هاوژین عومه‌ر كه‌ریم 28/07/2020 638 جار خوێنراوەتەوە

پەیامێک بۆ بێئەسڵوفەسڵەکان

زانا و کۆمەڵناس و عەللامەی گەورەی ئیسلام عەبدوڕڕەحمان ئیبن خەلدون (١٣٣٢- ١٤٠٦ز) دەڵێت: "لا تُولُّوا أبناء السَّفَلة والسّفهاء (الذين لا أصل لهم) قيادة الجنود ومناصب القضاء وشؤون العامّة، لأنّهم إذا أصبحوا من ذوي المناصب، اجتهَدوا في ظلم الأبرياء وأبناء الشرفاء وإذلالِهم بشكل متعمَّد، نظراً لشعورِهم المستمر بعقدة النقص والدونية التي تلازمهم وترفض مغادرة نفوسهم، مما يؤدّي في نهاية المَطاف إلى سقوط المؤسسات والدول"، واتە :"ھیچ کاتێک پێشەوایەتییکردنی سەربازەکان و پۆستەکانی قەزا و کاروباری خەڵکی مەسپێرن بە ھەتیوچە و بێئەسڵوفەسڵەکان، ئەوانە ئەگەر بوونە خاوەن پۆست و پلە و پایە، ئەوا داھێنان دەکەن لە چەوساندنەوەی خەڵکانی بێتاوان و ئەشراف و نەجیبزادەکان و بە دەستی ئەنقەست زەلیلیان دەکەن، ئەویش بە ھۆی ھەستکردنی بەردەوامیان بە گرێی خۆبەکەمزانین و ئەو کەمیی و سووکییەی لە ناخیاندا ھەیە و وەکو لەکەیەک ھەرگیز لێیان نابێتەوە، بێگومان دەرئەنجامی ئەو کارانەشیان بریتییە لە کەوتن و داڕووخانی دامەزراوە و دەوڵەتەکان".

دەکرێت ئەم فەرمایشتەی ئیبن خەلدون لە ئێستادا بۆ دوو مەبەست بەکار بھێنین:

یەکەم: بۆ وەڵامی ئەو بێئەسڵوفەسڵ و ھەتیوچانەی ناو دەسەڵات و پەرلەمان (لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز بۆ ئەوانی دیکەیان) کە سەرباری ئەوەی بوێریی و جورئەتیان نییە بە گەورە و سەییدەکانی خۆیان بڵێن ئێوەن گەندەڵن و بوونەتە مایەی نەھامەتیی بۆ گەل و میللەتێک، کەچی ھاوکات دێن و لە زاری نووسەر و کۆمەڵناسێکی مەزھەبییەوە، بە کەڵەپیاوێکی وەکو پێشەوا عوسمانی کوڕی عەففان دەڵێن گەندەڵ.. کە ئەو باسە و ورووژاندنی گومان بەرانبەر ئەو خەلیفە گەورەیە، ڕیشەیەکی دوورودرێژی ھەیە و ھۆکاری ناپەسەندی مەزھەبی و تائیفیی لە پشتەوەیە و زانایان و مێژوونووسانی ئیسلامیش بە بەڵگەی بنەبڕ ھەڵیان وەشاندۆتەوە!

وتەکەی ئیبن خەلدون پێمان دەڵێت بێئەسڵوفەسڵەکانی ناو دەسەڵات و پەرلەمان جگە لەوەی ھیچ زانیاریی و شارەزاییەکیان نییە لەو بابەتەی دەیورووژێنن و بە بەڵگە بۆ قسەکانیان دەیھێننەوە، ھەمیشەش پیشەیان ھەڵشاخانە بە ڕووی کەڵەپیاوەکاندا، ئەویش بە ھۆی بوونی گرێی خۆبەکەمزانین، کە بە ھۆی کەمی و سووکییانەوە بۆیان دروست بووە، لە پاڵ ڕازییکردنی گەورە و سەییدەکانیان و شاردنەوەی گەندەڵی و خراپەکارییەکانیان و بەرگرییکردنی کوێرانەیان لە ناھەق.

دووەم: ئەو وتەیەی ئیبن خەلدون ئەوەشمان پێدەڵێت دەسەڵاتێک کە لە دەستی بێئەسڵوفەسڵەکاندایە و ئەوان پێکی دەھێنن، ھیچ کات ناتوانێت ژیانێکی خۆشگوزەران و شایستە بۆ خەڵکی دابین بکات، ئەگەر بشتوانن ئەوا ھەر نایکەن، کەسیش لە سایەی ئەو دەسەڵاتەدا شکۆمەندیی پارێزراو نابێت، سەرئەنجامی کارەکانیشیان بریتییە لە ھەڵوەشانەوە و ڕووخانی ئەزموونەکانیان.. ڕابردوو و ئێستاش ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە.

ھەربۆیە مایەی سەرسوڕمانە کەسێک ھەبێت و گومانی لە بوونی خراپەکاریی و گەندەڵیی دەسەڵاتدارانی ئێستا ھەبێت، ھەروەھا سەرسوڕمانەکە زیاتریش دەبێت ئەگەر پێت وا بێت ئەو دەسەڵاتەی ئێستا ئەتوانێت ژیانێکی شایستەت بۆ دابین بکات و مافی زەوتکراوت بۆ بگێڕێتەوە!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا