هاوژین عومه‌ر كه‌ریم 31/03/2020 910 جار خوێنراوەتەوە

کەمکردنەوەی مووچە و ئەرکی حزبەکانی دیکە

بە پێی زانیارییەکان، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە دوایین کۆبوونەوەی خۆی بڕیاری داوە، شاندێکی حکومیی پێکبھێنێت بۆ سەردانییکردنی لایەنە سیاسییەکان، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵیان بۆ چۆنێتیی چارەسەری قەیرانی دارایی و کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆران.

لە حاڵەتی ڕوودانی ئەو کارە و پێکھێنانی ئەو شاندە حکومییەدا، دوو سەرنج دەخەمە بەردەم ئەو ھێزە سیاسییانە:

سەرنجی یەکەمم بۆ ئەو ھێزانەی وەکو کۆمەڵ و یەکگرتوو و ھاوشێوەکانیانە، کە ھەر لە بنەڕەتەوە بەشداریی ئەم حکومەتەیان ڕەت کردەوە و موقاتەعەیان کرد.. پێشنیاز دەکەم بە ھیچ شێوەیەک ئامادەی پێشوازییکردن لە وەھا شاندێک نەبن و گوێشیان بۆ نەگرن.. ئێوە کە بەشدار نین لە حکومەت و دەسەڵات و کەموکورتییەکانی ئەم ھەرێمە، ئیدی چ پێویست پێویست بەوە دەکات لەم شەڕەدا خۆتان بکەنە شەریک و باجی ناڕێکی و ھەڵەکانی ئەوانی دیکە بدەن؟!

سەرنجی دووەمیشم بۆ ئەو ھێزانەی وەکو یەکێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕانە.. ئەگەر ئێوەی بەشدار لە پێکھێنانی کابینەی ئێستادا، پێتان وایە ھاوبەش و شەریکی ڕاستەقینەی حکومەت و دەسەڵاتن و ئاگاداری ھەموو دۆسیەکانی وەکو نەوت و داھاتەکانی ترن، ئەوا لە ڕووی ئەخلاقی سیاسییەوە ھیچ ڕەوا نییە لەم ساتەوەختەدا دەستی پارتی دیموکرات بەربدەن و بە تەنھا بیھێڵنەوە و خۆتان لە گرفتەکان بەریی بکەن!

ئەگەریش پێتان وایە ئەوان تا ئێستاش نەیان کردوونەتە شەریک و ھاوبەشی ڕاستەقینەی دەسەڵات و تەنھا بەشدارێکی ئاسایی حکومەتن و پارتی ھەموو سامان و داھاتەکانی ھەرێم تەحەکوم پێوە دەکات (ھەروەکو خۆتان ڕایدەگەیەنن)، ئەوا لۆژیک و عەقڵانییەتی سیاسیی و بەرژەوەندیی جەماوەریی خۆشتان ڕێگەتان پێنادەن بەرمەبنای واقیعێکی نادیار، بەشداریی پڕۆسەیەکی مەترسیداری وەکو لێبڕین و کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانی خەڵک بکەن.. چۆن بەم ھەنگاوە دەست پێدەکەن، لە کاتێکدا تا ئەم تەمەنەی کابینەکەش، نەتانتوانیوە بەڵێنەکانی خۆتان ببەنە سەر و ھیچ چاکسازیی و ڕیفۆرمێک لە ھیچ سێکتەرێکدا بە پایان بگەیەنن؟!

ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کوردستان، بە ھەردوو پۆلێنەکەی سەرەوە، لەم دۆسیە و لەم ھەنگاوە مەترسیدارەدا، ئەرکی سەرشانیانە خاوەن فشاری ڕاستەقینە و ئیجابیی بن بۆ سەر دەسەڵات و بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نەدەن قەیرانی دارایی، وەکو دەرھاویشتەیەکی گەندەڵی و ناشەفافییەت و بەتاڵانبردنی سامانی گشتیی، لەسەر حیسابی ماف و قووتی خەڵکی چارەسەر بکرێت، بۆ چارەسەری گرفتی مووچە و قەیرانی دارایی، پێویستە ئەو لۆدە لەسەر خەزێنەی ھەرێم ھەڵبگیرێت، کە ساڵانێکی زۆرە مووچەخۆرانی بندیوار و فەزاییەکانی کوردستان دروستیان کردووە، نەک بە پێچەوانەوە!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا