هاوژین عومهر كهریم
23/03/2020
1043 جار خوێنراوەتەوە
شەڕێکی نابەرپرسیارانە
لە ھەڵمەتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا
و مەترسییەکانی، ئەوانەی فەزڵی گەورەیان ھەیە و لەڕیزەکانی پێشەوەی ئەو جەنگەدان،
پزیشک و کارمەندە ئەمنی و تەندروستییەکان و بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانن لە سەرتاسەری
ھەرێمی کوردستاندا، لەگەڵ ئەوانیشدا، بەشێک لە خێرخواز و سەرمایەدار و دامودەزگا خێرخوازییەکان.
بە واتایەکی تر؛ لۆدی ھەرەگەورەی ھەڵمەتەکانی بەرگرتن
و ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا، لەسەر دامودەزگا و بەرپرسە خۆجێییەکانە، نەک دەسەڵاتی
مەرکەزیی و حکومەتی ھەرێم، حکومەتی ھەرێمیش واتە حزبی حاکم و دەسەڵاتدار، کە جگە لە
پێدانی ڕێنمایی و ئامۆژگاریی زارەکیی، ھیچ ھەوڵێکی جددی و کرداریی ئەوتۆی لێ نەبینراوە،
مەبەستیش لە ھەوڵی کرداریی لێرەدا، بریتییە لە دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ دابەشکردنی
مووچەی فەرمانبەران، بڕیاردان و تەرخانکردنی بودجەیەکی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی
نەخۆشییەکە، دروستکردنی نەخۆشخانەی پێویست، بڕیاردانی دەرماڵەیەکی زیادە و پێویست
بۆ ئەو کادرە تەندروستی و ئیداریی و ئەمنییانەی بەشێک لە ئەرکی ھەڵمەتەکەیان کەوتۆتە
ئەستۆ.
سەرباری ھەموو ئەو کەمتەرخەمییانەش، کەچی بەشێک
لەو حزبانەی دەسەڵات، لە ڕێگەی میدیا و سۆشیالمیدیا دابەستەکانیانەوە، شەڕی ناوچەگەریی
و دەرمارگیرییانە و نابەرپرسیارانە لەگەڵ بەشێک لە دەزگا خۆجێیی و بەرپرسەکانیان دەکەن،
لە پای جووڵە و چالاکی و ئەو بەرەوپێشچوونانەی لە ھەڵمەتەکەدا تۆماریان کردوون، ئەمە
جگە لەو شەڕە سیاسی و حزبییەشی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی
دەسەڵات ڕوویان دا.
دەسەڵات و حکومەتی ڕاشید ئەو دەسەڵات و حکومەتەن
کە لە کاتی سەرھەڵدانی ھەر قەیرانێکی لەناکاو و ھاوشێوەی نەخۆشیی کۆرۆنادا، بە دوو
خاڵدا دەناسرێنەوە: یەکەمیان بوونی ژێرخان و پایە و ئامادەیی تەواو بۆ ھەر ڕووداو
و پێشھاتێکی لەناکاو.. دووەمیشیان ھەڵسوکەوتی بەرپرسیارانە و پێویست لە کاتی ئاسایی
و نائاسایی و قەیرانەکاندا.
ئێستا ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی دەسەڵات و
حوکمڕانەکانی، خاوەنی کەمتەرخەمیی زۆرە سەبارەت بەو دوو خاڵەی سەرەوە، قەیرانێکی گەورە
و مەترسیداری وەکو نەخۆشیی کۆرۆنا، پێویستە ببێتە وێستگە و خاڵی وەرچەرخانی گرنگ بۆ
ئەم دەسەڵاتەی ھەرێم، بە ئاڕاستەی بەخۆداچوونەوە و دوورکەوتنەوە لە مامەڵە و شەڕی
نابەرپرسیارانە!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هاوژین عومهر كهریم