سه‌ركۆ یونس 03/12/2020 699 جار خوێنراوەتەوە

قردێلـە بڕینی بەرپرسان

سەرکۆ یونس - ئابوریناس

هەرێمی کوردستان بەخەڵک و حکومەتەوە بەبارودۆخێکی هەستیارو پڕمەترسیداردا گوزەر دەکات، باروگوزەرانی خەڵکانی کەمدەرامەت و مووچەخۆران و فەرمانبەران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بەرەو داڕمان دەچێت، کێشەی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی خێزانەکان و کۆچی گەنجان و دەردەدەروونیەکان لە ئاستێکی بەرزی مەترسیدان.

بەڵام کاتێک لە شاشەی تیڤییەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەبینین جەنابی پارێزگار یا وەزیر و بەرپرسی ئیداری و سیاسی قردێلەی کردنەوەی پێشانگای فۆتۆگرافی و ساڵۆنی خانمان و قاوەخانە و کافتریا و نێرگەلەخانە و چێشتخانە دەبڕن، ئیتر هیچ ئومێدێک نابینین بارودۆخە بەرە و باشبوون بڕوات.

لەڕووی ئابوورییەوە کردنەوەی ئەم شوێن و جێگایانە گرنگن بەڵام لە کاتێکدا کە ئابوری وڵات لە به‌رەو و پێشەکەوتندا بێت و هاوڵاتییان لە ئاستی خۆشگوزەرانی نزیک بووبێتنەوە و دیاردەی بێکاری کەمبووبێتەوە، بەڵام لەم باروگوزەرانەدا کە ساڵی دارایی (2020) لەکۆتاییدایە و هێشتا مووچەخۆران و فەرمانبەران و مامۆستایان (4) مووچەی بێ پەڕ و باڵیان وەرگرتووە و لەدوای زیاتر لە (45) ڕۆژ کۆتا مووچەی ئەمساڵ بە لێبڕینی (21%) دەبێت، ئەمە سەرەڕای پاشەکەوتکردنی پێنج مووچەی تەواو بە بیانووی خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخەکە.

ڕێژەی بێکاری بەپێی ئامارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی نزیک بووەتەوە لە (%40)ی کۆمەڵگا.

هەروەها ڕێژەی هەژاری هەتا بێت بەرزتردەبێتەوە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبن و خۆکوشتن و کوشتنی خەڵكانی تر لەزیادبووندایە.

لەلایەکی ترەوە ئەگەر کردنەوەی ئەم جۆرە پڕۆژانە هەندێ کەس دڵخۆش بکات بەڵام بۆ تێگەشتنی گشتی و ڕای شەقام بریتییە لە بێ موبالاتی حکومەت بەرامبەر بە کێشەکانی هاوڵاتییان و هەست نەکردن بە ئەرکە گەورەکە کە بریتییە لە دۆزینەوەی ڕێگاچارەکان.

ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەن بەڕێکەوتن و بەرپرسان چەندان قردێلەی سووری تریش ببڕن ساڵی (2021) خۆشتر نابێت لە (2020) ئەگینا پێمان وایە ساڵی (2021) ساڵی پڕبوونی جامە، کوردیش خۆی باش دەزانێت کە جام پڕ بوو چی لێ دێت..؟

لەکاتێکدا کاری لەپێشینەی ئەم بەرپرس و لێپرسراوانە فەراهەمکردن ودابینکردنی پێداویستیە سەرەکییەکانی کۆمەڵگایە وەک ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیەکان، خەمی گەورەیان دەبێت دابین کردنی نەوت و هەوڵدان بۆ چاکردنی کارەبا و ئاو بێت نەک خۆنمایشکردن لەو چالاکییانەی کە لاوەکی و ناپێویستن و سوودی گشتی تێدا نییە.

ماوەتەوە بڵێن کاتێک مامۆستایەک بەمناڵەکەیەوە دەبینین داوای هاوکاری دەکات و جەنابی پارێزگاریش مقەستی بەدەستەوەیە بۆ بڕینی قردێلەی قاوەخانەیەک یان پێشانگایەک، بێ هیوایەک دروست دەبێت کە ئەوسەری دیار نەبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا