هاوژین عومه‌ر كه‌ریم 30/08/2019 610 جار خوێنراوەتەوە

دیدێکی دروست بۆ هەنگاوە سیاسییەکانمان

هاوژین عومەر

 کاری سیاسیی ئیسلامیی و هەنگاوە سیاسییەکانمان، مەحکومن بە بەجێهێنان و چەسپاندنی بەرژەوەندییە شەرعییەکان. سیاسەتکردن وابەستەی مەقاسیدی شەریعەتە، هەر کار و هەنگاوێکی سیاسییمان چەسپاندنی مەبەست و بەرژەوەندییەکی شەرعیی لێ وەبەر هات، ئەوە دروست و ڕەوایە، ئەوەشی پێچەوانە بوویەوە، نادروست و ناڕەوایە و کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی ئیسلامیی لەسەر سکەی خۆی لادەدات.. مەبەستەکانی شەریعەتیش لە خزمەتی (خودی مرۆڤ، پەیوەندیی ئیجابیانەی نێوان خودا و مرۆڤ، مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و دەوروبەر) تەواو دەبن..
ئەو ڕاستییەی سەرەوە پێمان دەڵێت کە کاری سیاسیی ئیسلامیی دەستکراوەیی زیاتری تێدایە، دەبێت هەمیشە لە خزمەتی ئازادییە گشتییەکان و بەختەوەریی مرۆڤ و دەوروبەریدا بشکێتەوە.. ناکرێت لە چالاکی و هەنگاوە سیاسییەکاندا، هەر لە ڕێگەوە و دوور لە مەنهەجیەت و میتۆدی زانستییانە، بە هەوەسی شەخسیی و دیدی سەتحییانە، بە زمانی گوناهبارکردن لەگەڵ یەکدیی بدوێین و بیرکردنەوە و جووڵە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی یەکدیی هەڵبسەنگێنین، وەک ئەوەی برا و خوشکانی دیکەمان هیچ لە ئیسلام و حەڵاڵ و حەرامەکانی شارەزا نەبن، یان وەک ئەوەی سیاسەتکردنی ئیسلامیی لە بازنەی نەگۆڕەکان بێت و حوکمی کۆتایی لە بارەوە درابێت..
کەسێک زۆرینەی ساڵەکانی تەمەنی لە نێو کار و پڕۆژەی ئیسلامییدا بەڕێ کردبێت، دەبێت زۆرباش لە حەرام و قەدەغەکراوەکانی گەیشتبێت، هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەی لێ نەکرێت ئەو حەرام و قەدەغەکراوانە تێپەڕێنێت..
مامەڵەکردنمان لەگەڵ یەکتر، مامەڵەکردنمان لەگەڵ کەسانێک نییە کە ئەمڕۆ و دوێنێ مسوڵمانبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.. هەربۆیە، لە ناو کار و پڕۆژەی ئیسلامییدا، کەسانێک، یان گرووپێکی دیارییکراو، بۆیان نییە ئەو مافە بە خۆیان بدەن، کە تەنها ئەوان نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی ئیسلام و شرۆڤە و لێکدانەوەکان بۆ ئیسلام دەکەن، لە کاتێکدا خودی پڕۆژە ئیسلامییەکە، خاوەنی زۆرێک کەسایەتیی زانستیی و فیکریی هەڵکەوتوو بێت و دیدگا و لێکدانەوەی دیکەی تێدا هەبێت!
ئێمە لەبری توێکارییکردنی گوفتار و کردەوەکانی یەکتر و مافبەخۆدان بۆ ئەوەی تۆمەت و پلەبەندییەکانی وەکو (فاسق، لادەر، ئیمانلاواز، موحافیزکار، نەرمڕەو و شلڕەو، نەشارەزا لە ئاین) بەسەر خوشک و براکانماندا ببەخشینەوە، تەنها لەبەر ئەوەی تێگەیشتنی جیاواز لە ئێمەیان بۆ دەقێک، یان ڕووداوێک هەیە.. لەبری ئەو حوکمدانە، پێویستمان بەوە هەیە ڕێز لە بیر و تێگەیشتن و لێکدانەوە دروستەکانی دیکەش بگرین، دەروونی خۆشمان لە (خۆپەرستیی، ناوچەگەریی، بەرژەوەندخوازیی، ئیزدیواجییەت و دووڕوویی ئیداریی و بزاڤیی، ناعەدالەتیی و هتد) پاک بکەینەوە، ئەگەر هەبن..
ناکرێت بە نوێنەرایەتیی ئیسلام حوکمی کۆتایی لە تێگەیشتن و هەڵسوکەوت و گوفتاری خوشک و براکانت بدەیت، بەڵام بۆ خۆت لەو ئاستەدا نەبیت، یان بە تێگەیشتنێکی بەرتەسک و باکگراوەندێکی کۆمەڵایەتیی جیاوازەوە، ئیسلام گرفتاری داخران و وێنایەکی چەقبەستوو، یان گرفتاری توانەوە و بێپەرژینیی بکەیت بە ناوی کرانەوەوە، بتەوێت هەموانیش پابەندی تێگەیشتن و بیرەبۆچوونەکانی خۆت بکەیت..
بەرەوپێشچوون و فەڕی کاری ئیسلامیی، بە ناخی پاک و دیدگای دروست و دڵسۆزیی و قوربانییدانی ڕاستەقینە و بەرقەرارکردنی دادگەریی و نەبوونی دەردە کۆمەڵایەتی و خووە ناپەسەندەکان دەبێت، نەک پێچەوانەکانیان.
(والله أعلم).


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا