سه‌ركۆ یونس 26/07/2024 140 جار خوێنراوەتەوە

وردە سەرنج لەسەر بڕیاری راگرتنی هەندێک لە باجەکان

حکومەتی ھەرێمی کوردستان، باجی لەسەر چەندین شوێن هەڵگرتووە، بەمانایەکی تر راگرتووە، لەوانە چێشتخانە و نانەواخانەو سەمونخانەو ئوتێلەکان.

بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی حکومەتی ھەرێم، ئامانج لەم راگرتنە سووککرکردنی باری سەرشانی پیشەوەران و خاوەن چێشتخانەو میوانخانەکانە.

بریارەکە، رێژەی 10% باجی سەر فرۆشی چێشتخانەو ئوتێل و نانەواخانەکانەو هەروەها، ڕێژەی 5% باجی سەر نەخۆشخانە و نۆرینگە تایبەتەکان.

گومانی تێدا نییە، ئەم جۆرە بڕیارانە گرنگن و تایبەتن، بەتایبەتی هێشتا بارودۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان شڵۆق و ناجێگیرە، داهاتی تاکەکەس و بودجەی خێزانەکانیش لە ئاستێکی نزمدایە.

ئەم هەوڵە بەناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر بوژانەوە و جموجوڵی بازاڕ، پێشتر ئەم ڕێژەیە لەسەر شانی کریاران و بەکاربەران دەوەستا.

بەشێوەیەکی ئاسایی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم جۆرە باجانە، تاڕادەیەک بازاڕی کار دەجوڵێنێت، بەو پێیەی داهاتی خاوەنکاران تاڕادەیەک زیاد دەبێت، ئەمە هانی خاوەنکاران دەدات، پلان و نەخشەی بوژانەوە و فراوانکردنی پرۆژەو ئیشوکارەکانیان بخەنەگەڕ و هەلی کار هەرچەندە کەمیش بێت دەرەخسێنێت.

بەشێوەیەکی شاراوە، لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان، لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیدایە، پێدەچێت ئامانجی حکومەت و لایەنەپێکهێنەرەکانی ئەم کابینەیە، راکێشانی دەنگی دەنگدەران و هاونیشتیمانیانی هەرێم بێت، بەئامانجی سیاسی.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەدڵنییایەوە هێشتا خۆدزینەوە لەباج دیاردەیەکی بەرچاوە و بنبڕنەکراوە چ بە ڕێگای یاسایی و چ بە شاردنەوەی موڵک و ماڵ و زەویوزار لە لیژنەکانی خەمڵاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکانی باجی دەرامەت.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی حکومەتی ھەرێم، ئەم راگرتنە بەردەوام دەبێت، تا یەککلایکردنەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی باج لەدام و دەزگا فیدراڵییەکان و هەموارکردنەوەی یاساکە، کەواتە بڕیارەکە کاتییە و پێشتر بەڕێنمایی وەرگیراوە.

ئەوەی گرنگترو لەپێشترە، پێویستە حکومەتی ھەرێم، بەشێوەیەکی تەواو باری سەرشانی سەرجەم هاونیشتیمانیان سووکتر بکات، چونکە بارودۆخی بازاڕ خراپەو و ڕێژەی بێکاری بەرزە و کێشەو گرفتەئابووری و داراییەکان هێشتا زۆریان بەچارەسەرنەکراوی ماوەنەتەوە.

لە گەڵ ئەوەشدا، پێویستە لەسەر خاوەنکارو و میوانخانەکان و چێشتخانە و تەنانەت نانەواخانە و سەمونخانەکان، نرخەکانیان داببەزێنن، چونکە لەماوەی دوو سێ ساڵی ڕابردودا، نرخی زۆربەی خزمەتگوزاری و نان و سەموون و نەشتەرگەری لەنەخۆشخانەتایبەتەکانی هەرێمدا زیاد کرا بوو، بەبیانوی زیادبوونی باجەوە.

لە لایەکی ترەوە، پێویستە لیژنەکانی قائیمقامییەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لەشاروشارۆچکەکانی هەرێمدا، هەروەها وەزارەت و دەستەپەیوەندیدارەکانی وەک (گەشتوگوزارو بازرگانی) چاودێری نرخ و کواڵێتی خزمەتگوزاری و بەرهەمی ناوخۆ(نان و سەموون) بکەن بەبەردەوامی لەپێناو خزمەتکردن بەهاونیشتیمانیان.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا