٦٠) ڕۆژی دەستبەکاربوونیاندا تیایدا سەرکەوتوو بوون، تەنھا دوو خاڵ بووە:

یەکەم: دوورخستنەوە و تۆڵەسەندنەوە لەو کەسانەی کە موستەفا کازمیی سەرۆکوەزیرانی پێشوو بە مەبەستی دروستکردنی دەوڵەتێکی قووڵ لە بەرژەوەندیی خۆی، لە پێگە ھەستیارەکان چاندبوونی و دایمەزراندبوون. دەوڵەتە نیمچەقووڵەکەی کازمییان ھەڵتەکاند و دەوڵەتە قووڵەکەی خۆیان قووڵتر کردەوە!

دووەم: بەحزبییکردنی سەرتاپای حکومەت و بەخشینەوە و دابەشکردنی پۆست و پشک و بەش بە سەر ئەو کوتلە و لایەنانەی حکومەتەکەیان دروست کرد و بوونە پێکھێنەریی. کە بێگومان ئەمە ڕۆڵ و پێگەی خودی سودانیش وەکو سەرۆکوەزیران لاواز دەکات. ئێستا حکومەت دوو سەرۆکی ھەیە، یەک؛ مالیکی و دوو؛ سودانی!

بە واتایەکی دیکە؛ تا ھەنووکە حکومەتەکەی سودانی تەنھا خزمەتی بە حزب و کوتلە سیاسییەکانی نێوی کردووە و نەیپەرژاوەتە سەر خزمەتی خەڵک و ھاووڵاتیان، کارەکانی دوو مانگی تەمەنیشی، ھیچ بارگرانییەکیان لەسەر شانی ھاووڵاتیان سووک نەکردووە، ئەگەر قورسیان نەکردبێت، لە کاتێکدا دەبوو بەڕێز سودانی زۆر باش ئەوەی لە بیردا ھەبوایە؛ کە حکومەتەکەی بەڕێزیان لە دوای تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکی توندی جەماوەریی و ھەروەھا کێشمەکێش و قەیرانێکی سیاسیی قووڵ ھاتووە، دۆخەکەی زۆر ھەستیار و ناسکە و ڕەنگە بەرگەی ڕەشەبایەکی قایمی سیاسی و جەماوەریی نەگرێت!

* ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٢/١٠/٢٧ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بە حکومەتەکەی سودانی بەخشی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا